10
ئای ئۆ ئێس 13, حوزه‌یران 2016

هەموو ئەو شتانەی کە لە کۆنگرەی گەشەپێدەرانی ئەپڵ ڕاگەیەندران

Babat

ئەمشەو کاتژمێر ٨ کۆمپانیای ئەپڵ لە شاری سان فڕانسیسکۆی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنگرەیەکی تایبەت بە گەشەپێدەران ئەنجامدا، لە کۆنگرەکەدا ئەپڵ چەندەها تایبەتمەندی و وەشانی نوێ و جیاوازی بڵاوکردەوە، چەند ئامانجێکی هەبوو لەو تایبەتمەندییانە، لەوانە باشترکردنی تایبەتمەندی سیری و پەرەپێدانی زۆر زیاتر بە تایبەتمەندییەکە، شێوەی نوێی ئەپڵ میوزیک، چەندەها تایبەتمەندی نوێ بۆ iOS 10، وە چەندەها شتی تر، سەرەتا تیم کوک هاتە سەر سەکۆ و باسی لە گرووپی گەشەپێدەرانی ئەپڵ کرد و چەند زانیارییەکی خستە ڕوو کە ئەمانەن:

  • گەشەپێدەران لە زیاتر لە ٧٤ وڵاتەوە هاتوون.
  • لە ئێستادا زیاتر لە ١٣ ملیۆن گەشەپێدەر هەن لە کۆمپانیای ئەپڵ.
  • %٧٢ـی ئەو گەشەپێدەرانەی کە لە کۆنگرەکەدا ئامادەبوون یەکەمین جاریان بوو.
  • گرووپی گەشەپێدەرانی ئەپڵ پێی نایە ساڵی بیست و حەوتەمینەوە.
  • بچووکترین گەشەپێدەر لە ئەپڵ تەمەنی تەنها ٩ ساڵە.
  • زیاتر لە ٥٠٠٠ گەشەپێدەر لە کۆنگرەکەدا ئامادەبوون.
  • کۆگای ئەپڵ (App Store) لە ئێستادا زیاتر لە ٢ ملیۆن ئەپ لەخۆ دەگرێت.
  • تا ئێستا ئەپەکان زیاتر لە ١٣٠ بلیۆن جار داگیردراون.
  • تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ بلیۆن دۆلار گوازراوەتەوە لە بەکارهێنەرەوە بۆ گەشەپێدەر لە ڕێگای کڕینی ئەپەکان.

1465837524483203

دوای ئەوە یەکەمین بەشی کۆنگرەکە بە ڕاگەیاندنی وەشانی نوێی watchOS دەستی پێکرد، کە تیایدا باس لە چەند تایبەتمەندییەکی نوێی watchOS 3 کرا، دوای ئەوەش لە بەشی دووەمی کۆنگرەکەدا باس لە وەشانی نوێی tvOS کرا کە تیایدا چەند نوێکارییەک لە خۆ دەگرێت، دوای ئەوەش باس لە وەشانی نوێی macOS کرا بەناوی macOS Sierra، لە کۆتاییشدا و لە گرنگترین بەشی کۆنگرەکەدا باس لە وەشانی iOS 10 کرا.

  • WatchOS 3:

1

دوای ئەوەی لە پێشوودا ئەپڵ دوو وەشانی لە سیستمی کارپێکەری WatchOS وەشاندبوو، ئەمجارە هەنگاوی نا بۆ وەشاندنی سێیەمین وەشانی سیستمەکە بەکۆمەڵێک تایبەتمەندی، لەم وەشانەدا چەندەها تایبەتمەندی و بەرنامە و کار و چالاکی نوێ زیادکراوە بۆ سەرنجڕاکێشان و ئاسانکاری بەکارهێنەر، زیاتر گرنگی بە بواری تەندروستی و وەرزشی و چالاکی دراوە.

