ئای ئۆ ئێس 20, ئازار 2016

پێویستە چی بزانیت دەربارەی کۆنگرەکەی سبەینێی ئەپڵ

Babat-BG

بڕیار وایە کۆمپانیای ئەپڵ سبەی دووشەممە بەرواری (٢١\٣\٢٠١٦) هاوکات لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی نەورۆز کۆنگرەیەک سازبکات. کۆنگرەکە کاتژمێر ٨ ی شەو بەکاتی هەولێر دەستپێدەکات لەبنکەی سەرەکی ئەپڵ لە کیوپەرتینۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیا سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وە لەژێر ناوی “Let us loop you in”  بەمانای “لێمانگەڕێن ئێوە بکەین بە بەشێک لە دەستەکەمان“، لە کۆنگرەکەدا سەرنج دەخرێتە سەر ڕاگەیاندنی چەند بەرهەمێکی بچووک یاخود چەند جۆرێکی نوێ لە نەوەکانی پێشووی ئەپڵ، چاوەڕوان دەکرێت دوو بەرهەمی نوێ ڕابگەیەنرێت کە بریتین لە ئایفۆنێکی نوێی ٤ ئینچی و ئایپاد پڕۆیێکی نوێ بە قەبارەی ٩.٧ ئینچ لەگەڵ چەند جۆرێکی نوێی کاتژمێری ئەپڵ (Apple Watch) . جگە لەم بەرهەمانەش پێدەچێت لە کۆنگرەکەدا وەشانی کۆتایی و فەرمی هەر یەک لە iOS 9.3 و tvOS 9.2 و watchOS 2.2 هەروەها OS X 10.11.4 بڵاوبکرێتەوە. لەم بابەتەدا سەرنج دەخەینە سەر ئەو بەرهەمانەی کە لە کۆنگرەکەدا ڕادەگەینرێن و باسێکی تەواو لە تایبەتمەندی و زانیارییەکانیان دەکەین بەڵام نەک تایبەتمەندی فەرمی، بەڵکو ئەو تایبەتمەندیانەی کە پێشبینی کراون و وەکو پڕوپاگەندە بڵاوکراونەتەوە.

iPhone SE

Upcoming-4-inch-Apple-iPhone-5se-to-be-renamed-simply-to-iPhone-SE

  • ناو و دیزاین

iphone5se

مۆبایلی iPhone SE قەبارەیەکی ٤ ئینچی دەبێت، پێدەچێت ئەمە وەشانێکی تایبەتی ئایفۆن شەش بێت بەڵام لەجێگای ئەوەی ئەپڵ ناوی بنێت (iPhone 6c) ناوی ناوە (iPhone SE) ئەمەش بەپێی سەرچاوەکان. لێرەدا دوو بۆچوون هەیە دەربارەی ناونانی بە (SE)، هەندێک دەڵێن کە ئەمە جۆرێکی تایبەتی (iPhone 5s)ـە بەڵام بە قەبارەیەکی بچووکتر و لەگەڵ زیادکردنی چەند تایبەتمەندییەکی نوێ، بە پێچەوانەشەوە هەندێکی تر دەڵێن ئەمە جۆرێکی تایبەتی (iPhone 6)ـە بەڵام بە قەبارەیەکی بچووکتر و لابردنی چەند تایبەتمەندییەکی ئایفۆن شەش. لەسەرەتادا وا بڵاوکرایەوە کە ئەپڵ ناوی ئەو ئایفۆنە نوێیە دەنێت (iPhone 5SE) ئەمەش وەکو نیشانەیەک بۆ ئەوەی کە ئەو ئایفۆنە نوێیە جۆرێکی تایبەتی (Special Edition)ـی iPhone 5s دەبێت بە چەند تایبەتمەندییەکی زیاتر، بەڵام دواتر ئەوە ڕەتکرایەوە و ناوەکەی گۆڕدرا بە (iPhone SE). بەپێی پڕوپاگەندەکان (iPhone SE) هیدفۆنێکی وایەرلێس (بێ وایەر)ـی دەبێت. هەر بەپێی پڕوپاگەندەکان دیزاین و شێوەی ئایفۆنەکە نزیک دەبێت لە شێوەی (iPhone 5s) کە چوارچێوەکانی شێوەیەکی چەماوەییان دەبێت هاوشێوەی ئایفۆن پێنج ئێس، هەروەها پێشبینی دەکرێت دوگمەی پاوەر واتا دوگمەی هەڵگیرساندن و کوژاندنەوە هەر لە سەرەوەی ئایفۆنەکە دەمێنێتەوە هاوشێوەی (iPhone 5s). کاتێک iPhone 5s ڕاگەیەنرا بە سێ رەنگەوە بەردەست کرا لەلایەن ئەپڵەوە ئەوانیش بریتیبوون لە ڕەنگەکانی: خۆڵەمێشی، زیوی، زێڕی، دوای ئەوە ئەپڵ لە ڕاگەیاندنی نەوە نوێیەکانی ئایفۆن ڕەنگی زێڕی سڕیەوە، بەڵام پێدەچێت ئەپڵ دووبارە لە (iPhone SE) ڕەنگی زێڕی بەردەست بکاتەوە .

