بابەتی گرینگ 25, كانونی دووه‌م 2016

فەیسبووك گەنجێكی كورد بە ٢٥ هەزار دۆلار خەڵات دەكات

189078Image1

 

گەنجێكی خەڵكی دهۆك، تۆڕی فەیسبووك لە پرۆگرامێكی مەترسیدار لەسەر پێگەكە ئاگادار دەكاتەوە و چۆنیەتی مەترسییەكەیان بە ڤیدیۆ بۆ دەنێرێت. ئیدارەی فەیسبووكیش سوپاسنامەیەك و بڕی 25 هەزار دۆلاری وەكو دیاری بۆ دەنێرن.

عومەر محەممەد، قوتابی قۆناغی چوارەمی ئەندازیاریی كۆمپیوتەر لە زانكۆی دهۆك، باسی دۆزینەوەی ئەو كەلێنە ئەمنییەی فەیسبووك دەكات و دەڵێت “هەندێك پرۆگرام هەن لەسەر فەیسبووك، زۆر مەترسیدارن، بۆ نموونە دەتوانی نامە بۆ كەسێك بنێرێ و بە ئاسانی پاسوۆردەكەی وەربگری یان هاكی بكەیت”.

عومەر، ئەو مەترسیانە هەنگاو بە هەنگاو بە ڤیدیۆ تۆمار دەكات و بۆ فەیسبووكیان دەنێرێت. ئەوانیش لەلای خۆیان سەیری ڤیدیۆكە دەكەن و دڵنیا دەبن كە ئەوەی ئەو دەیڵێت راستە.
دوای ناردنی ڤیدیۆكە، ئیدارەی فەیسبووك سوپاسنامەیەكی بۆ دەنێرن و بڕیاریش دەدەن بە 25 هەزار دۆلار خەڵاتی بكەن.

فەیسبووك ناوی ئەو كەسانە لە تۆڕەكە دادەنێ كە هەڵەیەكیان بۆ راست دەكەنەوە، یان بە داهێنان یارمەتیی پێشخستنی دەدەن. عومەر چاوەڕێ‌ دەكات ناوی ئەویش بۆ لیستی ئەو كەسانە زیاد بكرێ‌. ناوەكەشی بەو شێوەیە ناردووە (عومەر محەممەد- كوردستان). ئەو دەڵێت “بەو شێوەیە ناوەكەم ناردووە، بۆئەوەی ناوی كوردستان بكەوێتە سەر پێگەیەكی گەورەی وەكو فەیسبووك”.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

بۆچونی تۆ