ئای ئۆ ئێس
10, ئه‌یلول 2015
پوخته‌ی ته‌واوی كۆنگره‌ی كۆمپانیای ئه‌پڵ

دوێنی ٢٠١٥/٩/٩ کۆمپانیای ئەپڵ لە سەنتەری Bill Graham Civic Center لە شاری سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا به ئاماده بوونی زیاتر له ٧ هه‌زار ڕۆژنامه‌نووس کۆنگرەیەکی تایبەتی له ژێر ناونیشانی ” هێی سیری، ئاماژه‌یه‌كمان پێ بده ” به‌ست.
دوای چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆری به‌كارهێنه‌ران وه‌ك پێشبینی ده‌كرا كۆمپانیای ئه‌پڵ چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌ی خۆی بخاته ڕوو له هه‌ر هه‌مووشیان گرنگتر ئایفۆنی ٦ ئێس و ٦ ئێس پڵه‌س بوو له كۆتایی دا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و پێشبینیانه‌ی كرابوون بوون به ڕاستی و كۆمپانیای ئه‌پڵ له كۆنگرهكهیدا نمایشی كردن.
● سه‌رەتا له‌گه‌ڵ كاژمێره هۆشمه‌نده‌كه‌ی ئه‌پڵ، و ئەنجامی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره:
وه‌ك هه‌موو جاره‌كانی پێشووتر تیم كوك هاته سه‌ر ته‌ختی شانۆ، له‌گه‌ڵ سوپاس كردنێكی زۆر و گه‌وره بۆ ئه‌و ئاماده‌بووه زۆره‌ی كه له هۆڵی كۆنگره‌كه ئاماده بوون، دواتر ده‌ستی كرد به باس كردنی كاتژمێره هۆشمه‌نده‌كه‌ی كۆمپانیای ئه‌پڵ و نوێكاریه‌كان و ئەنجامی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م كاتژمێره هۆشمه‌نده و ڕێژه‌یه‌كی گه‌وره و فراوان له فرۆشتنی ئه‌م كاتژمێره له‌گه‌ڵ ڕه‌زامه‌ندی زۆری به‌كارهێنه‌ران بۆی كه گه‌یشتۆته ڕێژه‌ی ٩٧%.
وه ئاماژه‌ش به‌وه درا كه تا ئێستا زیاتر له ١٠،٠٠٠ ئه‌پ بۆ ئه‌م كاتژمێره هۆشمه‌نده به‌رده‌سته له ئێستادا:

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م كاتژمێره هۆشمه‌نده لەڕێگەی ئەپی iTranslate توانای وه‌رگێڕانی بۆ ٩٠ زمان هه‌یه:

دواتر باس له‌وه كرا كه ڕێگه‌یان به چه‌ندین كۆمپانیا داوه كه جوانكارییه‌كانی كاتژمێره هۆشمه‌نده درووست بكه‌ن به تایبه‌ت قایشی كاتژمێره‌كان و قایشی ره‌نگی سور بۆ كاتژمێری جۆری وه‌رزشی سپۆڕت، له‌گه‌ڵ چه‌ندین شێواز و نه‌خشاندنی تر بۆ قایشهكان:
وه‌شانی نوێی سیستمی وه‌گه‌رخه‌ڕی watchOS 2 كه تایبه‌ته به كاتژمێره هۆشمه‌نده‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ له ڕێكه‌وتی ١٦ـی ٩ـی ٢٠١٥ به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌رده‌ست ده‌بێت.