  • خزمەتگوزاری Apple Pay، پڕۆسێسەری A9، کۆپڕۆسێسەری M9، پاڵپشتی لە Siri 

_00c82810-cf20-11e5-94bd-a06a76346e8f

بەپێی پڕوپاگەندەکان مۆبایلی (iPhone SE) بەهۆی زیادکردنی پارچەیەکەوە دەتوانێت پشتگیری لە خزمەتگوزاری (Apple Pay) بکات هاوشێوەی مۆبایلەکانی (iPhone 6 و 6s). هەروەها مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری (A9) و کۆپڕۆسێسەری (M9) کاردەکات، کە ئەمەش پێشکەوتووترە لە چاو iPhone 5s کە بە پڕۆسێسەرەکانی (A7 و M7) کاری دەکرد، ئەو دوو پڕۆسێسەرە یارمەتی یەکتر دەدەن بۆ خێراتر ئەنجامدانی ئەرکەکان و باشترکردنی هەڵگری داتا. جگە لەمانەش iPhone SE پشتگیری لە تایبەتمەندی Siri دەکات بە چاکسازی زیاتر و خێرایی باشتر.

  • کامێرای ١٢ مێگاپیکسڵ، ڤیدیۆی 4K، وێنەی زیندوو، پاڵپشتی لە 3D Touch ناکات

iphone-lineup

گرنگترین نوێکاری لەم ئایفۆنە بریتیە لە باشترکردنی کامێراکەی و پارچەکانی. بەهەمان شێوەی iPhone 6s، مۆبایلی iPhone SE دەتوانێت وێنەی ڕاستەوخۆ بگرێت و دواتر سەیری بکرێتەوە، لە iPhone 6s تایبەتمەندی وێنەی ڕاستەوخۆ بەهۆی خزمەتگوزاری 3D Touch کاری دەکرد ئەمەش بە دەستدان لەشاشەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەڵام لە iPhone SE تەنها بە دانانی پەنجە لەسەر شاشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وێنەی ڕاستەوخۆ کاردەکات، کەواتە iPhone SE تایبەتمەندی 3D Touchـی نابێت. بەپێی پڕوپاگەندەکان مۆبایلەکە کامێرایەکی هاوشێوەی iPhone 6s دەبێت کە ڕوونییەکەی ١٢ مێگاپیکسڵە و پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆی 4K دەکات.

  • نرخ و فراوانی بیرگە

maxresdefault1

بەپێی سەرچاوەکان هەر کە iPhone SE ڕاگەیەندرا دوای هەفتەیەک بەفەرمی لە بازاڕەکان بڵاو دەکرێتەوە و بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن، هەروەها لەکاتی بڵاوکردنەوەی داشکاندن لە نرخی iPhone 5s دەکرێت و لەجێگایدا iPhone SE نرخەکانی ئێستای iPhone 5s وەردەگرێت. لە ئێستادا، iPhone 5s بە هەردوو نرخی 450$ و 500$ بەردەستە بە فراوانی ١٦گێگابایت و ٣٢گێگابایت، کەواتە iPhone SE هەمان ئەو نرخانە وەردەگرێت، بەڵام فراوانی ٣٢ گێگابایت زیاد دەکرێت و دەکرێت بە ٦٤ گێگابایت، کەواتە بەپێی پڕوپاگەندەکان نرخی iPhone SE بە فراوانی ١٦ گێگابایت 450$ دەبێت و بە فراوانی ٦٤ گێگابایت 500$ دەبێت. بەپێی پڕوپاگەندەکان iPhone SE بە چوار ڕەنگی (خۆڵەمێشی، زیوی، زێڕی، زێڕی گوڵاوی) بەردەست دەبێت.

