سیستەمی وەگەرخەر

هواوەی سیستەمی کارپێکەری HarmonyOS ـی بۆ مۆبایل و تەلەفزیۆنە زیرەکەکان ڕاگەیاند

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی گەشەپێدانی هواوەی 2019 لە شاری Dongguan ـی وڵاتی چین، کۆمپانیای هواوەی سیستەمی کارپێکەری HarmonyOS (بە چینی: HongmengOS) ـی ڕاگەیاند.

کۆمپانیای هواوەی دەڵێت سیستەمی HarmonyOS توانای دەبێت لەسەر ئامێرە جیاوازەکانی وەک مۆبایلەکان و تەلەفزیۆنە زیرەکەکان و کۆمپیوتەرەکان و بڵندگۆ زیرەکەکان و سەکۆیەکانی ئۆتۆمبێل و ئامێری زیاتر کار بکات. لە سەرەتادا یەکەمین وەشانی سیستەمەکە بە تەنها پشتگیری لە تەلەفزیۆنە زیرەکەکان دەکات، لە وەشانەکانی 2.0 لە ساڵی 2020 و 3.0 لە ساڵی 2021 ـدا، سیستەمەکە توانای ئەوەی دەبێت لەسەر هەر یەکە لە ئامێرەکانی کۆمپیوتەرەکان و بڵندگۆکان و ئۆتۆمبێلەکان کار بکات. هەروەها لە داهاتوودا سیستەمەکە پشتگیری لە ئامێری زیاتر دەکات.

هواوەی دەڵێت لە سەرەتادا سیستەمەکە بە تەنها لە ناوخۆی وڵاتی چیندا بەردەست دەکرێت، لە پاشان بۆ سەرتاسەری جیهان بەردەست دەکرێت. سیستەمەکە بنچینەکراوی تەکنەلۆژیای Microkernel ـە هاوشێوەی سیستەمی داهاتووی گووگڵ بە ناوی Fuchsia OS. گەشەپێدەران دەتوانن لە سیستەمەکەدا بە هەر یەکە لە زمانەکانی C و ++C و Java و Kotlin نەرمەکاڵا درووست بکەن، هەروەها هواوەی SDK ـی تایبەت بە سیستەمەکە بۆ گەشەپێدەران بەردەست دەکات. هواوەی دەڵێت سیستەمەکە پشتگیری لە پەیوەستبوونی Root ناکات بە هۆکاری مەترسی ئاسایشی کە لە سیستەمی Android و سیستەمە بنچینەکراوەکانی دیکەی Linux ـدا بوونیان هەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هواوەی لە پلانیدایە لە داهاتوودا سیستەمەکە بە شێوەی سەرچاوە کراوە بەردەست بکات.

بەردەستکردنی ئەم سیستەمە لە کاتێکدا دێت کە هێشتا هواوەی لە لیستی ڕەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماوەتەوە، لەو کاتەوەی کە لە مانگی 5 ـی ئەمساڵدا حکومەتی ئەمریکا کۆمپانیای هواوەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە سزادا. بەڕێوەبەری کۆمەڵە بازرگانییەکانی کۆمپانیای هواوەی بەڕێز Richard Yu دەڵێت؛ ئەگەر بە هەر هۆکارێک ڕێگریمان لێ بکرێت لە بەکارهێنانی سیستەمی ئەندرۆید، دەستبەجێ سیستەمی کارپێکەری مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانی دیکەمان دەگوازینەوە بۆ HarmonyOS.

چاوەڕوان دەکرێت هواوەی لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا سیستەمی HarmonyOS بۆ مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی وەکو جێگرەوەی سیستەمی ئەندرۆید بەکاربهێنێت، تەنانەت ئەگەر سزاکانی ئەمریکاشی لەسەر لاببرێت. پێشبینی دەکرێت یەکەمین مۆبایل کە سیستەمی HarmonyOS ـی لەسەر جێگیر بکرێت، مۆبایلی هواوەی Mate 30 بێت و لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا ڕابگەیەندرێت.

وا بڕیارە سبەینێ کۆمپانیای Honor ـی سەر بە کۆمپانیای هواوەی، یەکەمین تەلەفزیۆنی زیرەکی کارکردوو بە سیستەمی HarmonyOS بە ناوی HONORVision ـەوە ڕابگەیەنێت.

9 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828