● گه‌وره‌ترین نوێ كردنه‌وه و نوێكاری وه ڕاگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی نوێ له زنجیره‌ی ئایپاد:
دوای ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی خێرا باس له نوێكارییه‌كان كرا له‌سه‌ر كاتژمێره هۆشمه‌نده‌كه‌ی كۆمپانیای ئه‌پڵ، تیم كوك جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نه‌وه‌یه‌كی نوێ له زنجیره‌ی ئایپادی ڕاگه‌یاند ئه‌ویش ” ئایپاد پڕۆ ” بوو، كه گه‌وره‌ترین نوێكاری و تازه‌گه‌ری و به‌ره‌و پێشبردن كراوه له‌م ئایپاده له‌و كاته‌ی بۆ یه‌كه‌م جار ئایپاد ڕاگه‌یه‌نراوه، وه تیم كوك ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه ” ئایپاد پرۆ، باشترین ئایپادە کە تا ئێستا درووستمان کردبێت “
ئه‌م تازه‌گه‌ریانه له‌م ئایپاده كراوه جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له نه‌وه‌كانی پێشووتری ئایپاد، چونكه شاشه‌كه‌ی گه‌وره‌تر كراوه بۆ ١٢.٩ ئینچ له چاو نه‌وه‌كانی تری ئایپاد شاشه‌كه‌ی گه‌وره‌تره، وه ڕوونمای شاشه‌كه‌ی ٥.٦ ملیۆن پیكسڵه، كه ئه‌م ڕوونمایهش گه‌وره‌تره بەبەراورد لەوەی له ماك بووك به‌رده‌سته.
وه ئه‌و پرۆسیسهرهی به‌رده‌سته و له‌و جۆره‌ی ئایپاد به‌كار هاتووه بریتیه له A9X، كه ئه‌مه‌ش باشترین جۆر و خێراترین جۆری پڕۆسیسه‌ره له نه‌وه‌كانی پێشووتری ئایپاد، وه گه‌وره‌ترین و باشترین كار كردن پێشكه‌ش كراوه به به‌راورد له‌گه‌ڵ باشترین ئایپادی پێشووتر كه ئایپاد ئێیەر ٢ـه، وه ئه‌م پڕۆسیسه‌ره هیچ جیاوازیه‌كی نیه له چاو ئه‌و پرۆسیسهرانهی كه له‌و كۆمپیوته‌رانه‌ی ئێستا به‌رده‌ستن، له كاتێكدا ئه‌م ئایپاده خێراتره له ٨٠%ـی ئه‌و كۆمپیوته‌ره بچووكه پیشه‌گه‌رانه‌ی ئێستا هه‌ن، له‌گه‌ڵ ده‌ستكاری كردنی و ڤیدیۆ له ڕێگه‌ی ئه‌پی تایبه‌ت به ڤیدیۆكان، وه كار پێكردنی به‌رنامه گه‌وره‌كان وه‌ك ئۆتۆكاد و هتد…


باتری ئه‌م ئایپاده توانای كاركردنی بۆ ماوه‌ی ١٠ كاتژمێر، له‌گه‌ڵ بوونی ٤ بڵندگۆی ستریۆ، دەربارەی تهنكیهكهشی، ته‌نكیه‌كه‌ی بریتیه له ٦.٩ ملم، له‌گه‌ڵ به‌رده‌ست كردنی چه‌ند جوانكاریه‌ك(زیادکراوەیەک) كه ئه‌ویش بۆ یه‌كه‌م جاره كۆمپانیای ئه‌پڵ دوو جوانكاری به‌رده‌ست ده‌خات بۆ به‌كارهێنه‌رانی ئه‌ویش ته‌خته‌كلیلێكی هۆشمه‌ند كه تایبه‌ته به ئایپاده‌كه به ڕێگه‌یه‌كی هۆشمه‌ند په‌یوه‌ست ده‌كرێت به ئایپادهكهوه له ڕێگه‌ی سێ هه‌سته‌وه‌ری موگناتیسی كه له ئایپادهكهدا به‌رجه‌سته كراوه:
دواتر به‌رهه‌مێكی نوێی كۆمپانیاكه كه بریتی بوو له پێنووسێكی زیره‌ك نمایش كرا به ناوی ” Apple Pencil ”، كه به‌كار دێت بۆ كۆمه‌ڵیك کاری ئاڵۆز و گه‌وره وه‌ك وێنه كێشان و كاركردن له‌سه‌ر ئایپاده‌كه و وه ئه‌په‌كانی مایكرۆسۆفت، وه توانایه‌كی هۆشمه‌ندی تێدا به‌رجه‌سته كراوه ئه‌ویش به زیاتر هێز كردن له شاشه‌ی ئایپاده‌كه پێنووسكه شته‌كان به شێوه‌ی ڕوونتر ده‌نووسێ، وه ئه‌م پێنووسهش تایبه‌ت بۆ ئایپاد پڕۆ درووست كراوه و ده‌توانرێت له ڕێگه‌ی شوێنی خواره‌وه‌ی بارگاویكه‌ره‌وه‌ی ئایپاده‌كه بارگاوی بكرێته‌وه.
چه‌نده‌ها تایبه‌تمه‌ندی له پێنووسه هۆشمه‌نده‌كه‌ی كۆمپانیای ئه‌پڵ:
– توانای بارگاوی كردنه‌وه.
– توانای وێنه‌كێشان.
– توانای گه‌وره‌كردن و بچوك كردنی هێله‌كان.
– به‌كارهێنانی ته‌نها له‌گه‌ڵ iPad Pro.
– بوونی چه‌ند هه‌سته‌وه‌رێك لە iPad Pro بۆ ناسینه‌وه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه و باشتر كاركردنی.
ئەمانه نرخی دوو بەرهەمه نوێیەکەی ئەپڵن:
کیبۆردی هۆشمه‌ند: 169$
پێنووسی ئەپڵ: 99$