ئەمانە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی ئەو وەشانە نوێیەن:

  • ئەم وەشانە ٧ جار خێراترە لە چاو وەشانەکانی پێشوو.
  • گۆڕانکاری لە وەڵامدانەوەی نامەکان.
  • نووسینی وشە بە دەست لەڕێگای تایبەتمەندی سکریبڵ.
  • گۆڕینی شێوە و ڕووکاری سەر ڕوونمای ئەپڵ وۆچ.
  • دروستکردنی چەند بەرنامەیەکی نوێ بۆ وەشانی نوێی وۆچ ئۆ ئێس وەکو بیرهێنانەوە و دانانی کات.
  • دۆزینەوەی هاوڕێ لەڕێگای شوێنە نزیکەکانەوە.
  • توانای دانانی ڕووکاری چالاکیەکان.
  • نووسینی وشەکان بە دەست لە هەردوو زمانی ئینگلیزی و چینی لە ڕێگای تایبەتمەندی نوێ بەناوی سکریبڵ.
  • تایبەتمەندی نوێ لە بواری تەندروستی و ئاسانکاری بۆ حاڵەتی نەخوازراو و پەیوەندی کردن بە ٩٩٩.
  • لەگەڵ وۆچ ئۆ ئێس ٣ دەتوانیت چالاکییەکانت شەیر بکەیت و هاوبەشی پێ بکەیت لەگەڵ هاوڕێکانت.
  • دەتوانیت بە نامە چالاکییە تەندروستییەکانت لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی پێ بکەیت.
  • شتی نوێ بۆ ئەوانەی لەسەر کورسی پەککەوتەن.
  • ئەپێکی نوێ بەناوی Breathe ڕاگەیاندرا بۆ هەناسەدانی قووڵ.

لە کۆتاییدا ئەم وەشانە نوێیە ئەمڕۆ بۆ گەشەپێدەران بەردەست دەبێت، هەروەها پایزی ئەمساڵیش بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی کاتژمێرەکە بەردەست دەبێت.

وێنەکانی وەشانە نوێیەکە:

  • tvOS:

2

دوای ڕاگەیاندنی وەشانی نوێی watchOS، ئەمجارە لە بەشێکی تری کۆنگرەکەدا وەشانی نوێی tvOS ڕاگەیاندرا، تا ئێستا لە تەلەفزیۆنی ئەپڵ زیاتر لە ١٣٠٠ کەناڵ بوونی هەیە و لە ماوەی تەنها ٦ مانگدا زیاتر لە ٦٠٠ ئەپ بۆ تەلەفزیۆنەکە دروست کراون، ئەپڵ لە وەشانە نوێیەکەدا زیاتر پەرەی بە تەلەفزیۆنەکە داوە و چەند تایبەتمەندییەکی زیادکردووە وەک گەشەپێدان بە تایبەتمەندی سیری و زیادکردنی چەند بەرنامەیەکی نوێ و چەند شتێکی تر.

ئەمانە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی وەشانی نوێی tvOS ـن:

  • بەرنامەیەکی نوێ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەپڵ تی ڤی لە ڕێگای ئایفۆنەکەتەوە.
  • ئێستا سیری دەتوانێت بەدوای ٦٥٠ هەزار بەرنامە و فیلم بگەڕێت.
  • سیری تەنانەت دەتوانێت لە یوتیوبیش بۆت بگەڕێت.
  • لابردنی هەموو ئەو داواکاریانەی لەگەڵ کردنەوەی هەر ئەپێک داوا دەکات و تەنها دەتوانیت بە یەکجار کردنەوەی قفڵ چالاکیان بکەیت.
  • داگرتنی ئەپێک لەسەر ئایفۆن و ڕاستەوخۆ بەردەست بوونی لەسەر ئەپڵ تی ڤی.
  • بەرنامەیەکی نوێ بەناوی (Single Sign-on) ڕزگارت دەکات لە زۆری داواکاریەکانی چوونە ژوورەوە.

وەشانی تاقیکاری نوێی tvOS ئەمڕۆ بۆ گەشەپێدەران بەردەست دەبێت و وەشانی گشتیش لە پایزی ئەمساڵ بۆ بەکارهێنەران بەردەست دەبێت.

وێنەکانی وەشانی نوێی tvOS:

  • macOS Sierra:

3

لە بەشێکی تری کۆنگرەکەدا وەشانی نوێی macOS بەناوی macOS Sierra ڕاگەیەندرا، لەم وەشانە نوێیەدا چەند تایبەتمەندیەکی نوێ زیادکراوە کە گرنگترینیان بریتیە لە زیادکردنی تایبەتمەندی سیری بۆ ماک، جگە لەمانەش باس لە خزمەتگوزاری ئەپڵ پەی (Apple Pay) کرا.

