هەواڵ
12, ئازار 2019
بەم زووانە گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجام دەدرێت لە نەخشەکانی یاری پەبجیدا و دەستپێکی گۆڕانکاریەکانیش لە نەخشەی Erangelـەوەیە

وا دیارە گەشەپێدەرانی یاری پەبجی لە نوێکاری داهاتوودا دەیانەوێت گۆڕانکاری گەورە و ڕیشەیی ئەنجام بدەن لە نەخشەی یاریەکەدا، دەستپێکی ئەم گۆڕانکارییانەش بێگومان لە نەخشەی Erangelـەوەیە چونکە ئەمە یەکەمین نەخشەیە لەگەڵ یاریەکەدا ڕاگەیەنرابێت هەروەها بنچینەی نەخشەکانی دیکەشە لە ڕووی دروستکردنەوە.
لەم بارەیەوە ڕاگەیەنراوەکە لە لایەن گەشەپێدەرانی یارییەکەوە بووە لە کۆمپانیای PUBG Corp ئەمەش پاش ئەوە دێت ڕووکاری دەستکاری کراوی نەخشەی Erangel دزەیپێکرا، گەشەپێدەرانی یاریەکە ئاماژەیان بەوەدا ئەم دەنگۆ و هەواڵانە ڕاستن و دەیانەوێت گۆڕانکاری لە سیستمی دابەشکردنی ئامڕاز و چەک و پێداویستییەکان بکەن لە پاڵ ئەوەشدا بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری دەکرێت لە ڕووکاری خوودی نەخشەکەشدا.

ئەم وێنەیەی سەرەوە کە دەیبینن دەوترێت نەخشە دەستکاریکراوەکەیە بەڵام گەشەپێدەرەکان ئاماژەیان بەوەکرد ئەوەی لە وێنەکەدا دیارە تەنها گۆڕانکارییەکی کەمە و بەشێکی زۆر بچوکە لەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە نەخشەکەدا ئەنجامیان داوە، بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە تەنها نەخشەی Erangel ناگرێتەوە، بەڵکو یەک لە دوای یەک نەخشەکانی دیکەش گۆڕانکارییان تێدا ئەنجام دەدرێت.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.