هەواڵ
17, ئازار 2019
پلانێکی نوێی ستیم بۆ نەهێشتنی بۆمبی پێداچوونەوەکان (Review Bomb)

کۆمپانیای Valve لە ماوەی ڕابردوودا سیستمێکی نوێی ڕاگەیاند بۆ هەڵسەنگاندنی پێداچوونەوە بە یاریەکان لە کۆگای ستیمدا ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە بۆمبی پێداچوونەکان (Review Bomb)، لەوانەیە پێشووتر گوێبیستی ئەم دەستەواژەیە نەبووبیت و هۆکاری ناونانی بەم شێوەیە نەزانیت، بۆمبی پێداچوونەوەکان لە لایەن سەردانکەرانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ شکاندنی ناوبانگی یاریەکی دیاریکراو لەسەر سەکۆی یاریەکە، بێگومان مەبەست لەم کارەش مەرامی کەسییە واتە پەیوەندی بە جۆرایەتی یاریەکەوە نییە.
لەم بارەیەشەوە هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەداوە چەندین کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی یاریەکان ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بوونەتەوە و بە دەستیەوە دەناڵێنن چونکە ئەم کردارە زیانی هەیە لەسەر شێوازی دەرکەوتنی یاریەکە لە لای سەردانکەرانی دیکە بە شێوەیەک ئەگەر بەرهەمێک بە دڵبوونی کەمی هەبێت لە لایەن بەکارهێنەرانەوە ئەوا لە لیستی یاریە بەناوبانگەکاندا دەرناکەوێت ئەمەش باوەڕێکی خراپ لە لای بەکارهێنەر دروست دەکات و دەبێتە هۆی نەکڕینی بۆ یاریەکە.
هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کردارەش (Review Bomb) کە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی بەدڵبوونی کەم بە یاریەکە لە لایەن کۆمەڵێک سەردانکەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ تۆڵە سەندنەوە لە گەشەپێدەرێک یاخود لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری یاریەکە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش کۆمپانیای Valve هەستاوە بە دانانی چەندین گروپی پێکهاتوو لە فەرمانبەران بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی پێداچوونەوەی بەکارهێنەران بۆ یاریەکانی نێو کۆگاکە، هەر بۆیە لە کاتێکدا پێداچوونەوەیەکی ناپەیوەندیدار بە یاریکە یاخود لە چوارچێوەی یاریەکەدا نەبێت ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لە لایەن فەرمانبەرەکانەوە هەتاوەکو زیان بە یاریەکە نەگات و دەرکەوتنێکی خراپی نەبێت لای سەردانکەران.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.