گووگڵ 13, ئاب 2026

هەموو ئەوەی لە بۆنەی Made by Google 2026 ڕاگەیەندرا: لە Pixel 11ـەوە تا Pixel Tag

کۆمپانیای گووگڵ لە بۆنەی ساڵانەی خۆیدا، نەوەی نوێی ئامێرەکانی ئاشکرا کرد کە پێکهاتبوون لە زنجیرە مۆبایلی Pixel 11، کاتژمێری Pixel Watch 5، و ئامێری دۆزەرەوەی Pixel Tag.

زنجیرەی Pixel 11: گۆڕانکاری لە دیزاین و هێزدا

مۆبایلی Pixel 11 بە دیزاینێکی نوێکراوەی بەشی کامێراکان (Camera Bar) دەرکەوت، کە ٤٠٪ تەنکترە لە نەوەی پێشوو و کەمتر دەرپەڕیوە.

هەستەوەری نوێی کامێرا: هەستەوەری ٤٨ مێگاپێکسڵی فراوان (Wide) لەخۆدەگرێت کە ٥٦٪ زیاتر هەستیارە بۆ ڕووناکی و گۆشەکەی کەمێک فراوانترە.

چیپ و ڕام: کار بە پڕۆسێسەری نوێی Tensor G6 دەکات، و بۆ یەکەمجار ١٢ گێگابایت ڕام و ٢٥٦ گێگابایت بیرگە بووەتە ستانداردی سەرەتایی.

پاتری و نرخ: پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێتەلی خێرای 25W Qi2.2 دەکات کە ٢٥٪ خێراترە، لەگەڵ مانەوەی پاتری بۆ زیاتر لە ٣٠ کاتژمێر. مۆبایلەکە لە نرخی ٨٩٩ دۆلار دەستپێدەکات.

مۆدێلەکانی Pixel 11 Pro و 11 Pro XL

لەم مۆدێلانەدا، گووگڵ تایبەتمەندییەکی نوێی بە ناوی “HiLight” لە جێگەی هەستەوەری گەرمی زیادکردووە.

تایبەتمەندی HiLight: ئەمە بازنەیەکی ڕووناکی LEDـیە لە دەوری فلاشەکە کە کاتێک مۆبایلەکەت لەسەر ڕوویەکە، بە ڕەنگی جیاواز ئاگادارت دەکاتەوە و کارلێک لەگەڵ ژیریی دەستکردی Gemini دەکات بۆ نیشاندانی دۆخەکانی (بیستن، بیرکردنەوە، وەڵامدانەوە).

مۆدێلە پرۆیەکانی ئەمساڵ هەستەوەرێکی نوێی 50 مێگاپێکسڵی فراوان (Wide) و هەستەوەرێکی 48 مێگاپێکسڵی تێلەفۆتۆ (Telephoto) لەخۆدەگرن. ئەم هەستەوەرانە قەبارەیان گەورەتر کراوە و بە ڕێژەی 30% زیاتر هەستیارن بۆ ڕووناکی. ئەمەش وایکردووە وێنەگرتنی پۆرترەیت (Portrait Mode) لە دووری 5x زۆر ناوازە بێت. لەوەش گرنگتر، بەهۆی هێزی پڕۆسێسەری Tensor G6 و نوێترین مۆدێلەکانی وێنەگرتنی گووگڵەوە، مۆبایلەکە پشتگیری لە نزیککردنەوەی (120x Pro Zoom) دەکات. هەروەها دۆخی شەوانەی خێرا (Instant Night Sight) بە ڕێژەی 4.5 هێندە خێراتر بووە بەراورد بە جاران.

گووگڵ ڕوونمای (Super Actua)ـی زۆر پێشکەوتووتر کردووە، بە جۆرێک بەرزترین ئاستی ڕووناکییەکەی دەگاتە 3,600 نیت (Nits)، کە ئەمەش دڵنیایی دەداتە بەکارهێنەر لە ژێر تیشکی خۆردا هیچ کێشەیەکی بینینی نەبێت. لە پاڵ ئەوەشدا، بەهۆی زیادکردنی ڕوپۆشێکی نوێوە، ڕوونماکە دوو هێندە زیاتر بەرگەی ڕووشان دەگرێت.

ئەم مۆبایلانە بە پڕۆسێسەری Tensor G6 کاردەکەن. لە مۆدێلی 256 گێگابایتیدا، پڕۆسێسەرەکە بە 12 گێگابایت ڕام بەستراوەتەوە. هەرچەندە ئەمە 4 گێگابایت کەمترە لەوەی پێشبینی دەکرا، بەڵام گووگڵ دەڵێت بەهۆی گونجاندنی نموونەیی نێوان نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵاوە، چوستی مۆبایلەکە زۆر خێراتر و نەرمترە لە مۆدێلەکانی ساڵی ڕابردوو. بەڵام ئەگەر دەتەوێت قەبارەی ڕامەکەت 16 گێگابایت بێت، دەتوانیت مۆدێلەکانی 512 گێگابایت یان 1 تێڕابایت هەڵبژێریت.