  • شێوە پێشبینیکراوەکانی iPhone SE بەپێی چەند پێگەیەک : 

iPhone-SE-concept

ئایپاد پڕۆیەکی ٩.٧ ئینچ

ipadpro9_7

  • دیزاینێکی هاوشێوەی iPad Air بە تایبەتمەندی iPad Pro

بڕیار وایە ئایپادی نوێ لە کۆنگرەکەی سبەی ئەپڵدا ڕابگەیەنرێت بە قەبارەی ٩.٧ ئینچ، بەپێی پڕوپاگەندەکان پێدەچێت ئایپادە نوێیەکە بە “iPad Air 3 ” ناوبنرێت. سەرەڕای ئەوەی ئەو ئایپادە درێژەپێدەری نەوەکانی (iPad Air) دەبێت و دەبێتە نەوەی سێیەم، بەڵام بەپێی پڕوپاگەندەکان تایبەتمەندییەکانی هاوشێوەی iPad Pro دەبێت وە بە قەبارەیەکی بچووکتر. پێشبینی دەکرێت دیزاینی ئەو ئایپادە نوێیە هاوشێوەی دیزاینی (iPad Air 2) بێت بەڵام لەڕووی تایبەتمەندییەوە چەند تایبەتمەندییەکی (iPad Pro) هەڵدەگرێت. بەهەمان شێوەی iPad Pro ئایپادەکە چوار سپیکەر لەخۆ دەگرێت لە چواردەوری لایەکانی ئایپادەکە.

  • پڕۆسێسەری A9X ، ڕامی زیاتر ، لکێنەری زیرەک ، شاشەیەکی ڕووناکتر

بەپێی پڕوپاگەندەکان iPad Air 3 بە پڕۆسێسەری A9X کاردەکات لەگەڵ ڕامێکی زیاتر، هەروەها لەگەڵ هەبوونی لکێنەری زیرەک (Smart Connector). سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە ئایپادە ٩.٧ ئینچیەکە شاشەیەکی پێشکەوتووتری هەیە و چاککاری لەو تەکنەلۆژیایانە کراوە کە لە شاشەکەدا بەکارهێنراون، ئەمەش توانای ڕووناکی زیاتر دەدات بە شاشەی ئایپادەکە لەچاو iPad Air 2 .

ipadpro97

  • تەختەکلیلی زیرەک و پشتگیری لە پێنووسی زیرەک 

بەهەمان شێوەی ئەوەی کە ئەپڵ بۆ ئایپاد پڕۆی کرد، iPad Air 3 تەختەکلیلی زیرەک (Smart Keyboard)ـی دەبێت بەڵام بە قەبارەیەکی بچووکتر. هەروەها پشتگیری تەواو لە پێنووسی ئەپڵ (Apple Pencil) دەکات.

  • کامێرای ١٢ مێگاپیکسڵ و تۆمارکردنی ڤیدیۆی 4K

بەپێی پڕوپاگەندەکان چەند جیاوازییەک لە کامێرای iPad Air 3 دەبێت لەچاو iPad Pro. ڕوونی کامێرای iPad Air 3 دوازدە مێگاپیکسڵ دەبێت هاوشێوەی کامێرای iPhone 6s. هەر بەهەمان شێوەی iPhone 6s ئایپادە نوێیەکە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی 4K هەیە، لەگەڵ توانای دانی ڕووناکی (فلاش) بۆ کامێرای پێشەوە.

  • نرخ و فراوانی

بەپێی پڕوپاگەندەکان ئایپادی نوێی (iPad Air 3) بە فراوانی ٣٢ گێگابایت لە 599$ ـەوە دەستپێدەکات، کەواتە ئایپادەکە بە فراوانی ٣٢ گێگابایت و ١٢٨ گێگابایت بەردەست دەبێت بە ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی، زیوی و زێڕی. پێدەچێت دوای ڕاگەیاندنی ئایپادەکە داشکاندن لە نرخی ئایپادەکانی پێشوو بکرێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دوای هەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی بەردەست بێت بۆ فرۆشتن.