ئەمانە تایبەتمەندیەکانی ئەو وەشانە نوێیەن:

  • تایبەتمەندی کردنەوەی خۆکارانە لەڕێگای ئەپی (Auto Unlock).
  • دەتوانیت هەمان ئەو دێسک تۆپەی لەسەر ماکەکەت هەیە لەسەر تەواوی ماکەکانی تریشت هەبێت واتا دەتوانیت داتاکانت بپاڕێزیت و هەڵی بگریت.
  • دەتوانیت بۆشایی زیاتر بۆخۆت دابین بکەیت لەڕێگای گواستنەوەی داتا و فایلەکانت بۆ ئای کڵاود.
  •  ڕاستەوخۆ لەڕێگەی دوگمەی ئەپڵ پەی لەسەر وێب و پاشان دوباتکردنەوەی لەڕێگەی ئایفۆنەکەت لەڕێگەی پەنجەمۆرەوە کڕینەکانت ئەنجام بدەی.
  • ئەپڵ پەی لە چەند وڵاتێک بەردەست دەبێت وەک ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و ئوستڕالیا و چین و ئیندەنوسیا و سویسڕا و فەڕەنسا و هۆنگ کۆنگ.
  • بەردەست بوونی تایبەتمەندی سیری بۆ ماک.

ئەم وەشانە نوێیە پایزی ئەمساڵ بە خۆڕایی بەردەست دەبێت بۆ گشت بەکارهێنەران و ئەمڕۆش وەشانی ئەزموونی بۆ گەشەپێدەران بەردەست دەبێت.

  • iOS 10:

4

لە گرنگترین ڕووداوەکانی کۆنگرەکە ڕاگەیاندنی وەشانی نوێی سیستمی کارپێکەری iOS بوو بەناوی iOS 10، لەم وەشانەدا چەندەها تایبەتمەندی نوێ ڕاگەیەندران کە سەرنجڕاکێشن و وەشانەکە بەرگێکی نوێی پۆشیوە.

ئەمانە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی وەشانە نوێیەکەن:

  • گۆڕینی ڕوونمای قوفڵ و دانانی ئاگاهی زیرەک.
  • گەشەدان بە ویجێت (ڕووکار) ـەکانی سەر ڕوونما.
  • ڕێگای خێرا و ئاسانتر بۆ وەڵامدانەوەی پەیامە کورتەکان.
  • سیری بەڕووی گەشەپێدەران کرایەوە و دەتوانن لەمەودوا گەشەپێدەران لە بەرنامەکانیان بەکاری بهێنن.
  • وەشانە نوێیەکە لەگەڵ چەندین ئەپ تێکهەڵکیشکراوە بەتایبەت ئەپی تەندروستی و وەرزشی.
  • لە ناو ئۆتۆمبێلیش ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە جێبەجێکردنی داخوازیەکانی شۆفێر.
  • سیری ئینتێلیجێنس بۆ کیبۆردی ئای ئۆ ئێس ١٠ زیادکراوە.
  • بینینی وێنەکانت لە سەر نەخشە بۆ ئەوەی بزانیت لە کوێ گرتووتە.
  • توانای دۆزینەوەی دەموچاوەکان و دانانی ناو لەسەریان لەلایەن بەکارهێنەرەوە.
  • توانای هەڵگرتن و بیرهێنانەوەی وێنەکان لەڕێگای دۆزینەوەی دەموچاو و شوێنەکان.
  • بەشێکی نوێ زیادکراوە بەناوی (Memories) کە تیایدا وێنەکان هەڵگیراون و ناوی شوێن و کاتەکەی تێدا نووسراوە.
  • ئێستا ئایفۆن دەتوانێت خۆکارانە وێنەکانت بکات بە ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکێش بەشێوەیەکی ئاسان و دانانی لە نێو ئەلبومی تایبەت و دەستکاری کردنی.
  • ئەپی نەخشەکان بەتەواوەتی نوێکراوەتەوە.
  • شێوەی گەشتکردن لە ڕێگەی ئەپی نەخشەکانەوە باشتر و باشتر کراوە بەپێدانی باشترین ڕێنماییەکان لە کاتی ڕۆیشندا.
  • ئەپی نەخشەکان بەڕووی گەشەپێدەران کرایەوە و ئێستا ئەوانیش دەتوانن سوودی لێ ببینن.
  • لە ئەپی میوزیک ١٥ ملیۆن بەشداریکەر هەیە.
  • ڕووکاری ئەپڵ میوزیک بەتەواوەتی نوێکراوەتەوە.
  • زیادکردنی چەند بەشێکی نوێ لە ئەپڵ میوزیک وەک دانانی بەشی بۆ تۆ کە دەتوانیت گۆرانی و هونەرمەندی نوێ بدۆزیتەوە.
  • زیادکردنی بەشی (Connect) کە دەتوانیت بڵاوکراوەی هونەرمەندەکان لەو ڕێگایەوە ببینیت.
  • زیاتر لە ٢٠٠٠ سەرچاوەی هەواڵ بۆ ئەپی هەواڵ هەیە.
  • زیاتر لە ٦٠ ملیۆن خوێنەری چالاکی مانگانە.
  • ئەپی هەواڵ ڕووکارێکی نوێی هەیە.
  • توانای بەشداری و هاوبەشی کردن لە هەواڵە بەپەلەکان و ئاگاهییەکان.
  • زیادکردنی ئەپێکی نوێ لە وەشانەکە بەناوی ماڵەوە (Home).
  • لە ئەپی ماڵەوەدا دەتوانیت دەستکاری ڕووناکیەکانی ماڵ و پەنجەرە بکەیت.
  • دەتوانیت لە ڕێی ئەپی ماڵەوە سەیری ماڵەکەت بکەیت بە تەواوی وەک بینینی کامێرای بەردەرگا و شوێنی پاڕکینگ و چەندەها شتی تر.
  • بەشی پەیوەندی نوێکراوەتەوە و ئێستا دەتوانێت لە ژمارە بێزارکەرەکان ئاگادارت بکاتەوە.
  • ئەپی نامەکان گۆڕانکارییەکی زۆر و سەرنجڕاکێشی تێدا کراوە.
  • ئێستا لەکاتی ناردنی لینک لە ئەپی نامەکان لینکەکە بەشێوەیەکی نوێ و ڕوونتر دەردەکەوێت.
  • ئیمۆجیەکان ٣ جار گەورەتر کراون لە کاتی ناردنیان.
  • ناردنی سوپڕایز لەڕێگای نامەکان و شاردنەوەی تا ئەوکاتەی کە کەسەکە پەنجەی لەسەر دادەنێت.
  • نووسین بە دەست و ناردنی بەشێوەی نامە، هەروەها دروستکردنی وێنە و شێوەکان بە دەست.
  • توانای جێگرتنەوەی وشەکان بە ئیمۆجی لە ئەپی نامەکان.
  • ڕازاندنەوەی نامەکان بەشێوەیەکی خۆکارانە و جوان.
  • تێکەڵکردنی نامەکان لەگەڵ گەشەپێدەران و بەرنامەکانیان و کردنەوەی بە ڕووی گەشەپێدەران.
  • هاوبەشیکردنی تێبینیەکان لەگەڵ بەکارهێنەری تر و یارمەتیدان.
  • دەستکاری کردنی وێنە ڕاستەوخۆکان (Live Photos).
  • بەشکردنی ڕوونمای سەفاری بۆ ئایپاد.
  • ڕاگەیاندنی ئەپێکی نوێ بەناوی سویفت پلەی گڕاوند بۆ ئایپاد بە مەبەستی فێربوونی سویفت و نووسینی کۆد و لە پایزی ئەمساڵ بەخۆڕایی لە کۆگای ئەپڵ (ئەپستۆر) بەردەست دەبێت.
  • گەشەدان بە لایەنی پاراستن و ئەمنی لە وەشانە نوێیەکەدا و گرتنی هەموو ڕێگایەک بۆ پاراستنی بەکارهێنەر و سەرجەم داتاکانی.

لەکۆتاییدا وەشانی تاقیکاری iOS 10 ئەمڕۆ بۆ گەشەپێدەران بەردەست دەبێت و وەشانی بێتا مانگی حەوتی ئەمساڵ بۆ گشت بەکارهێنەران بەردەست دەبێت وەشانی تەواو و کۆتایی iOS 10 لە پایزی ئەمساڵ بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەبێت.

وێنەکانی وەشانە نوێیەکە:

بۆچونی تۆ