سامسۆنگ
18, ئاب 2018
سامسۆنگ ڕیکلامی ساختەی پێشکەشی هەوادارانی کردووە

کامێرا بە یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی مۆبایل دادەنرێت بۆ سەرنج ڕاکێشانی بەکارهێنەر هەر بۆیەش کۆمپانیاکان لە دوای ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانیان هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی چرکێندراو بە مۆبایلەکە، کۆمپانیای سامسۆنگیش لە میانەی بڵاوکراوەکانی لە تویتەر هەستاوە بە دانانی وێنەیەک کە چرکێندراوە بە کامێرایەک و وا پیشان دەدات کە وێنەکە چرکێندراوە بە مۆبایلی A8 و دەڵێت کە کامێرای بەشی پێشەوەی مۆبایلەکە خاوەنی توانایەکی بەرزە و گرنگترین بەشەکانی وێنەکە دەردەخات.
هەروەک دەبینن کۆمپانیای سامسۆنگ هەستاوە بە زیادکردنی ڕووناکی وێنەکە و دانانی لۆگۆی تایبەت بە خۆی، ئەم کارەی کۆمپانیاکەش لە لایەن بەکارهێنەرێکی تویتەرەوە ئاشکرا کراوە و مافی وێنەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ماڵپەڕی Getty Images و لە ساڵی 2015ـدا وێنەکە چرکێندراوە بە پێی ماڵپەڕی istockphoto، کۆمپانیای ناوبراو بەمەشەوە نەوەستاوە و وێنەیەکی دیکەی داناوە لە جریوەیەکیدا لە تویتەر و وتوویەتی “ئایا ئارەزووی چرکاندنی وێنەی سێڵفی دەکەیت؟ گالەکسی A8 وێنەیەکی باوەڕپێنەکراوت بۆ بەردەست دەکات”
کۆمپانیای سامسۆنگ لەم بارەیەوە وەڵامی ئەو بەکارهێنەرەی تویتەری دایەوە کە ئەم کارەی کۆمپانیای ئاشکرا کردبوو و وتی “زۆرینەی ئەو وێنانەی کە بڵاویدەکەینەوە چرکێندراون لە ڕێگەی مۆبایلەکانی ئێمەوە و بڵاوکراوەی دوو خۆشەویستەکەش (وێنە بڵاوکراوەکەی تویتەر) ئەو خەڵکانە دەنوێنن کە ئێمە مەبەستمانە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
[…] بەڵام لە ئێستادا و بۆ جارێکی دیکە کۆمپانیای سامسۆنگ وێنەیەکی ساختە بەکاردەهێنێت بۆ ڕیکلام کردن بۆ مۆبایلی Galaxy A8 Star لە پێشووتریشدا Samsung Brasil کارێکی لەم شێوەیەی ئەنجامدابوو و تیایدا وێنەیەکی چرکێنراو بە کامێرایەکی پێشکەوتووی وەک نموونەی وێنەیەکی چرکێنراو بە مۆبایلی Galaxy A8 بڵاوکردبوویەوە و دەتوانن لەم بابەتەوە زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە بزانن (سامسۆنگ ڕیکلامی ساختەی پێشکەشی هەوادارانی کردووە). […]