ئەندرۆید
22, شوبات 2016
سامسۆنگ لە کۆنگرەکەیدا چی نوێی ڕاگەیاند؟

کۆمپانیای سامسۆنگ لەمیانەی بەشداری کردنی لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل 2016 MWC ـدا کۆنگرەیەکی تایبەت بە خۆی ئەنجامدا بۆ ڕاگەیاندنی چەند بەرهەمێکی نوێ لەوانە گالاکسی S7 و S7 Edge بە چەند تایبەتمەندییەکی بەرز, لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئامێری تۆمارکەری ڤیدیۆیی نوێی Gear 360 کە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەیە بە شێوەی ٣٦٠ پلەیی .

Galaxy S7 – S7 Edge
سەرەتا لە کۆنگرەکەدا هەردوو مۆبایلی نوێی Galaxy S7 و S7 Edge ڕاگەیەنران. لەڕووی پێکهاتە و ڕووکاری دەرەوەیان, هەردوو مۆبایلەکە لە شووشە و کانزا دروست کراون , لەڕووی پشتەوەی مۆبایلەکان چەمانەوەیەک هەیە کە هەردوو لای بەرگی دەرەوەی مۆبایلەکە بەیەک دەگەیەنێت ,ئەمەش وەکو جوانکاریەک بەکارهاتووە.هەروەها شێوەی پاکەتی مۆبایلەکە گۆڕدراوە و جوانتر کراوە.

جگە لەمانە مۆبایلەکان تایبەتمەندی دژە ئاویان بۆ زیاد کراوە, کە مۆبایلەکان دەتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن لە قوڵایی 1.5 مەتری ئاو و بۆ ماوەی 30 خولەک.بەمەش تۆ پارێزراو دەبیت لەکاتی بەربوونەوەی مۆبایلەکەت لەناو ئاودا و تەکنەلۆژیای بەهێز بەکارهاتووە بۆ پاراستنی مۆبایلەکە کە بریتییە لە پارچەی IP68 .


یەکێک لەو شتانەی کە زۆر گرنگی پێ دراوە لەم دوو مۆبایلە نوێیەدا , کامێراکەیەتی.زۆر جار کەسی وێنەگر تووشی کێشە دەبێت کاتێک لە شوێنێکە کە ڕووناکیەکەی زۆر کەمە,کامێرای ئەم مۆبایلە توانای زیادکردنی خۆکارانەی ڕووناکی هەیە ئەگەر ڕووناکیش کەم بێت بە توانایەکی یەکجار بەرز ئەویش بە لێنزێکی ڕووناکتری F1.7 لەگەڵ پیکسڵێکی گەورەتر بۆ ئەوەی زیاتر ڕووناکی بە وێنەکە ببەخشێت.

لەکاتی کۆنگرەکەدا وێنەیەکی گیراو بەکامێرای Galaxy S7 بەراورد کرا بە وێنەیەکی گیراو بە کامێرای iPhone 6s Plus کە تیایدا جیاوازییەکی گەورە بەدی دەکرێت لەنێوان دوو وێنەکەدا!

ڕوونی کامێراکەی 12 مێگاپیکسڵە , چاکسازی و پەرەپێدانێکی زۆر لە بەشەکانی کامێراکە کراوە بەشێوەیەک لە سەدان پیکسڵ پێکدێت لەگەڵ بوونی چەندەها هەستەوەر ئەمەش کارئاسانی دەکات بۆ خێرا فۆکس کردن و وردبوونەوە لە دیمەنەکان.


هەروەها دەتوانرێت لەکاتی گرتنی پانۆڕامادا بکرێت بە شێوەی ڤیدیۆیی و پانۆراماکە بجوڵێنرێت.تایبەتمەندییەکانی تری کامێراکە برییتیە لە ڕووناکیدان (فلاش) لە کاتی گرتنی وێنەی سێڵفی و گرتنی وێنەی سێڵفی بەشێوەیەکی درێژ بە ١٢٠ پلەیی.
کامێرای پێشەوە:

کامێرای پشتەوە:


لایەنێکی تر کە سامسۆنگ لە مۆبایلە نوێیەکەیدا گرنگی پێداوە بریتییە لە بەرزکردنەوەی توانای یاریکردن (Gaming) و گرافیکی یارییەکان.پێشتر لە زۆربەی مۆبایلەکان زۆرترین کێشە ئەوەبوو کە توانای یاریکردنیان زۆر لاواز بوو, لە ئێستاشدا ئەو کێشەیە بەردەوامە و خۆمان هەست دەکەین کە ناتوانین یاری زۆر بەرز لەڕووی قەبارە و گرافیکەوە کار پێ بکەین, گەر کاریشی پێ بکەین لەوانەیە مۆبایلەکەمان زۆر بە زوویی گەرم ببێت و پاتریەکی زۆریشی لێ بڕوات!بەڵام ئەمجارە بە گوتەی سامسۆنگ ئەوان چاکسازییەکی زۆریان لەو لایەنانەدا کردووە و توانای مۆبایلەکە زۆر بەرزە بۆ یاریکردن,چەندەها تایبەتمەندییان بۆ مۆبایلەکە زیاد کردووە لە کاتی یاریکردن ئەویش بەمەبەستی پاراستنی پاتری مۆبایلەکە .

لەکاتی یاریکردن دا چەند ئامڕازێک هەن کە دەتوانرێت بەپێی ئارەزووی یاریکەر کۆنترۆڵ بکرێن, لەوانە پاراستنی تەمەنی پاتری و گرتنی وێنەی یاری و نەهاتنی ئاگاداری لەکاتی یاری و هەروەها تۆمارکردنی یاری.