● كۆمپانیای مایكڕۆسۆفت ئاماده بوو له كۆنگره‌كه، له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئه‌دۆبی کە هاریكاری كۆمپانیای ئه‌پڵ دەکەن لەڕێگەی پەرەپێدان بە ئەپەکانی خۆیان بۆ بەرهەمەکانی ئەپڵ:
یه‌كێك له هه‌واڵه چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كان ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی كۆمپانیای مایكڕۆسۆفت بوو، وه بانگكردنیان بۆ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، وه ڕاگه‌یاندنی هاریكاری به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئه‌پڵ له به‌رده‌ست كردنی چه‌ند ئه‌پێك تایبه‌ت به ئایپاد پرۆ و باس كردنی به‌رنامه‌كانی تایبه‌ت به مایكرۆسۆفت ئۆفیس و كاره‌كانی له‌سه‌ر ئایپاد پڕۆ.
یه‌كێك له تایبه‌ته‌مه‌ندیه هه‌ره گرنگه‌كانی ئه‌په‌كانی ئۆفیس له‌سه‌ر ئایپاد پڕۆ ئه‌وه‌یه ده‌توانی له یه‌ك كاتدا دوو ئه‌پ به‌كاربێنیت و كاره‌كانیان تێهه‌ڵكێشی یه‌كتر بكه‌یت به ئاره‌زووی به‌كارهێنه‌ر، وه پشتگیری كردنی پێنووسی زیره‌ك بۆ ئاسان كردنی كاره‌كانی به‌كارهێنه‌ر.


دواتر كۆمپانیای ئه‌دۆبی له ڕێگه‌ی نوێنه‌ری خۆیان هاتنه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و چه‌ند ئهپێكیان ڕاگه‌یاند كه پشتگیری ته‌واو له ئایپادی پرۆ ده‌كات، وه‌ك Adobe Comp CC و Adobe Photoshop Sketch و Photoshop Fix.
ئه‌پی “Adobe Photoshop Fix” به‌رهه‌مێكی تری كۆمپانیای ئه‌دۆبی بۆ ئایپاد پڕۆ كه توانای ده‌ستكاری كردنی وێنه‌كانی هه‌یه و زۆر خێرایه:

سێ به‌رهه‌می نوێی كۆمپانیای ئه‌دۆبی گونجێنراو له‌گه‌ڵ ئایپاد پڕۆ “Adobe Comp – Adobe Photoshop Fix- Adobe Sketch” كه ده‌توانرێت كاره‌كانیان تێكه‌ڵاو بكرێت و به‌هۆی به كارهێنانی سێ په‌نجه‌وه كاره‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه دواوه.

كۆمپانیای ئه‌پڵ بەهاوکاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بە گەشەپێدانی ئەپی پزیشکی ئه‌پێكی نوێی به ناوی ” 3D4Medical ”ـی تایبه‌ت به خوێندكارانی پزیشكی ڕاگه‌یاند كه یارمه‌تی خوێندكاران و پزیشكان ده‌دات به ئاره‌زووی خۆیان به‌شه‌كانی له‌شی مرۆڤ ببین له‌گه‌ڵ نیشاندانی زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر به‌شه‌كانی له‌شی مرۆڤ و ئیسقانهكان، وه توانای بینینی به‌شه‌كانی مرۆڤ و ماسولكه‌كان و ڕووپۆشی ناوه‌وه و جوڵاندنی ماسولكه‌كان و هێنانه پێش و زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ته‌واوی به‌شه‌كانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ، شكاندن و ده‌ستكاریكردنی ماسولكه‌كان به‌هۆی قه‌ڵه‌مه زیره‌كه‌كه‌ی ئه‌پڵه‌وه وه بینینی به شێوازی 3D وه ئه‌م ئه‌په ته‌واو گونجاوه بۆ ئایپادی پڕۆ.
تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی iPad Pro:
– شاشه‌ی ١٢.٩ ئینچی ڕیتینا.
-نه‌وه‌ی سێیه‌می پرۆسیسه‌ری A9X له‌گه‌ڵ 64 بێت.
– چوار بڵندگۆی ده‌نگی.
– ده كاتژمێر توانای كاركردن.
– كامێرای ٨ مێگا پیكسڵ.
– بوونی وایفایهكی به‌هێز.
– بوونی Touch ID

