رەقەکاڵا
19, شوبات 2017
بۆچی هەمیشە هاردی C لە کۆمپیوتەر هاردی بنچینەییە؟

ئەگەر بەکارهێنەری کۆمپیوتەر بیت ئەوا هەر کە کۆمپیوتەر دەکەیتەوە و هاردەکان دەبینیت ئەوا هاردی C یەکەم هاردە و هەر ئەو هاردەش سیستەمەکەی لەسەر دامەزرێندراوە. هەرگیز پرسیارت کردووە بۆچی پیتی C؟ بۆچی پیتێکی تر پیتی یەکەم هارد نییە؟ لەم بابەتە وەڵامی ئەم پرسیارە وەردەگرین و تێدەگەین بۆچی هەمیشە هاردی C هاردی بنچینەییە لە کۆمپیوتەردا.
بێگومان لەسەرەتای دەرکەوتنی کۆمپیوتەر هارد درایڤ بوونی نەبووە و بەڵکو لەجێگەی ئەو فلۆپی درایڤ هەبووە و وەکو هاردی دەرەکی ئێستا، ئەوکات فلۆپی لەڕێگەی یو ئێس بی بە کۆمپیوتەرەوە دەکران و لەگەڵ پەیوەست بوونیان بەم شێوەیە ناویان دەردەکەوت Drive 0 و Drive 1 و ..هتد. بەتێپەڕبوونی کات کۆمپانیای IBM سیستەمی مایکرۆسۆفت دۆس (MS-DOS)ـی ناساند و لەگەڵ ئەم سیستەمە دەرکەوتنی فلۆپی درایڤ گۆردرا لە Drive 0 و Drive 1 و هتد بۆ Drive A و Drive B و …هتد. ئيتر لەم کاتەوە بەم شێوەیە گەیشتووەتە ئەمڕۆ.
کەواتە ئێستا وەڵامی پرسیارەکەمان دەدەینەوە بۆ چی پیتی A و B نەبوونەتە هاردی بنچینەیی بەڵکو پیتی C بنچینەییە؟
وەڵامەکە ئاسانە و لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد کە پێش هاتنی هارد درایڤ، فلۆپی درایڤ هەبووە و ئیتر فلۆپیش هەمیشە پیتی A و پیتی B گرتووە و دوای دەرکەوتنی هارد درایڤ ئیتر ڕاستەوخۆ کە بە کۆمپیوتەرەوە کراوە پیتی C پێدراوە و ئەمەش بەهۆی گرتنی پیتی A و B پێشتر لەلایەن فلۆپی درایڤەوە. ئیتر دوابەدوای هارد درایڤیش خوێنەری سی دی و دی ڤی دی دەرکەوت و ئەوانیش پیتی دیاریکراویان پێدرا کە D بوو و پاشان و بە تێپەڕبوونی کات فلۆپی درایڤ بەرەو لەناوچوون چوو و لەگەڵ لەناوچوونی فلۆپی پیتەکانی A و B لەگەڵ خۆی برد و ئیتر لەو کاتەوە هاردی C یەکەم هاردە و لەگەڵ سیستەم دامەزراندن دەبێتە هاردی بنچینەیی.
جێگای ئاماژەیە و لە سەردەمی ئێستادا و لەگەڵ داهێنانی نوێی تری وەکو کاردی ئێس دی و فلاش مێمۆری و هاردی دەرەکی و ..هتد دەتوانرێت هەر پیتێک بتەوێت بەکاری بهێنیت و بێگومانیش هەریەکێکیان پیتێکی دیاریکراوی پێدەدرێت لەگەڵ یەکەم پێوەکردنیان بەکۆمپیوتەرەوە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!