ئەپڵ
13, حوزهیران 2016
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەی گەشەپێدەرانی ئەپڵ WWDC 2016 ڕابگەیەنرێت

کۆمپانیای ئەپڵ ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر ٨:٠٠ بە کاتی هەولێر کۆنگرەی گەشەپێدەرانی ساڵانەی خۆی ناسراو بە ” WWDC2016 دەبەستێت لە شاری سان فڕانسیسکۆ لە ولایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکی لە ڕۆژانی ١٣ بۆ ١٧ـی ئەم مانگە واتە ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، وە نرخی هەر بلیتێکی کۆنگرەکە لە ڕێگەی سیستەمی تیروپشکەوە کراوە و نرخەکەشی گەیشتۆتە ١٦٠٠$ـی ئەمریکی.
ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا چاوەروان دەکرێت کە ڕابگەیەنرێت نوێترین سیستەمی وەگەڕخەری مۆبایلە هۆشمەندەکانی کۆمپانیای ئەپڵە کە ناسراوە بە iOS و واش چاوەڕوان دەکریت وەشانی iOS10 بە فەرمی ڕابگەیەنرێت بە شێوەیەکی تاقی کاری، لەگەڵ نوێترین سیستەمی وەگەڕخەری کۆمپیوتەرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ ناسراو بە ماک OS X، وە لەگەڵ ئاشکرا کردنی نوێترین سیستەمی وەگەڕخەری watchOS و tvOS.
بە شێوەیەکی گشتی:
کۆمپانیای ئەپڵ گشت ساڵێک لەم کاتانە کۆنگرەی ساڵانەی گەشەپێدەرانی دەبەستێت لە سەنتەری ” Moscone West ” تایبەت بە کۆنگرەکان لە سان فرانسیسکۆ لە ولایەتی کالیفۆڕنیا، کە تێیدا بە هەزاران گەشەپێدەر لە تەواوی جیهان لە ماوەی ئەم ٥ ڕۆژە بەشداری ئەم کۆنگرەیە دەکەن و دەرفەتیان پێ دەدرێت کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندازیارانی تایبەتی کۆمپانیای ئەپڵ بکەن بۆ ئەوەی هەلی کار بەدەست بهێنن و ئامادەی دانیشتنی تایبەت بە بەرنامەکان ببن.
لە ڕۆژی یەکەم کۆمپانیای ئەپڵ دانیشتنێکی تایبەت دەکات بە کردنەوەی کۆنگرە، و تێیدا کۆمپانیای بانگەشە گشتییەکان دەخاتە ڕوو، وە تیشک دەخرێتە سەر کار و چالاکییەکانی ڕابردوو بە شێوەیەکی گشتی و ئامار و داتای تایبەت بە بەرهەم و سیستەمە وەگەڕخەکانی دەخاتەڕوو.

وەک پێشتر گووتمان وا چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیای ئەپڵ لەم کۆنگرەیەدا بە فەرمی هەردوو سیستەمی وەگەرخەری iOS و OS X ئاشکرا بکات و کە ئەوانش سیستەمی وەگەڕخەری iOS 10 و OS X 10.12 دەبن، لەگەڵ ئاشکرا کردنی نوێترین سیستەمی وەگەڕخەری کاتژمێرە هۆشمەندەکان و ئەپڵ تی ڤی watchOS و tvOS.
جگە لە سیستەمە وەگەڕخەرەکان وا چاوەڕوان دەکرێت وەشانێکی نوێ لە کۆمپیوتەرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ نمایش بکرێت کە تێدا چەندین چاککاری لە ڕووی شێوە و تایبەتمەندی کراوە وەک کۆمپیوتەرەکانی MacBook Pro Retina و Mac mini و Mac Pro.
بە کورتی ئەوانەی چاوەڕوان دەکرێت ڕابگەیەنرێت:
١. سیستەمی وەگەڕخەری مۆبایلە هۆشمەندەکان iOS 10:
٢. سیستەمی وەگەڕخەری تایبەت بە کۆمپیوتەرەکانی ئەپڵ OS X 10.12.
٣. سیستەمی وەگەڕخەری کاتژمێرە هۆشمەندەکان و ئەپڵ تی ڤی watchOS و tvOS.
٤. نەوەیەکی نوێ لە کۆمپیوتەرەکانی ماکینتۆش ناسراو بە ماک.
…………………………………….
لە بیرتان نەچێت بە سپۆنسەری کۆمپانیای تیشک نێت ئەمشەو ڕووماڵی تایبەتی کۆنگرەکەمان دەکەین لە ڕێگەی هەژمارە تایبەتییەکانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وە لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە بێ ئەوەی ریفڕیشی لاپەڕەکە بکەیت دواین گۆڕانکارییەکانی بە زمانی شیرینی کوردی دەگوازینەوە:
http://kitn.net/babat/14173
مەنسوڕ بڵباس
دەرچووی بهشی كارگێری كۆلیژی بهرێوهبردن و ئابوریم، و بهڕێوهبهری نووسینم له ماڵپهری تۆڕی تهكنهلۆژیای زانیاری كوردی، وهكو شارهزا له بواری خۆپاراستن و كۆمپیوتهر و ههردوو سیستهمی ویندۆز و ماك ئۆ ئێكس و مۆبایل به تایبهتهی ئامێرهكانی كۆمپانیای ئهپڵ و سیستهمی iOS و Android کاردەکەم و لەو بوارە دەنوسم. بهشێوهیهكی گشتی لهگهڵ تهكنهلۆژیای تازه تێكهڵم. ههوڵ دهدەم بهرگێكی تازه بهبهر شێوازی ڕاگهیاندنی تهكنهلۆژیادا بكەم لهكوردستان ودهمەوێت بیخەمە سهر ڕێڕهویی جیهان و لهگهڵ ئهوان ههنگاو بنێت.