● ڕاگه‌یاندنی فه‌رمی ئایپادی مینی ٤:
له كۆنگره‌كه‌دا هیچ باسێك و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئایپاد مینی ٤ نه‌درا، له دوای نیشاندانی نرخی ئایپاده‌كان له وێنه‌یه‌كدا ده‌ركه‌وت و ئاماژه به نرخه‌كه‌ی درا كه ٣٩٩$ـی ئه‌مریكی بوو، كه هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی ئایپاد ئه‌یر ٢ـی هه‌یه، كه باس كردن له‌سه‌ری پێده‌چێت دوابخرێت بۆ مانگی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو.

ئه‌مانه نه‌وه‌كانی ئایپاد و نرخهكانیهتی وه ئایپاد پڕۆ نرخه‌كه‌ی ٧٩٩$ـی ئه‌مریكی ده‌بێت و له مانگی ١١ـی ئه‌مساڵ به‌رده‌ست ده‌بێت بۆ فرۆشتن:

● ڕاگه‌یاندی نه‌وه‌یه‌كی نوێ له ئامێری Apple TV، تایبه‌تمه‌ندی و ئه‌په‌كانی:

دواتر تیم كوك به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێ كاری كۆمپانیای ئه‌پڵ ده‌ستی به باس كردنی ته‌له‌ڤزیۆنه نوێیه‌كه‌ی كۆمپانیای ئه‌پڵ كرد، كه داهاتووی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان ئه‌په‌كان ده‌بن، ڕاگه‌یاندنی ئه‌م ته‌له‌ڤزیۆنه بازاری ڕكابه‌ری ته‌له‌ڤزیۆن خۆشتر ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش تایبهتمهندییهكانیهتی:
١. سیسته‌می تایبه‌ت به كارپێكردنی تهلهڤزینهكان به ناوی tvOS.
٢. نوێكاری له ڕوونمای سیسته‌مه‌كه.
٣. كار پێكردنی یارییه ئه‌لیكتڕۆنیه‌كان.
٤. توانای كار پێكردنی یارییه‌كان له ڕێگه‌ی كۆنتڕۆڵی تیڤیهكهوه.
٥. بوونی فرۆشگای ئه‌په‌كان.
٦. شێوه‌ی هاوچه‌رخ و پیشه‌گه‌ر.
٧. پشتگیری كردن له فرمان ده‌نگییه‌كان.
٨. هیچ فرمانێكی وزه‌ی نیه بۆ كارپێ كردنی ئامێره‌كه.
٩. بوونی سیری له ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌دا.
هه‌موو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه و زیاتریش بوونی هه‌یه له نوێترین ئامێری ئه‌پڵ تی ڤی، له كاتێكدا ئه‌م ئامێره هۆشمه‌ندترین و باشترینه.
Apple TV نوێ نرخی ٦٤ گێگا بایتیهكهی ١٩٩$ـی ئه‌مریكی و ٣٢ گێگابایتیهكهی ١٤٩$ـی ئه‌مریكیه.
● ڕاگه‌یاندنی فه‌رمی بۆ هه‌ردوو ئایفۆنی ٦ ئێس و ٦ ئێس پڵه‌س:
تیم كوك ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئایفۆنی ٦ باشترین جۆری ئایفۆن بووه له مێژوودا، وه ئایفۆنی ٦ئێس باشترین جۆری ئایفۆنه له ئێستادا وه گه‌وره‌ترین ته‌كنیكی تێدا به‌كارهێنراوه.
١. ئایفۆنی ٦ ئێس ته‌كنه‌لۆژیای 3DTouch تێدا به‌كارهێنراوه:

له‌گه‌ڵ 3D Touch دا ده‌توانیت ئاسانتر بگه‌یت به كاره‌كانت. ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به درێژی ئه‌وكاته‌ی كه په‌نجه له‌سه‌ر شاشه‌كه داده‌نێیت، ڕێگات پێ ده‌دات به ئه‌نجامدانی شته پێویسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێراتر و ساده‌تر. 3D Touch نه‌وه‌ی داهاتووی Multi-Touch ـه.
٢. كامێرا:

