10
ئەپڵ 2, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

وەشانی تاقیکاری iOS 13.2 ئاشکرای دەکات کە AirPods ـی نوێ بە تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاوەوە بەڕێوەیە

کەمێک لەمەوبەر، کۆمپانیای ئەپڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13.2 ـی تایبەت بە گەشەپێدەران بە چەندین گۆڕانکاری نوێوە بەردەستکرد. هاوکات، وێنەیەک و چەند کۆدێک لە نێو وەشانە تاقیکارییەکەدا دۆزراونەتەوە کە جەخت دەکەنەوە بەرهەمێکی نوێی ئەپڵ لە ئەمساڵدا (ڕەنگە لەم مانگەدا) بەڕێوەیە.

پێگەی 9to5Mac وێنەیەکیان لە یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13.2 ـدا دۆزیوەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات بیستۆکی بێوایەری AirPods ـی نوێ خاوەن تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Canceling) دەبێت. پڕوپاگەندەکان بۆ چەندین ساڵ دەبێت ئاماژەیان بە هەبوونی ئەو تایبەتمەندییە لە بیستۆکی بێوایەری AirPods ـدا دابوو، وا دیارە ئەمساڵ دەبێتە ڕاست.

هەروەها وێنەی تایبەتمەندییەکە، دیزاینی AirPods ـە نوێیەکە ئاشکرا دەکات. بە پێی وێنەکە بێت، بیستۆکەکان لە لای بڵندگۆیەکانیانەوە خاوەنی لاستیک دەبن بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Canceling)، هاوشێوەی بیستۆکە بە وایەرەکانی ئایفۆنە کۆنەکان.

کۆدێکی دیکە لە وەشانە تاقیکارییەکەدا دۆزراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە AirPods ـی داهاتوو خاوەن چەند دۆخێکی جیاوازی دەنگ بێت بۆ وەرگرتنی چێژی دەنگەکان. هەروەها لە وەشانە تاقیکارییەکەدا تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Canceling) بە دۆخی سەرنج (Focus Mode) ناوبراوە و کۆدی مۆدێلی AirPods ـە نوێیەکە بریتییە لە B298.

بە پێی ئەم وێنە و کۆدانەی یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13.2 بێت، بە ئەگەری زۆرەوە لەم مانگەدا یاخود تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، ئەپڵ نەوەیەکی نوێ لە بیستۆکی بێوایەری AirPods بە خاوەن تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Canceling) و زیاترەوە ڕادەگەیەنێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