لە ڕووی پاترییەوە، مۆدێلی 11 Pro XL پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی وایەری زۆر خێرا دەکات کە لە ماوەی 30 خولەکدا 75%ـی پاترییەکە پڕ دەکاتەوە. بارگاویکردنەوەی بێتەلیش بە ڕێژەی 29% خێراتر بووە بە پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای 25W Qi2.2.

ڕەنگەکان و نرخ: گووگڵ بۆ ڕەنگەکانی ئەمساڵ سودی لە سروشت وەرگرتووە، مۆبایلەکان بە ڕەنگەکانی (Canyon)، تەم (Fog)، زەیتوونی (Olive)، و بۆ یەکەمجاریش ڕەشی مات (Obsidian) بەردەست دەبن. سەبارەت بە نرخەکان:

  • مۆدێلی Pixel 11 Pro (بە قەبارەی ڕوونمای 6.3 ئینج): نرخەکەی لە 1,099 دۆلارەوە دەستپێدەکات.
  • مۆدێلی Pixel 11 Pro XL (بە قەبارەی ڕوونمای 6.8 ئینج): نرخەکەی لە 1,299 دۆلارەوە دەستپێدەکات.
  • هەروەها گووگڵ لەگەڵ کڕینی مۆدێلە پرۆکاندا، تەنها 6 مانگ بەشداریکردنی بێبەرامبەری (AI Pro) دەداتە بەکارهێنەران.

مۆبایلی چەماوەی Pixel 11 Pro Fold

لە پاڵ ڕاگەیاندنی زنجیرە مۆبایلەکانی پیکسڵ ١١، کۆمپانیای گووگڵ نەوەی نوێی مۆبایلە چەماوەکەی بە ناوی Pixel 11 Pro Fold ئاشکرا کرد. ئەمساڵ گووگڵ تیشکی خستووەتە سەر چارەسەرکردنی کێشە باوەکانی مۆبایلە چەماوەکان، وەک ئەستووری، کێش، و بەرگەگرتن.

مۆبایلە نوێیەکە نزیکەی 10% سووکترە لە نەوەی پێشوو (کێشەکەی لە 258 گرامەوە دابەزیوە بۆ 239 گرام)، هەروەها 0.7 مللیمەتر تەنکترە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە گووگڵ دەڵێت ئەم مۆبایلە 3 هێندە زیاتر بەرگەی زەبر دەگرێت، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی ڕووپۆشێکی نوێی مات لە پشتی مۆبایلەکەدا کە لە ماددەی فایبەری شووشەیی (Glass Fiber Composite) دروستکراوە و “نزیکە لەوەی نەشکێت”. هەروەها دیزاینی جومگەی چەمانەوەکە (Hinge) گۆڕدراوە بۆ ئەوەی باشتر پارێزگاری لە ڕوونمای ناوەوە بکات لە کاتی کەوتندا.

ڕوونمای دەرەوە: قەبارەکەی 6.5 ئینجە لە جۆری Super Actua، کە بە ڕێژەی 20% ڕووناکترە و بە شووشەی سێرامیکی پارێزراوە.
ڕوونمای ناوەوە: (Super Actua Flex) ڕووناکییەکەی دەگاتە 3,600 نێت (Nits). لێوارەکانی (Bezels) تەنکتر کراون، و شووشەی پارێزەری سەر ڕوونما (UTG) ئەستوورتر کراوە و دوو چین لە فلیمی دژە-زەبری بۆ زیادکراوە، کە ئەمەش وایکردووە هێڵی چەمانەوەی ناوەڕاستی ڕوونماکە زۆر کەمتر هەستی پێ بکرێت.

فۆڵدەکەی ئەمساڵی گووگڵ کامێرای سەرەکی هەستەوەرێکی نوێی 48 مێگاپێکسڵییە کە بە ڕێژەی 56% زیاتر هەستیارە بۆ ڕووناکی، لەگەڵ کامێرایەکی تێلەفۆتۆ کە پشتگیری لە زوومی 30x (Super Zoom) دەکات. هەروەها تایبەتمەندی بازنە ڕووناکییەکەی (HiLight) تێدا جێگیر کراوە.

لە ناوەوە، مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری نوێی Tensor G6 کاردەکات کە ڕاستەوخۆ بە 16 گێگابایت ڕام و 256 گێگابایت بیرگە بەستراوەتەوە. هەرچەندە قەبارەی پاترییەکە لە 5,015 مللی ئەمپێرەوە بۆ 4,750 مللی ئەمپێر بچووکتر بووەتەوە، بەڵام گووگڵ بەڵێن دەدات کە پاترییەکە بۆ زیاتر لە 24 کاتژمێر بەرگە دەگرێت و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێتەلی 25W Qi2.2 دەکات.

