ئەپ و نەرمەکاڵا
30, تشرینی دووەم 2018
تەختەکلیلی Swiftkey بە تێکهەڵکێشکراوی لەگەڵ بزوێنەری گەڕانی بینگەوە نوێکرایەوە
زیاتر لە دوو ساڵە تەختەکلیلی Swiftkey لە لایەن مایکڕۆسۆفتەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، لەوانەیە پرسیاری نەبوونی بزوێنەری گەڕانی بینگت لەسەر ئەو تەختەکلیلە لەلا دروست بووبێت، چونکە بێگومان بینگیش لەلایەن مایکڕۆسۆفتەوە خاوەنداریەتی دەکرێت. بە گوێرەی ماڵپەری ئەندرۆید سێنتراڵ، وەشانی ئەندرۆیدی ئەو تەختەکلیلە لە ئێستادا بزوێنەری گەڕانی بینگی لەگەڵ تێکهەڵکێشکراوە، کە دەکەوێت لای چەی بەشی سەرەوەی تەختەکلیلەکە و لەگەڵ پەنجە پێدانانی گەڕان ئەنجام دەدرێت.
هەواڵی خۆش ئەوەیە، لەکاتی سود وەرگرتن لەو تایبەتمەندییە بەبێ جێهێشتنی ئەپی کراوە دەتوانیت گەڕانەکانت ئەنجام بدەیت. واتە ڕاستەوخۆ ئەنجامەکان دەردەکەون کە دەتوانی وێنەی بگریت یان بەستەرێک بکەیتەوە بە پێی خواستی خۆت.
سویفتکی تا ئێستا لەسەر ١٠٠ ملیۆن ئامێری ئەندرۆید داگیراوە. بەگوێرەی مایکڕۆسۆفت ئەو تەختەکلیلە هاوکارتە لە باشتربوون و خێراتربوونت لە نوسین. ئێستاش لەگەڵ ئەو تێکهەڵکێشکردنەی بینگ، پێویست ناکات بوەستیت لە نوسین تەنها لەبەرئەوەی دەتەوێت گەڕانێک بکەیت. ئەگەر دەتەوێت سویفتکی لەسەر مۆبایلە ئەندرۆیدەکەت تاقیبکەیتەوە، کرتە لەم بەستەرە بکە.
وەشانی نوێی سویفتکی لەلای ڕاستەوەیە
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!