10
گەرمترین 28, ئاب 2019 بۆچوون

گووگڵ: مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 و Mate 30 Pro بەبێ هەبوونی کۆگای Google Play و خزمەتگوزارییەکانی گووگڵەوە بەردەست دەکرێن

کۆمپانیای هواوەی لە ئامادەکاریدایە تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 و Mate 30 Pro نمایش بکات. بەڵام وا دیارە هەواڵەکان بۆ کۆمپانیا چینییەکە باش نین و پێویست دەکات سیستەمەکەی خۆی بۆ مۆبایلە نوێیەکانی داهاتووی بەکاربهێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Reuters، وتەبێژێکی کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاندووە کە مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 و Mate 30 Pro مۆڵەتی بەکارهێنانی کۆگای Google Play وەرناگرن و بەبێ کۆگای Google Play و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی کۆمپانیای گووگڵەوە دەفرۆشرێن بە هۆی سزاکانی حکومەتی ئەمریکاوە لە ماوەی ڕابردوودا.

لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا بەڕێز Richard Yu بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هواوەی ڕایگەیاند کە مۆڵەتی بەکارهێنانی کۆگای Google Play ـیان پێ نەبەخشراوە لە لایەن گووگڵەوە بۆ مۆبایلی Mate 30 لە پێش سەپاندنی سزاکانەوە. هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەگەر سزاکانیان لەسەر لانەچێت، بە ناچاری سیستەمی Harmony بۆ مۆبایلە نوێیەکانی داهاتوویان بەکاردەهێنن.

ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە پێدەچێت هیچکام لە مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 و Mate 30 Pro خاوەن سیستەمی Android نەبن. هەروەها ڕەنگە هاوشێوەی مۆبایلی Honor 20 Pro، کۆمپانیا چینییەکە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 و Mate 30 Pro ـیش بۆ ماوەیەکی نادیار دوا بخات تاوەکو بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات لە بارەی بەکارهێنانی سیستەمی Android.

ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی ئەمریکا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی وڵاتەکەیەوە سزای کۆمپانیای هواوەی داوە و کۆمپانیاکەی خستە لیستی ڕەشی وڵاتەکەیەوە. لە ڕابردوودا بەڕێز ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی سزاکان لەسەر هواوەی لادەبات، بەڵام دۆخەکە لەو شێوەیە ناچێت و وا دیارە سزاکان لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لانابرێن لەسەر کۆمپانیا چینییەکە.

هەروەها خوێنەربە:

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