یەکێک لە داهێنانە جوانەکانی ئەم مۆبایلە، جێگیرکردنی سیستەمی زمانی ئاماژەی ئەمریکییە (ASL) لەناو کیبۆردی Gboardـدا. بەهۆی تایبەتمەندی “Sign-to-Text”، دەتوانیت بەرامبەر کامێرای پێشەوە بە زمانی ئاماژە قسە بکەیت، و مۆبایلەکە ڕاستەوخۆ وەریدەگێڕێتە سەر دەق و لەسەر ڕوونمای دەرەوە نیشانی کەسی بەرامبەری دەدات! لەگەڵ ئەوەشدا، مۆبایلەکە پشتگیری لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەندرۆید 17 وەک (Bubble Bar) دەکات.

ئەمساڵ بەهۆی ئەم هەموو گۆڕانکارییە گەورانەوە، نرخی مۆبایلەکە 100 دۆلار زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئێستا نرخی دەستپێکی Pixel 11 Pro Fold بە 1,899 دۆلارە بۆ مۆدێلی 16GB ڕام و 256GB بیرگە.

Pixel Watch 5

لە بۆنە گەورەکەی گووگڵدا، کاتژمێری زیرەکی Pixel Watch 5 بووە یەکێکی تر لە ئەستێرەکانی نمایشەکە. هەرچەندە لە ڕووی دیزاینی دەرەوە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە و هەمان شێوەی ساڵی ڕابردووی هەیە، بەڵام گووگڵ سەرنجی تەواوی خستووەتە سەر بەهێزکردنی ناوەوەی کاتژمێرەکە و زیادکردنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی تەندروستی شۆککەر.

لە ناوەوە، کاتژمێرەکە بە پڕۆسێسەری نوێکراوەی (Snapdragon W5 Gen 2 Accelerated) کاردەکات، کە توانای پرۆسێسکردنی بە ڕێژەی 12% زیادکردووە. هەروەها قەبارەی ڕام (RAM) لە 2 گێگابایتەوە بۆ 3 گێگابایت بەرزکراوەتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە لەپاڵ بوونی پڕۆسێسەری یاریدەدەری (M55)، وایانکردووە کاتژمێرەکە بە شێوەیەکی گشتی 20% خێراتر بێت. لە هەمان کاتدا، گووگڵ قەبارەی بیرگەی (Storage) کاتژمێرەکەی دوو هێندە کردووە و گەیاندوویەتییە 64 گێگابایت.

یەکێک لە گەورەترین بانگەشەکانی گووگڵ بۆ ئەم کاتژمێرە، سیستەمی بەدواداچوونی ڕێڕەو و نەخشەیە. گووگڵ ڕایگەیاند کە Pixel Watch 5 بە ڕێژەی ٢ هێندە وردترە لە دیاریکردنی شوێن لە ناو سەنتەری شارە قەرەباڵغەکان و ڕێگا سەختەکانی شاخەوانیدا. تەنانەت گووگڵ ئاستەنگی خستە بەردەم ڕکابەرەکانی و ڕایگەیاند کە لەم ڕووەوە لە هەردوو کاتژمێری (Apple Watch Ultra 3) و (Garmin Fenix 8 Pro) وردتر و باشترە.

کاتژمێرەکە قایشێکی نوێی لەگەڵدایە بە ناوی (2nd Gen Active Band) کە بۆ وەرزشکردن گونجاوترە. لە ڕووی نەرمەکاڵاوە، چەندین تایبەتمەندی گرنگ زیادکراون:

وەرزشکردن: باشترکردنی ئەزموونی ڕاهێنانە قورسەکان (Strength) و ڕاهێنانە خێراکان (HIIT).
خەوتن: زیادکردنی تایبەتمەندی (Bedtime Automations) بۆ ڕێکخستنی ئۆتۆماتیکی کاتژمێرەکە لە کاتی خەودا.
تەندروستی لەناکاو: زیادکردنی سیستەمی “دەستنیشانکردنی باری لەناکاوی هەناسەدان” (Breathing Emergency Detection) کە چاودێری وەستانی هەناسە دەکات.
چاودێری قووڵ: بۆ یەکەمجار، کاتژمێرەکە دەتوانێت چاودێری ئاستی گۆڕانکارییەکانی “پەستانی خوێن” و “بەرگری ئەنسۆلین” بکات، کە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ تووشبووانی شەکرە و پەستانی خوێن.

ئامێری Pixel Tag
لە کۆتاییدا، گووگڵ ئامێری دۆزەرەوەی کەلوپەلەکانی بەناوی Pixel Tag ڕاگەیاند کە نرخەکەی تەنها ٢٩ دۆلارە و شێوەیەکی حەبی هەیە لەگەڵ پاترییەکی گۆڕاوی بازنەیی.

بۆچونی تۆ