رەقەکاڵا
27, کانوونی یەکەم 2018
ڕێبەری ڕوونمای لاپتۆپ(بەشی یەکەم): ڕوونی و ڕێژەی ئاسۆیی بۆ ستوونی

بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی لاپتۆپێک لە نێوان ئەو هەموو جۆرەی بەردەستە ئاسان نییە و زۆر لایەن هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، یەکێک لەوانەش ڕوونما و تایبەتمەندییەکانییەتی.
-ڕوونی(Resolution):
ڕوونی بریتییە لە ژمارەی پیکسڵە ئاسۆیی و ستونییەکانی ڕوونمایەک و تاوەکوو ژمارەکان زیاتربن وێنە و نوسینەکان سافتر دەبن، هەندێک لە ڕوونییە باوەکانی ڕوونمای لاپتۆپ بریتین لە:
1366×768 – WXGA-
1920×1080 – Full HD-
2560×1440 – Quad HD-
3840×2160 – Ultra HD-

جگە لەمانەش جۆرەها ڕوونی دیکە هەیە بەڵام کەمتر باون.
-ڕێژەی ئاسۆیی بۆ ستوونی(Aspect Ratio):
بریتییە لە ژمارەی پیکسڵە ئاسۆییەکان بۆ ژمارەی پیکسڵە ستوونییەکان و هاوکات ڕێژەی قەبارەکەشە، باوترین ڕێژە لە ئێستادا بۆ لاپتۆپ (٩:١٦)یە بە شێوەیەک کە بۆ هەر ٩ پیکسڵێکی ستوونی ١٦ دانەی ئاسۆیی هەیە و هاوکات بۆ قەبارەش ڕاستە، ئەگەر ڕوونمای لاپتۆپەکە ٩سم بەرز بێت ئەوا ١٦سم پانە…هتد.
لە ڕابردوودا (٣:٤) کە نزیکتربوو لە چوارگۆشەبوون باوتربوو بۆ لاپتۆپەکان، دواتر (١٠:١٦) بووە باو و دواتریش کاتێک تەلەڤیزیۆنە HDیەکان (٩:١٦)یان کردە ستانداردی خۆیان لاپتۆپەکانیش بەو ئاڕاستەیە گۆڕدران، هەرچەندە ئەو شێوە پانەی ڕوونما باشتر و خۆشترە بۆ هەندێک لایەنی وەک سەیرکردنی ڤیدیۆ و فیلم بەڵام کاتێک دێینە سەر کارکردن و نوسین ئەوا پێویستمان بە بەرزی زیاترە.
هەرچەندە زۆرینەی لاپتۆپەکانی ئێستا خاوەن ڕوونمای (٩:١٦)ن بەڵام ماکبووکەکانی ئەپڵ هەر (١٠:١٦)ن و کەمێک نزیکترن لە چوارگۆشەبوون، تەنانەت هەندێک لاپتۆپی وەک Huawei Matebook X Pro و بەرهەمەکانی Microsoft Surface (٢:٣)ن و لە ماکبووکانیش نزیکترن لە چوارگۆشەبوون، هەبوونی ئەم ٣ هەڵبژاردە جیاوازەش شتێکی باشە بۆ کڕیاران و بەکارهێنەران.

محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.