ئەپڵ 26, تشرینی یەکەم 2026

ئەپڵ نەوەی نوێی iPad Mini ڕاگەیاند: ڕوونمای گەورەتری 8.5 ئینجی OLED و چیپی A20 Pro و زیاتریش

کۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی نەوەی نوێی ئایپاد مینی (iPad mini) ڕاگەیاند، کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە و دیاری لەخۆگرتووە. ئەم ئامێرە نوێیە بە ڕوونمایەکی گەورەتر، دیزاینێکی تەنکتر، و هێزێکی زۆری چیپەکەی، کە دەیگەیەنێتە ئاستێکی تەواو جیاواز.
ڕوونمای OLED و دیزاینی نوێ
ئایپاد مینی نوێ خاوەنی ڕوونمایەکی 8.5 ئینجییە لە جۆری OLED، کە بەراورد بە مۆدێلی پێشووی جۆری LCD کۆنتراستێکی بەرزتر و ڕووناکییەکی دوو هێندە زیاتر پێشکەش دەکات، ئەمەش وادەکات ڕەنگەکان زۆر دەوڵەمەندتر و زیندووتر دەربکەون. هاوشێوەی ئایپاد پرۆ، ئێستا دەتوانیت بژاردەی ڕوونمای ڕووپۆشکراو بە (Nano-texture) بە 100 دۆلاری زیاتر بۆ مۆدێلەکانی 256 و 512 گێگابایت هەڵبژێریت بۆ کەمکردنەوەی دانەوەی ڕووناکی لە ژینگە ڕووناکەکاندا، بەڵام بەداخەوە لەهیچ شوێنێک ئەپڵ ئاماژەی نەکردووە کە ئەم ڕوونمایە Pro Motion بێت، ئەمەش واتای وایە 60 هێرتزە نەوەکو 120hz تێکڕای نوێبوونەوەی بێت.
لە ڕووی دیزاینەوە، ئامێرەکە 15% تەنکتر و سووکترە، بە جۆرێک ئەستووری مۆدێلی وایفای تەنها 5.4 مللیمەترە و کێشەکەی 0.56 پاوەندە.
هێزی پڕۆسێسەری A20 Pro
 دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو لە زنجیرەی ئایفۆن 18 پرۆدا دەرکەوت، ئێستا چیپی A20 Pro گەیشتووەتە ئایپاد مینی، بەڵام بەپێی قەبارەی بیرگەی ئامێرەکە جۆری چیپەکە گۆڕانکاری تێدا دەبێت. مۆدێلەکانی 128 و 256 گێگابایت خاوەنی 5 ناوکی CPU و 7 ناوکی GPU و یەکەی 16 ناوکی بۆ ژیریی دەستکردن. بەڵام مۆدێلی 512 گێگابایت خاوەنی 6 ناوکی CPU و دوو یەکەی 16 ناوکییە بۆ ژیریی دەستکرد. ئەم پڕۆسێسەرە کە بە تەکنەلۆژیای 2 نانۆمەتری TSMC دروستکراوە، بەراورد بە چیپی A17 Proـی نەوەی پێشوو، 60% خێراترە لە ڕووی CPU، 2.7 هێندە خێراترە لە گرافیک، و 4.5 هێندە خێراترە لە کاری ژیریی دەستکرددا.
سیستەمی دەنگی نوێ و بەرگەگرتنی ئاو
یەکێک لە گۆڕانکارییە گەورەکانی ئەم ئایپادە بریتییە لە سیستەمی دەنگی (Acoustic Display) کە بەتەواوی کونی بڵندگۆی نەهێشتووە. بڵندگۆکان (Woofers) بە شێوەیەکی زیرەکانە لەگەڵ ڕوونماکەدا بەستراونەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی دەنگێکی بەرزتر و بەهێزتر، هەروەها تویتەرەکان (Tweeters) لە نێوان شوشەکە و جەستە ئەلەمنیۆمەکەدا شارێدراونەتەوە بۆ دەرکردنی دەنگە تیژەکان بە ڕوونی. نەهێشتنی کونی بڵندگۆکان یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار ئایپاد مینی بڕوانامەی IP67 بۆ بەرگەگرتنی ئاو و تۆز بەدەست بهێنێت.
لە گۆڕانکارییەکانی تری ئامێرەکە، کامێرای پێشەوە گواستراوەتەوە بۆ باری ئاسۆیی (Landscape)، و چیپی نوێی N1ـی ئەپڵ جێگیر کراوە کە پشتگیری لە Wi-Fi 7 و Bluetooth 6 دەکات.
داواکردنی پێشوەختەی ئایپاد مینی نوێ لە ڕۆژی چوارشەممە، 28ی 11 دەستپێدەکات، و لە ڕۆژی هەینی 6ی 11 دەگاتە دەست کڕیاران و فرۆشگاکانی ئەپڵ. نرخەکەی لە 699 دۆلارەوە دەستپێدەکات و تەنها بە دوو ڕەنگ بەردەست دەبێت: نیوەشەو (Midnight) و ڕووناکی ئەستێرە (Starlight).
تاگەکان Apple iPadmini
بۆچونی تۆ