- كامێرایه‌ك به‌ڕوونی 12 مێگاپیكسڵ
- ڤیدیۆی 4K
- وێنه‌ی زیندوو
كامێرای دوو نه‌وه نوێیه‌كه‌ی ئه‌پڵ زۆر گرنگی پێدراوه و باشتر كراوه، ڕوونی كامێراكه به‌رز كراوه‌ته‌وه بۆ 12 مێگاپیكسڵ. توانای تۆماركردنی ڤیدیۆی 4K هه‌یه، له دوو نه‌وه نوێیه‌كه كامێرای پێشه‌وه‌ش باشتر كراوه و ڕوونیه‌كه‌ی به‌رز كراوه‌ته‌وه بۆ 5 مێگا پیكسڵ، له‌گه‌ڵ بوونی هه‌سته‌وه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ڕوخسار و تایبه‌تمه‌ندی كامێرای FaceTime HD. وه هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندی وێنه‌ی زیندووش له‌خۆ ده‌گرێت، كه ته‌نها به‌په‌نجه پێوه‌نانی بۆ یه‌كجار ئه‌وا وێنه‌كه ده‌ست به جووڵه ده‌كات.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش، تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆییە بە ڕوونی 4K کە ٤ چار لە ئێچ دی بەرزترە و بەئاسانی دەتوانی بیهێنیتە پێشەوە لەکاتی سه‌یركردنی ڤیدیۆی 4K و چێژ لەو ٨ ملێۆن پێکسڵە وەرگریت.

جگه له‌مانه‌ش كامێراكه دوو تایبه‌تمه‌ندی تری هه‌یه له‌كاتی تۆماركردن ئه‌وانیش “Time-lapse خێراكردنی ڤیدیۆ” وه “Slo-mo video .”هێواش كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ:

٣. ته‌كنه‌لۆژیا:
ئه‌پڵ له دوو نه‌وه نوێیه‌كه‌یدا چیپێكی نوێی به‌كارهێنا به‌ناوی A9، كه به‌گوێره‌ی خۆیان پێشكه‌وتوترین چیپه له مۆبایله زیره‌كه‌كاندا. A9 به جۆری 64-بیت كار ده‌كات، كە له‌ڕووی ته‌كنه‌لۆجیا و به‌شه‌كانیدا دوو نه‌وه نوێیه‌كه له‌چه‌نده‌ها به‌شی پته‌و و چیپی نوێ پێكهاتوون له‌وانه:
شاشه‌یه‌كی ڕیتینای جۆری HD له‌گه‌ڵ له‌خۆگرتنی تایبه‌تمه‌ندی 3D Touch

پرۆسیسه‌ری A9 له‌گه‌ڵ جۆری 64-بیت، %70 خێراتر له‌ڕووی جێبه‌جێكردنه‌وه، %90 خێراتر له‌ڕووی كاری گرافیكیه‌وه:

پڕۆسێسه‌ری M9 بۆ كاری جوڵه:

٤. تایبه‌تمه‌ندی Touch ID و نه‌وه‌ی دووه‌می:

وای فای و LTE خێراتر
٥. دیزاین و ڕووكار:
نه‌وه نوێیه‌كان ڕووپۆشكراون به ئه‌له‌منیۆمی زنجیره‌ی 7000، به‌هێزترین به‌رگ، شوشه‌یه‌كی خۆڕاگر، وه هه‌روه‌ها ڕه‌نگێكی گوڵی زێری نوێ كه هاوشان ده‌بێت له‌گه‌ڵ خۆڵه‌مێشی، زیوی، و هه‌روه‌ها زێڕی. له‌ڕووی شاشه‌وه، iPhone 6s Plus قه‌باره‌ی شاشه‌كه‌ی 5.5 ئینچه لە جۆری ڕیتینای ئێچ دی به‌ڕوونی 1920×1080 پێکسڵ و تایبه‌تمه‌ندی 3D Touch، هه‌روه‌ها iPhone 6s قه‌باره‌ی شاشه‌كه‌ی 4.7 ئینچه لە جۆری ڕیتینای ئێچ دی به‌ڕوونی 1334×750 پێکسڵ و تایبه‌تمه‌ندی 3D Touch.
٦.نه‌وه‌ی دووه‌می Touch ID
هه‌سته‌وه‌ره‌كانی نه‌وه‌ی دووه‌می Touch ID زۆر خێراتر و باشترن له نه‌وه‌ی پێشوو.
٧. چوار ڕه‌نگی به‌رده‌ست كراوه بۆ به‌كارهێنه‌ران:

هه‌ردوو نه‌وه نوێیه‌كه (iPhone 6s , iPhone 6s plus) له ٢٥ـی ئه‌م مانگه (25 ی ئه‌یلول) به‌رده‌ست ده‌بن بۆ كڕین.

