بابەتی گرینگ
28, ئاب 2015
HackaErbil گەورەترین پێشبڕکێ بۆ هاککەران و بەرنامەداڕێژەر و دیزایینەران لە هەولێری پایتەختی کوردستان دەستی پێکرد
دوای ماوەیەک لە بانگەشەکردن بۆ خۆ تۆمارکردن لەم پێشبڕکێیە ئەمڕۆ ٢٨\٨\٢٠١٥ پێشبڕکێی هاکە ئەربیل (HackaErbil) بۆ هاککەران و گەشەپێدەر و دیزایینەر و بەرنامەداڕێژەران لە هەولێری پایتەختی کوردستان دەستی پێکرد. جێگای ئاماژەیە لەناو ١٧٠ کەس ٥٠ کەس هەڵبژێردراون و بەگوێرەی زانیارییەکان، وادیارە ئەم پێشبڕکێیە تەنها دوو ڕۆژ دەخایەنێت کە ئەمڕۆ و سبەی دەکات و بەیانشی دوای نوێژی عەسر کاتژمێر ٤:٣٠ براوەکان ئاشکرا دەکرێن.
شایەنی باسە، ئەم پێشبڕکێیە لەلایەن بەڕێز گۆران شێرکۆ بەڕێوەدەچێت و ئەو دامەزرێنەری هاکەئەربیلە و چەندان کەسی تریش لە پشتی ڕێکخستنی ئەم پێشبڕکێیەن کە لەبەر زۆری ناوەکانیان ناویان ناهێنین. وا دیارە لیژنەی دادەوەران بریتین لە سێ کەس ئەوانیش بۆتان عوسمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Glocal و ئالان ئەمین مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی و دکتۆر هێمن لەتیف پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری. ئەمە سەربارەی ئامادەبوونی هەندێک مامۆستای بەڕێزی وەکو مامۆستا دەوەند جلیل سلێمان و حوسەین حەسەنی و چەندی تریش. هەر بەم بۆنەیەوە خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین کە چەند هاوڕێیەکی نزیکی ئێمەش بەشدارن لەوانە ڕێباز ئەحمەد و کارزان کامال و چەندانی تریش و ئێمە لێرەوە هیوای سەرکەوتن بۆ گشت لایەک دەخوازین.
هەر لە میانی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکە ئەمڕۆ پەیوەندیەکی سکایپ لەگەڵ گەورە هاکەر بەناوی Jamie Woodruff کە دەبوایە ئامادەی پێشبڕکێکە بوایە، خۆشحاڵی خۆی بە بۆنەی ئەم پێشبڕکێیە دەربڕیوە و داوای لێبوردنی کرد کە نەیتوانیوە ئامادەبێت و ڕێنمایی کردوون کە (Security) گرنگە و دەبێتە لەسەرەتاوە گرنگی پێ بدرێت و جێبەجێ بکرێت.
ئیتر ئێوەی خۆشەویست دەتوانن لەم بەستەرەوە لە ماڵپەڕی سەرەکی زانیاری زیاتر وەربگرن http://www.hackaerbil.com یان لەسەر فەیسبووک لەگەڵیان بن https://www.facebook.com/hackaerbil و ئاگاداری دوایین گۆرانکارییەکانیان بن! ئەگەریش دەتەوێت وردتربیت ئەوا بەم هاشتاگە لەسەر فەیسبووک شوێن ڕووداوەکان بکەوە: #hackaerbil
ئەمانەش کۆمەڵێک دیمەنن لە میانی بەڕێوەبەچوونی ئەمڕۆی پێشبڕکێکە:
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!