ئەپ و نەرمەکاڵا 18, ئاب 2026

زۆتێرۆ ١٠ گەیشت؛ گەڕانی زۆر پێشکەتوو، خوێنەری نایابی PDF و گۆڕانکاری ڕیشەیی تر بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانت!

ئەپی بەناوبانگی بەڕێوەبردنی توێژینەوە و سەرچاوەکان وەشانی دەیەمی لێ بڵاوکرایەوە، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەهێزی نوێ بۆ گەڕان و بەڕێوەبردنی کتێبخانە و سەرچاوەکانت لەخۆ دەگرێت، شانبەشانی پێشکەوتنێکی گەورە لە خوێندنەوەی دەنگی (Read Aloud) و دۆخێکی نوێی خوێندنەوە بۆ فایلەکانی PDF.

گەڕانی پێشکەوتووی زیرەکتر: ئێستا گەڕانی پێشکەوتوو بە شێوەیەکی ئاسانتر لە ڕێگەی دوگمەی پاڵاوتن لە باری گەڕانی خێرادا بەردەستە واتا کرتە لە دوگمەی پاڵاوتن دەدەیت لەکاتی گەڕان بۆ کردنەوەی گەڕانی پێشکەوتوو. گەڕانەکان زۆر بەهێزتر بوون، بەجۆرێک پشتگیری لە مەرجە ئاڵۆزەکان و تێکەڵکردنیان دەکات. دەتوانیت لە ناو کۆکراوەکاندا بە ئاسانی بەدوای تێبینییەکان (Annotations) و زانیارییە وردەکاندا بگەڕێیت بێ ئەوەی پێویست بە چەندین گەڕانی جیاواز بکات.

باشترکردنی گەڕان و گوێنەدان بە پیتە جیاوازەکان: زۆتێرۆ ئێستا لە کاتی گەڕاندا پشتگوێی پیتە بزوێنەکان (Accents) و هێما جیاوازەکان دەخات. بۆ نموونە گەڕان بۆ “cafe” ئەنجامەکانی “café” ش دەدۆزێتەوە. هەروەها گەڕان بەناو دەقی تەواوی فایلەکاندا (Full-text) زۆر خێراتر بووە و لە چرکەیەکدا ئەنجامەکانت دەداتێ.

هەڵبژاردنی چەندین کۆکراوە (Multi-Collection Selection): ئێستا دەتوانیت لە یەک کاتدا چەند کۆکراوەیەک (Collections) یان تەنانەت کتێبخانەی جیاواز دیاری بکەیت و هەموو سەرچاوەکانیان پێکەوە ببینیت و بەناویاندا بگەڕێیت.

پشتگیری گەڕانەوە (Undo Support): هەڵەت کرد؟ کێشە نییە! ئێستا دەتوانیت زۆرێک لە کردارەکان هەڵبوەشێنیتەوە بە بەکارهێنانی قەدبڕەکانی ( CMD+Z لە ماک / Ctrl-Z لە وێندۆز). گەر بە هەڵە زانیارییەکت سڕییەوە یان گۆڕی، بە ئاسانی دەتوانیت بیگەڕێنیتەوە.

دەستکاریکردنی بەکۆمەڵ (Batch Editing) بۆ ئاسانکاری زیاتر، دەتوانیت چەندین ئایتم و سەرچاوە لە یەک کاتدا دیاری بکەیت و پێکەوە دەستکاری زانیارییەکانیان بکەیت.

خوێندنەوەی دەنگی زیرەکتر (Smarter Read Aloud): تایبەتمەندی خوێندنەوەی دەنگی زۆر زیرەکتر بووە. ئێستا دەتوانێت بەسەر سەرچاوە ناوەکییەکان (In-text citations)، سەرپەڕ و بن ‌پەڕەکاندا باز بدات و نایانخوێنێتەوە. هەروەها لەبری خوێندنەوەی خشتە و هاوکێشەکان بە شێوەیەکی بێزارکەر، ڕاستەوخۆ دەپەڕێتەوە بۆ دەقە گرنگەکان.

دۆخی خوێندنەوە بۆ فایلەکانی PDF: یەکێک لە گرنگترین زیادکراوەکان، دۆخی نوێی خوێندنەوەیە بۆ فایلەکانی PDF. ئەم دۆخە ژینگەیەکی پاک و بێ کێشەت بۆ دەڕەخسێنێت کە تێیدا دەتوانیت قەبارەی فۆنت و بۆشایی نێوان دێڕەکان ڕێکبخەیت. لە هەمان کاتیشدا دەتوانیت تێبینی بنووسیت و هێڵ بەژێر دەقەکاندا بهێنیت بێ ئەوەی کێشە بۆ شێوەی سەرەکی فایلەکە دروست ببێت. بینەری ڤیدیۆکە بن:

ئەمانە گرینگترین و دیارترین گۆڕانکارییەکان بوون لەم وەشانەی زۆتێڕۆ، بەڵام گۆڕانکاری و چاکسازی تری زۆر کراوە، بۆ نمونە پێوەکراوە واتا ئێکستێنشنی نوێ بۆ وێبگەڕی سەفاری و پێشاندانی سایتەیشنەکان لە دایەلۆگی زیادکردنی سایتەیشن و بەکارهێنانی کەمتری ڕام و دەیان چاکسازی تر. لێرەوە لەم لینکە تەواوی گۆڕانکارییەکان لە ماڵپەڕی سەرەکی بخوێنەوە.

ئەگەر تۆش تا ئێستا زۆتێڕۆت دانەگرتووە و سەرچاوەکانت پەرتوبڵاون، لەم لینکە زۆتێڕۆ ١٠ دایبگرە بۆ سیستەمی ماک و ویندۆز و لینوکس بەردەستە.

تاگەکان zotero Zotero10
بۆچونی تۆ