ئەندرۆید

گووگڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری Android Q ـی ڕاگەیاند

کۆمپانیای گووگڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری لە سیستەمی Android Q ڕاگەیاند، هاوکات چەند تایبەتمەندییەکی نوێی سیستەمەکەی ئاشکرا کرد.

گووگڵ لە پەڕەی گەشەپێدەرانی ئەندرۆید وەشانە نوێیەکەی ئەندرۆیدی ڕاگەیاند. وەشانە نوێیەکەی ئەندرۆید زیاتر پارێزراوە، خاوەن تایبەتمەندی زیاترە لە گشت بەشەکان و زیاتر گونجێندراوە لەگەڵ مۆبایلە چەماوەییەکان.

لە Android Q ـدا، بەکارهێنەران بژاردەی زیاتریان دەبێت لە بەخشینی مۆڵەتی ناونیشان بە ئەپەکان، وەکو پێدانی مۆڵەتی بەخشینی ناونیشان تەنها لە کاتی بەکارهێنانی ئەپەکە یاخود بۆ هەموو کاتێک.

لە وەشانە نوێیەکەی ئەندرۆیدا، گووگڵ چارەسەری کێشەی خاوی چالاکی بەشی هاوبەشیپێکردنی کردووە، ئەویش بە زیادکردنی لیستێکی نوێ بە ناوی Sharing Shortcuts.

لەگەڵ نەمان یاخود پچڕانی پەیوەندی ئینتەرنێتدا لە نێو وێبگەڕەکاندا، ڕاستەوخۆ بەشی ڕێکخستنەکانی پەیوەندییە ئینتەرنێتییەکانت بۆ دەکرێتەوە کە دەتوانیت بە ئاسانترین شێوە چارەسەری نەمانی ئینتەرنێت بکەیت، ئەمەش بە پەیوەستبوون بە ئینتەرنێتێکی نوێوە.

یەکەمین وەشانی تاقیکاری Android Q لە ئەمڕۆوە بۆ سەرجەم ئامێرەکانی Google Pixel بەردەست دەکرێت. خاوەن ئامێرەکانی Google Pixel پێویستە لێرەوە خۆیان تۆمار بکەن بۆ بەدەستخستنی یەکەمین وەشانی تاقیکاری لە ئەندرۆیدە نوێیەکە. وا بڕیارە 6 وەشانی تاقیکاری لە ئەندرۆیدە نوێیەکە بڵاوبکرێتەوە و لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا کۆتا وەشانی تاقیکاری لێ بەردەست بکرێت.

گووگڵ لە کۆنگرەی Google I/O 2019 ـی ئەمساڵیدا وەشانی نوێی ئەندرۆید بە ناوی Android Q نمایش دەکات و تایبەتمەندییەکانی دەناسێنێت. وا بڕیارە کۆنگرەکە 7 بۆ 9 ـی مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە :
14 ئازار، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
930