ئەندرۆید 15, كانونی دووه‌م 2016

ڕووتکردنی ئەندرۆید چییە؟ سوود و زیانەکانی چیین؟

Android Root2“ڕووت” کردنى ئەندرۆید، بەهەمانشێوەى جەیڵبرێکردنى ئاى ئۆ ئێس، بریتییە لە کردنەوەى سیستەم و تێکشکاندنى ئەو سنوورەى کە کۆمپانیاى خاوەن سیستەم بۆ بەکارهێنەرى داناوە و تواناى کۆنترۆڵکردنى ئەو بەشانەى پێشتر نەتتوانیوە کۆنتڕۆڵى بکەیت. ئێستا “ڕووت” کردنى سستمى ئەندرۆید لە ڕێگەى چەندین بەرنامەوە بە ئاسانى دەتوانرێت بۆ زۆربەى مۆبایلەکان بکرێت جگە لە هەندێک مۆبایل نەبێت کە کەمێک وردەکارى دەوێ، ئەم بەرنامانەش لەلایەن گەشەپێدەران و هاککەرانەوە دروست دەکرێت دواى کارێکى زۆر و دۆزینەوەى کون و کەلەبەرکانى ئەو سیستمە کە دەتوانن لە ڕێگەیانەوە بچنە ناو وردەکارى سیستەمەکەوە، و ئەمەش بە هەموو گەشەپێدەرێک ناکرێت. بەڵام ئێستا لەلاى خۆمان زۆرکەس تەنها بۆ بەکارهێنانى چەند بەرنامەیەک ئەم کارە بەسەر مۆبایلەکانیان دێنن، بەبێ ئاگادارى لە زیانەکانى، کە دەمەوێت بە کورتى باسى هەردوو سوود و زیانەکانیتان بۆ بکەم.

سوودەکانى:

دەتوانیت هەندێک کار بکەیت کە بەکاهێنەرێکى ئاسایى ناتوانێت بیانکات وەک

  1. توانایى گۆڕینى جوانکارى، واتە ڕەنگ و دیزاینى بەرنامەکانى سیستەم خۆى
  2. کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى سى پى یو و کێرنێڵ
  3. کۆنتڕۆڵکردنى بەرنامەکان و ڕیسێتکردن و باکئەپکردنى ئەپەکان، ئەویش لە ڕێگەى بەکارهێنانى هەندێک بەرنامەوە
  4. بەکارهێنانى هەندێک بەرنامەى وەک هاککردنى یارییەکان و واى فاى و..
  5. ئەگەر کەسێکى زۆر بلیمەت بیت و شارەزاى باشت هەبێت لە سیستەمەکە ئەوا دەتوانیت بە دەستکارى کردنى سیستەمەکە، وەشانێک نوێى دەربکەیت بە ویستى خۆت!

زیانەکانى:

ئەگەر گەشەپێدەر نەبیت و تەنها بەکارهێنەرێکى ئاسایى بیت، بە دڵنیاییەوە ئەم زیانانەى بۆت هەیە

  1. نەمانى پەیوەندى لە نێوان و مۆبایلەکەت و کۆمپانیا و سوود وەرنەگرتن لە خزمەتگوزارییە نوێکان
  2. پێنەگەشتنى وەشانى نوێى سیستەم، واتە ناتوانیت سیستەمەکەت نوێ بکەیتەوە بۆ وەشانى نوێ
  3. لە دەستدانى گەرەنتى پاراستنى شتە تایبەتییەکانى وەک وێنە و ڤیدیۆ لە لایەن کۆمپانیاوە
  4. خاوبوونەوەى مۆبایلەکەت
  5. تەنها یەک هەڵەى بچووک بەسە بۆ لەدەست دانى داتاى ناو مۆبایلەکەت یان تێکچوونى سیستەمەکە تەنانەت سووتانى مۆبایلەکەت لەکاتى پڕۆسەى ڕووتکردندا
  6. ئەو کەسانەى ئەو پڕۆگرامانە دروستدەکەن بۆ ڕووتکردن، بە دڵنیاییەوە هاککەرى بە تواناشن، بۆیە دواى ڕووتکردن ئەپێک دادەبەزێت کە بەپێ ئەو بەرنامەى مۆبایلەکەتى پێ ڕووت دەکەیت دەگۆڕێت بە زۆر ئەم بەرنامانەن:
    Superuser, KingUser, MobileGo
    کە لەڕێگەیانەوە گشت ئەپەکانی نێو مۆبایلەکەت کۆنترۆڵ دەکەیت بەتایبەتى ئەوانەى پیویستبان بە ڕووت هەیە، بۆیە بەڕاى من گەشەپێدەرەکە یان “هاککەر”ەکە وەک چۆن بەرنامەکەى دەتوانێت شتەکان کۆنترۆڵ بکات، خۆشى دەتوانێت ئەو مۆبایلانە کۆنترۆل بکات کە بەرنامەکەى تێیاندا دامەزراوە.

لەدوای باسکردنی سوود و زیانەکانی ئەم پڕۆسەیە، ئێستا بڕیار لە دەست خۆتە و خۆت سەرپشکی لە ئەنجامدانی یان نا!

بۆچونی تۆ