چەند جۆرێکی نوێی Apple Watch 

space-black-milanese

ئەپڵ دەیەوێت تا مانگی ٩ واتا تا ڕاگەیاندنی نەوەی نوێی کاتژمێری ئەپڵ، چەند جۆرێک و ڕەنگێکی نوێ لە کاتژمێرەکەی ڕابگەیەنێت. پێدەچێت چەند جۆرێکی نوێی کاتژمێری ئەپڵ لە بواری وەرزشی ڕابگەیەنرێت. پێشبینی دەکرێت یەکێک لەو ڕاگەیەندنانە بریتی بێت لە ڕاگەیاندنی جۆرێکی نوێی کاتژمێری ئەپڵ لە ڕەنگی ڕەشی شێوەی بۆشایی ئاسمان. جگە لەمە ئەپڵ چەند ستایلێکی نوێ لە ڕیزبەندی کاتژمێرەکەی ڕادەگەیەنێت، لەوانە ستایلی نوێی کاتژمێری ئەپڵ لە جۆری ناتۆ و بە کوالێتی بەرزتر لەچاو ستایلەکانی تر.

james-wrist-shot

زیادکراوەکان : iOS ، OS X ، iTunes ، TV OS ، WatchOS ، هەروەها ماک

screenshot-2016-03-11-07-08-53

  • iOS 9.3

ئەپڵ تا ئێستا ٦ بێتای iOS 9.3 بڵاوکردۆتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەکەی سبەی ئەپڵدا وەشانی فەرمی iOS 9.3 بڵاوبکرێتەوە و بەردەست بکرێت بۆ سەرجەم بەکارهێنەران، وەشانەکە چەند تایبەتمەندییەکی نوێ لەخۆ دەگرێت لەوانە دۆخی شەو و پاراستنی چاو لەڕێگای ڕێکخستنی ڕەنگەکانەوە.

  • tvOS 9.2

ئەمیش بەهەمان شێوە ٦ بێتای بۆ بڵاوکرایەوە لەلایەن ئەپڵەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت سبەی وەشانی فەرمی بڵاوبکرێتەوە. ئەم وەشانە چەند نوێکارییەک لەخۆدەگرێت وەک چاککاری لە سیستمی دەنگ و پاڵپشتی زیاتر لە (iCloud Photo)، بەکارهێنانی بلوتوز بۆ کیبۆرد، لەگەڵ چاککاری لە خزمەتگوزاری (Siri).

  • OS X 10.11.4
  • watchOS 2.2
  • نوێکردنەوە بۆ iTunes
  • ماک

12-inch-macbook-gold-space-gray

بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان و پڕوپاگەندەکان پێناچێت لە کۆنگرەکەدا هیچ ماکێکی نوێ ببینین، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەپڵ زیاتر سەرنج دەداتە سەر ئایفۆن و ئایپاد نەوەکو بەرهەمەکانی وەکو ماک. کەچی هەندێک سەرچاوەی تر باس لە ڕاگەیاندنی ماکبووکێکی نوێ دەکەن بە قەبارەی ١٢ ئینچ، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە ڕادەگەینرێت یاخود نا.

– لەکۆتاییدا پێویستە بزانن کە سەرجەم ئەو تایبەتمەندییانەی ئاماژەیان پێ کراوە فەرمی نین و پێشبینیکراون، بەڵام ئێمە بەهێزترین ئەو پێشبینیانەمان هەڵبژاردووە کە نزیکن لە ڕوودانی، زۆر پێگە و سەرچاوە هەن کە پێشبینی خۆیان بڵاو دەکەنەوە بەڵام ئێمە پێگەی (9to5mac) هەڵبژارد چونکە زیاتر لە کۆمپانیای ئەپڵ نزیکە و پێشبینیەکانی زۆرجار ڕاست دەردەچن. ئێمەش وەکو تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی ڕووماڵی تایبەتی خۆمان دەبێت بۆ کۆنگرەکە لەڕێی پەخشی ڕاستەوخۆی پەڕەکەمان لە فەیسبووک، لەگەڵمان بن .

– دەتوانن لەڕێگای ماڵپەڕی سەرەکی ئەپڵەوە (بەستەر) سەیری کۆنگرەکە بکەن لەڕێگای ماك و ئایفۆن و ئایپاد و ویندۆز (تەنها وێبگەڕی ئێج) و ئەپڵ تی ڤی.

سەرچاوە : 9to5mac

بۆچونی تۆ