بابەتی گرینگ 22, حوزه‌یران 2016

شاشەی “Optic AMOLED” چییە کە وەن پڵەس لە مۆبایلە نوێیەکەی بەکاری هێنا؟

Optic-AMOLED-KITN.net

کۆمپانیای وەن پڵەس “One Plus” لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا لە ڕۆژی ١٤ ی ئەم مانگە،مۆبایلێکی نوێی بەناوی “One Plus 3” ڕاگەیاند.مۆبایلەکە چەندەها تایبەتمەندی زۆر بەرز و نایاب لە خۆدەگرێت کە بریتین لە ڕامی ٦ گێگابایت ، پڕۆسێسەری سناپ دڕاگۆن ٨٢٠ و کامێرای ١٦ مێگاپیکسڵ و چەند تایبەتمەندییەکی تر.بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو لەکاتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە ، بەکارهێنانی شاشەی “Optic AMOELD” بوو بە قەبارەی ٥.٥ ئینچ و ڕوونی ١٩٢٠ بە ١٠٨٠ ـی ڕووپۆشکراو بە چینی گۆرێلا گلاس ٤ بۆ مۆبایلەکە کە ئەمەش شتێکی نوێ و سەرنجڕاکێش بوو هەم بەلای شارەزایانی ئەو بوارە و هەم بەلای خەڵکەوە.کەواتە ئێستا ئێوەش دەپرسن ، شاشەی “Optic AMOLED” چییە؟ئایا تەکنەلۆژیایەکی نوێیە بۆ شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان کە لەلایەن کۆمپانیای وەن پڵەسەوە بەرهەمهێنراوە؟

دامەزرێنەری کۆمپانیای وەن پڵەس “Carl Pei” لە میانەی بەشداریکردن لە کۆڕێکی پرسیار و وەڵامی پێگەی “Reddit” ـدا وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شاشەیە سەرچاوەکەی لە شاشەی “Super AMOLED” ـی سەر کۆمپانیای سامسۆنگە و کۆمپانیای وەن پڵەسیش دوای ئەوەی کە ئەو شاشەیەی کڕیوەتەوە خۆی دەستکاری چەند لایەنێکی کەمی شاشەکەی کردووە لەڕووی ڕووناکی و گەرمی ڕەنگەکانی شاشەکە.کەواتە لەو وەڵامەی دامەزرێنەری کۆمپانیای وەن پڵەس بۆمان دەرکەوت کە ئەو شاشەیە لەڕاستیدا شاشەی “Super AMOLED” ـی کۆمپانیای سامسۆنگە و کۆمپانیای وەن پڵەس تەنها هێناویەتی و کەمێک دەستکاری کردووە بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بە شاشەکە بدات.لە ئێستادا چەندەها دەستەواژەی جیاواز بەکاردەهێنرێت سەبارەت بە شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان ، وەکو بەکارهێنانی دەستەواژەی “Retina” بۆ شاشە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵ ، ئەمەش جگە لە دەستەواژەیەکی بازرگانی هیچی تر نییە و تەنها هەڵخەڵەتاندنی کڕیارە.

سەرچاوە: Ardroid

تاگەکان مۆبایل هۆشمەند
بۆچونی تۆ