ئه‌مانه هه‌موو تایبه‌تمه‌ندی و نوێكاریه‌كانی ئه‌و دوو نه‌وه نوێیه بوون. دوو نه‌وه نوێیه‌كه جیاوازیان ته‌نها له قه‌باره و شاشه‌دا هه‌یه، ئه‌گینا له‌ڕووی به‌رنامه و تایبه‌تمه‌ندی له زۆربه‌ی شته‌كاندا هاوبه‌شن.ئه‌مانه جیاوازیه‌كانی ئه‌و دوو نه‌وه‌یه‌ن :
iPhone 6S :
قه‌باره‌ی شاشه : 4.7 ئینچ
ڕوونی شاشه : 1334×750 پیكسڵ
به‌رزی : 5.44 ئینچ
پانی : 2.64 ئینچ
قوڵایی : 0.28 ئینچ
كێش : 143 گرام
iPhone 6S Plus:
قه‌باره‌ی شاشه : 5.5 ئینچ
ڕوونی شاشه : 1920×1080 پیكسڵ
به‌رزی : 6.23 ئینچ
پانی : 3.07 ئینچ
قوڵایی : 0.29 ئینچ
كێش : 192 گرام
-نرخ و قه‌باره
نرخه‌كانی iPhone 6S بۆ فاكتۆری ئه‌نلۆك:
قه‌باره‌ی 16 گێگابایت : 649$
قه‌باره‌ی 64 گێگابایت: 749$
قه‌باره‌ی 128 گێگابایت: 849$
نرخه‌كانی iPhone 6S Plus بۆ فاكتۆری ئه‌نلۆك:
قه‌باره‌ی 16 گێگابایت : 749$
قه‌باره‌ی 64 گێگابایت: 849$
قه‌باره‌ی 128 گێگابایت: 949$
………………………………………………………………….
گرنگ: ئەپڵ ئەپڵیکەیشنێکی تازەی درووست کردووه به ناوی ” Move to iOS ” که دەتوانێت هەموو جۆرە فایلێک بگوازێتەوە بۆ ئەو ئامێرانەی که به سیسته‌می ئەندرۆید کار دەکەن ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ڵێك بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كه‌س ئامێره‌كانیان له ئه‌ندرۆیده‌وه بگۆڕن بۆ iOS.
● سه‌باره‌ت به هه‌ردوو سیسته‌می iOS 9 و OS X El Capitan:
وه‌شانی iOS 9 له ١٦ـی ئه‌م مانگه‌وه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وه‌شێنرێت و پشتگیری له‌م ئامێرانه ده‌كات:

وەشانی نوێی سیستەمی وەگەرخەری OSX El Capitan لە ٣٠ ئەم مانگە بە فەرمی بە گشتی دەکرێت و بۆ بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت.
له كۆتایی دا پێویسته سوپاسێكی بێ پایانی هه‌ر یه‌ك له كاك سه‌ردار و كاك ئه‌نه‌س بكه‌م كه ماندوو بوون له گواستنه‌وه‌ی ئه‌م كۆنگره‌یه و ڕووماڵ كردنی به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، وه سوپاسێكی بD پایانیش بۆ كۆمپانیای خاره كه سپۆنسه‌ری گواستنه‌وه‌ی ئه‌م كۆنگره‌یان خسته ئه‌ستۆی خۆیان و هاوكاری ته‌واویان كردین له گواستنه‌وه‌ی.
مەنسوڕ بڵباس
دەرچووی به‌شی كارگێری كۆلیژی به‌رێوه‌بردن و ئابوریم، و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینم له ماڵپه‌ری تۆڕی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری كوردی، وه‌كو شاره‌زا له بواری خۆپاراستن و كۆمپیوته‌ر و هه‌ردوو سیسته‌می ویندۆز و ماك ئۆ ئێكس و مۆبایل به تایبه‌ته‌ی ئامێره‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ و سیسته‌می iOS و Android کاردەکەم و لەو بوارە دەنوسم. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیای تازه تێكهڵم. هه‌وڵ ده‌دەم به‌رگێكی تازه به‌به‌ر شێوازی ڕاگه‌یاندنی ته‌كنه‌لۆژیادا بكەم له‌كوردستان ودهمەوێت بیخەمە سه‌ر ڕێڕهویی جیهان و له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌نگاو بنێت.