سامسۆنگ
20, حوزهیران 2019
سامسۆنگ: مۆبایلی گالەکسی فۆڵد ئامادەیە بۆ بەردەستکردن

کۆمپانیای سامسۆنگ ئامادەکاری دەکات بۆ بەردەستکردنی یەکەمین مۆبایلی چەماوەی خۆی کە ماوەیەکی زۆرە بەکارهێنەران چاوەڕوانی بەردەستکردنی ئەم بەرهەمەی سامسۆنگن، نرخی ئەم ئامێرەی سامسۆنگ 1980 دۆلارە و لە ڕابردووشدا بە هۆکاری دەرکەوتنی کۆمەڵێک کێشە ناوبراو بەردەستکردنی ئامێرەکەی دواخست بۆ کاتێکی نادیار.
بە پێی وتەی ئەو کەسانەی ئامێرەکەیان تاقیکردووەتەوە ئاماژە بەوە دەدەن ڕوونمای گالەکسی فۆڵد کێشەی دەرکەوتنی ڕووناکی هەیە بە شێوەی پچڕ پچڕ و پاشان گۆڕانی بۆ ڕەنگی ڕەش، پێدەچێت هۆکاری ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ نێوەندی ئامێرەکە واتە بەشی ناوەڕاستی ئامێرەکە کە چەمانەوەی تێدا ڕوودەدات.
بە هەر حاڵ وا دیارە کۆمپانیای ناوبراو توانیویەتی بەسەر زۆرینەی کێشەکاندا زاڵ ببێت و چارەسەریان بکات، بەو پێیەی لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Samsung Display دابینکەری سەرەکی ڕوونما چەماوەکان ئەوەی ئاشکرا کرد مۆبایلی گالەکسی فۆڵد زۆرینەی کێشەکانی چارەسەرکراوە و لە ئێستادا ئامادەیە بۆ بەردەستکردن، سەرەڕای ئەم وتانە بەڵام بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ناوبراو هیچ بەروارێکی دیاریکراوی ئاشکرا نەکرد بۆ بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەکە.
سەرچاوە:-
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.