ئەندرۆید
12, نیسان 2016
مۆبایلی HTC 10 لەلایەن htc ڕاگەیەندرا: شاشە ٥.٢ ئینج و کامێرای ١٢ ئوڵتراپێکسڵ و پڕۆسێسەری ٨٢٠ سناپدراگۆن!
لەدوای چاوەڕوانییەکی زۆر و ماوەیەکی دوورودرێژ لە ڕیکلام کردن بۆ نەوە نوێکەی مۆبایلی ئێچ تی سی، کۆمپانیای htc ئەمڕۆ سێ شەممە بەرواری ١٢\٤\٢٠١٦ لە چەند وڵاتێکی جیاجیا کۆنگرەی تایبەتی بۆ نمایشکردنی بەرهەمە نوێکەی گرێدا کە لەئەمریکا شاری نیۆرک و لە شانشینی یەکگرتوو شاری لەندەن و لە تایوان شاری تایپەی و لە ئیماراتیش شاری دوبەی لەخۆی گرتبوو و هەریەکەشیان کۆنگرەی سەربەخۆ بوون و بەجیاجیا ئەنجامدران و تیایاندا بەرهەمە نوێکەی کۆمپانیای htc بەناوی HTC 10 نمایشکرا.

جێگای ئاماژەیە ئەم مۆبایلە دیزاینێکی نایابی هەیە و زۆر بەجوانی نەخشێندراوە. شاشەی ئەم مۆبایلە قەبارەکەی ٥.٢ ئینجە و ڕوونیەکەی کواد ئێچ دییە کە دەکاتە ٢٥٦٠x١٤٤٠ پێکسڵ. بێگومان ئەم مۆبایلە لە خێراییدا ناوازەیە و ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەم مۆبایلە بە پڕۆسێسەری جۆری کوالکۆم سناپ دراگۆن ٨٢٠ کاردەکات و ڕامی ٤ گێگایە و بیرگەی ٣٢ و ٦٤ گێگابایتی هەیە. هەروەها ئەم مۆبایلە کامێرای پێشەوەی ٥ مێگاپێکسڵە و تایبەتمەندی Optical Image Stabilization هەیە و کامێرای پشتەوەیشی ١٢ ئوڵتراپێکسڵە بە چەندین تایبەتمەندی ناوازەی وەکو تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی بە ڕوونی ٤ کەی و Optical Image Stabilization و جەختی خۆکاری لەیزەری و فلاشی دووانە تۆنی و وێنەی جوڵاو و …هتد. ئەم مۆبایلە بۆ بارگاوی کردنەوە و ئاڵوگۆڕی فایل و بوخچە دەرچەی جۆری USB Type C هەیە و بەمەش htc هەنگاوێکی ناوە بەرەو پێشەوە و خۆی لە دەرچە کۆنەکە ڕزگارکرد! جێگای ئاماژەیە ئەم مۆبایلە پەنجەمۆرێکی بەهێزی هەیە و پشتبەستووە بە سیستەمی وەگەرخەری ئەندرۆید مارشماڵۆ ٦ بە ڕووکاری ئێچ تی سی سێنس.\

دەربارەی توانستی پاتریەکەی htc بە سەربەرزییەوە ڕایگەیاند بۆ ماوەی ٢ ڕۆژی ئاسایی لەبەکارهێنانن خۆی دەگرێت و وەکو ژمارەش توانستی ٣٠٠٠ میلی ئەمپێرە. ئەم مۆبایلە بە سێ ڕەنگ دەکەوێتە بازاڕەوە ئەوانیش زیوی و خۆڵەمێشی و زێرین. و دەربارەی نرخەکەیشی بەگوێرەی سەرچاوەکان نرخی ئەم مۆبایلە لەدەروربەری ٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی دەبێت.
ئەمانەش چەند ڤیدیۆیەکن کە تێیدا htc نمایشی تواناکانی مۆبایلە نوێکەی کردووە:
ئەمانەی خوارەوە چەند وێنەیەکن لە مۆبایلی HTC 10:
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!