- پڕۆسێسەر و پاتری و توانای جێبەجێکردن

لەگەڵ پڕۆسێسەرێکی نوێی تایبەت و ڕامی 4 گێگابایت,مۆبایلەکە خێراییەکی لە ڕادەبەدەری هەیە و توانایەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ خێرا بەجێهێنانی کردارەکان و کارپێکردنی ئەپڵیکەیشنەکان ,پەخش کردنی ڤیدیۆ,یاریکردن. پڕۆسێسەرەکانی ئەو دوو مۆبایلە بریتین لە (Snapdragon 820) و (Exynos 8890 Octa).

هەروەها مۆبایلەکە پشتگیری میمۆری دەرەکی (MicroSD) دەکات و دەتوانرێـت میمۆری دەرەکی بۆ مۆبایلەکە بەکاربهێنرێت بۆ زیادکردنی فراوانی بیرگەی مۆبایلەکە.

پاتری ئەو دوو مۆبایلە هێزێکی زۆرباشی هەیە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزگاری لە تەمەنەکەی بکات,پاتری Galaxy S7 فراوانییەکەی 3000 میلی ئەمپێرە و هی S7 Edge فراوانییەکەی 3600 میلی ئەمپێرە.بەهۆی ئەمەشەوە دەتوانرێت تەنها بە ماوەی 90 خولەک پاتری Galaxy S7 پڕ بکرێت (%100) و S7 Edge ــیش بە ماوەی 100 خولەک.

شاشەی مۆبایلەکان هەستەوەریەکی زیاتریان هەیە و چەند کورتەڕێگا (Shortcut) ـێک لەخۆدەگرن کە کارئاسانی دەکەن.قەبارەی شاشەی گالاکسی ئێس ٧ 5.1 ئینچە و ئێس ٧ ئێجیش 5.5 ئینچە بە کوالێتی ئێچ دی و تەکنەلۆژیای Super Amoled.


جگە لەمانەش شاشەکە تایبەتمەندییەکی نایاب لەخۆدەگرێت,شاشەی مۆبایلەکە بە بەردەوامی و بۆ هەمیشەیی کراوەیە و ناکوژێتەوە بەبێ ئەوەی لە تەمەنی پاتری بڕوات, لەسەر شاشەکە کات و بەروار و پلەی گەرمی و چەند ئاگادارییەکی تێدا هەیە.
جگە لەمەش دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت ستایلی شاشەکە بگۆڕیت و چەند ستایلێکی تر دابەزێنیت کە لە کۆگای تایبەت بە ستایلەکان هەیە.

- تایبەتمەندییەکانی Samsung Galaxy S7:
- شاشەیەک بە ئەندازەی 5.1 ئینچ بە کوالێتی QHD و لە تەکنەلۆژیای SUPER AMOLED
- پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 820 لەگەڵ جۆرێکی تری پڕۆسێسەری Samsung Exynos 8890 Octa
- ڕام : ٤ گێگابایت
- فراوانی بیرگەی ناوەکی : ٣٢ گێگابایت
- پشتگیری لە MicroSD دەکات
- کامێرای پشتەوەی بە ڕوونی ١٢ مێگاپیکسڵ
- کامێرای پێشەوەی بە ڕوونی ٥ مێگاپیکسڵ
- پاتری بە فراوانی ٣٠٠٠ میلی ئەمپێر
- تایبەتمەندییەکانی Samsung Galaxy S7 Edge:
- شاشەیەک بە ئەندازەی 5.5 ئینچ بە کوالێتی QHD و لە تەکنەلۆژیای SUPER AMOLED
- پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 820 لەگەڵ جۆرێکی تری پڕۆسێسەری Samsung Exynos 8890 Octa
- ڕام : ٤ گێگابایت
- فراوانی بیرگەی ناوەکی : ٣٢ گێگابایت
- پشتگیری لە MicroSD دەکات
- کامێرای پشتەوەی بە ڕوونی ١٢ مێگاپیکسڵ
- کامێرای پێشەوەی بە ڕوونی ٥ مێگاپیکسڵ
- پاتری بە فراوانی ٣٦٠٠ میلی ئەمپێر
مۆبایلەکان لە ١١ ی مانگی داهاتووەوە دەست دەکرێت بە فرۆشتنیان,بەڵام تا ئێستا نرخەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە.
هەروەها جگە لە ڕاگەیاندنی ئەو دوو مۆبایلە , سامسۆنگ ئامێرێکی نوێی بە ناوی “Samsung Gear 360” ڕاگەیاند.ئامێرەکە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەیە بە شێوەی ٣٦٠ پلەیی و دەتوانرێت بە هەردوو مۆبایلی Galaxy S7 و S7 Edge ببەسترێتەوە و لەڕێگای ئەوانەوە کۆنترۆڵ بکرێت, هەروەها لەڕێگای سەیرکەرەکەیەوە دەتوانرێت ئەو ڤیدیۆیانەی کە تۆمارکراون جارێکی دیکە ببینرێنەوە.

هەر لە کاتی کۆنگرەکەدا مارک زوکەربێرگ-ی بەڕێوەبەری گشتی فەیسبووک دەرکەوت کە تیایدا باسی گرێبەستێکی کرد لەنێوان سامسۆنگ و فەیسبووک , ئەویش بۆ دروستکردنی سەیرکەری Gear VR لەلایەن کۆمپانیای Oculus ـەوە کە ئەویش سەر بە فەیسبووکە, هەروەها باسی لە چەند تایبەتمەندی و خزمەتگوزاریەکی تازە کرد بۆ فەیسبووک بە مەبەستی بینینی ڤیدیۆی ٣٦٠ پلەیی و بڵاوکردنەوەی.

ئەنەس هاوار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.