هەواڵ
13, ئازار 2019
ئینستەگرام بەم زووانە تایبەتمەندیەکی فەیسبووک بۆ تۆڕەکەی زیاد دەکات

کۆمپانیای فەیسبووک لە مانگی حەوتەمی ساڵی ڕابردوودا تایبەتمەندی Watch Party بۆ گروپەکانی ناو تۆڕەکەی بەردەستکرد، ئەم تایبەتمەندیەش لە ڕێگایەوە بەکارهێنەران دەتوانن بە یەکەوە تەماشای پارچە ڤیدیۆکان بکەن، هەروەها پاش ماوەیەک ئاشکرابوو کۆمپانیاکە هەستاوە بە تاقیکردنەوەی تایبەمەندیەکی هاوشێوە بۆ بەکارهێنەرانی فەیسبووک مێسنجەر، ئێستاش وا دیارە کۆمپانیای فەیسبووک دەیەوێت تایبەتمەندی تەماشاکردنی بە کۆمەڵی ڤیدیۆکان بەردەست بکات لە تۆڕی ئینستەگرامدا.
ئەمەش ئاشکرابوو پاش ئەوەی Jane Manchun Wongـی توێژەر ڕایگەیاند تایبەتمەندی تەماشاکردنی ڤیدیۆی بە کۆمەڵ لە Instagram Directـدا بەردەست دەکرێت و دیاریکراوتر بڵێین لە پەیوەندیە ڤیدیۆیە بە کۆمەڵەکاندا، هەروەها ناوبراو لەو وێنانەی بڵاویکردووەتەوە دەردەکەوێت بەکارهێنەران دەتوانن بینەری پارچە ڤیدیۆکان ببن لە ڕێگای لیستی کارپێکردن یان لیستی پێشنیارکراوەکان، بێگومان کاتی بەردەستکردنی ئەم تایبەتمەندیە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئینستەگرام هەتاوەکو ئێستا نادیارە، لە کۆتاییشدا ئینستەگرام بە بەردەستکردنی ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە دەیەوێت مانەوەی بەکارهێنەران لە نێو ئەپەکەیدا زیاد بکات.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.