ئەندرۆید 28, حوزه‌یران 2016

باشترین ئەو مۆبایلە ئەندرۆیدانەی کە تا ئێستا ڕاگەیاندراون بۆ ساڵی ٢٠١٦

AndroidPhonesدوای تێپەڕبوونی نزیکەی  ٦ مانگ بەسەر ساڵی ٢٠١٦ ـدا ، زۆربەی کۆمپانیا بەناوبانگەکان نوێترین جۆری مۆبایلەکانیان بڵاوکردەوە بە تایبەتمەندی بەرز لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا.ئێستا کە نیوەی ئەمساڵ تێپەڕبووە،دەمانەوێت بزانین ئایا کام مۆبایل کە ئەمساڵ ڕاگەیەندرابێت و بە سیستەمی ئەندرۆید کاربکات شایەنی ئەوەیە بە چاوێکی گرنگەوە لێی بڕواندرێت.بێگومان ژمارەیەکی زۆری مۆبایل لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ڕاگەیەندران، کە بە تایبەتمەندی بەرز کاردەکەن و کۆمپانیاکانیش مەبەستیان ئەوەیە کە مۆبایلەکانیان بە بەهێزترین و باشترین شێوە ڕابگەیەنن ، کۆمپانیاکانی وەک (سامسۆنگ ، هواوی ، سۆنی ، HTC ، LG ، OnePlus) و زۆرێکی تر لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا چەند مۆبایلێکی نوێ و پێشکەوتوویان بڵاوکردەوە و شایەنی ئەوەن چاوپێخشاندنیان بۆ بکرێت.بێگومان هێشتا چەند مانگێک ماوە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان چەند مۆبایلێکی پێشکەوتوو ڕابگەیەنن ، بۆ نموونە هەواداران لەم چەند مانگەدا چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی مۆبایلەکانی (نۆوت ٧ ، ئایفۆن ٧ ، مۆبایلی نوێی گوگڵ بە هاوشانی لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ تی سی) دەکەن و بێگومان ئەم مۆبایلانەش چاوەڕێی زۆر شتیان لێ دەکرێت ، لەوانە بوونی تایبەتمەندی بەرز و جیاکردنەوەی لەگەڵ مۆبایلەکانی پێشوو ، بەڵام لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین گرنگترین و باشترین ئەو مۆبایلانەتان بۆ هەڵبژێرین کە ئەمساڵ ڕاگەیەندراون و تایبەتمەندی بەرز لەخۆدەگرن.

پێش ئاماژەدان بەو مۆبایلانە ، پێویستە ئەوە بزانین کە ئەمە بە ڕیزبەندی دانەندراوە واتا لەوانەیە ئەو مۆبایلەی کە لە کۆتایی ئاماژەمان پێداوە باشتر بێت لە مۆبایلەکانی سەرەتا ، وە بێگومان لەوانەیە مۆبایلی تریش هەبن کە پێشکەوتوو بن و لەم بابەتەدا ئاماژەمان پێنەدابێت ، بەڵام ئێمە تەنها دەتوانین ئاماژە بە چەند مۆبایلێک بدەین و هەوڵ دەدەین ئەو مۆبایلانە هەڵبژێرین کە دەنگوباسی گەورەیان هەبوو لەکاتی ڕاگەیاندنیان و هیچ نەبێت داهێنانێک و خاڵێکی جیاکەرەوەیان هەیە بە بەراورد لەگەڵ مۆبایلەکانی تر،لەکاتی هەڵبژاردنی مۆبایلەکان ، ڕەچاوی چەند سەرچاوەیەکی بەناوبانگمان کردووە بۆ ئەوەی تەنها خۆمان بڕیار نەدەین ، سەرچاوەکان لە کۆتایی بابەت ئاماژەیان پێدراوە ، لە کاتی ئاماژەدان بە هەر مۆبایلێکیش ، تەنها خاڵی بەهێزمان هەڵنەبژاردووە ، بەڵکو خاڵە لاوازەکانی هەر مۆبایلێکیش نووسراوە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر.

تێبینی:لەبەرئەوەی ئێمە نرخی مۆبایلەکان بەتەواوی لە بازاڕەکانی کوردستان نازانین و نرخەکانیش جێگیر نین ، بۆیە نرخی مۆبایلەکانمان نەنووسیوە ، بۆئەوەی لە کاتی گۆڕانی نرخ یان هەر هەڵەیەک ئێمە بەرپرسیار نەبین.

باشترین ئەو مۆبایلانەی ئەندرۆید کە ئەمساڵ ڕاگەیەندران (تاکو ئێستا):

  • HTC 10

HTC10

کۆمپانیای HTC مانگی پێنجی ئەمساڵ مۆبایلێکی نایابی بە تایبەتمەندی بەرز بڵاوکردەوە کە ناسرا بە مۆبایلی HTC 10 ، مۆبایلەکە تەواو جیاوازە لە مۆبایلەکانی پێشووی کۆمپانیاکە و تایبەتمەندی و ڕووکارێکی باشتری هەیە لەچاو مۆبایلەکانی تر ، بەگشتی مۆبایلەکانی پێشووی ئەم کۆمپانیایە تایبەتمەندی نزمیان هەبوو وە نەیاندەتوانی لە ئاست داخوازیەکانی بەکارهێنەر بن ، بەڵام لەم مۆبایلەدا کۆمپانیاکە سەلماندی کە توانای بەرهەمهێنانی مۆبایلی پێشکەوتووی هەیە.

تایبەتمەندییەکان:

  • شاشە:٥.٢ ئینچ بە ڕوونی ٢٥٦٠ بە ١٤٤٠ و لە جۆری Super LCD5
  • کێش:١٦١ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦.٠.١
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 820
  • ڕام:٤ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:٣٢ گێگابایت و ٦٤ گێگابایت
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات تا ٢٥٦ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە : ١٢ مێگاپیکسڵ لەگەڵ چەند تایبەتمەندیەکی پێشکەوتوو بۆ کامێراکە
  • کامێرای پێشەوە : ٥ مێگاپیکسڵ
  • توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 2K
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٣٠٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا (گەیشتنی باتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٥٠ تەنها لە ماوەی ٣٠ خولەک)

خاڵە بەهێزەکان:

  • بوونی ئاستێکی نایاب بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی سیستەم ، بەتایبەت ڕێککەوتنی کۆمپانیاکە لەگەڵ گوگڵ بۆ باشترکردنی مۆبایلەکە لەڕووی توانای جێبەجێکردن و ڕووکارێکی جوان.ڕووکاری سیستمی مۆبایلەکە شێوەیەکی زۆر جوانی هەیە کە تایبەتە و لەلایەن کۆمپانیای HTC دروستکراوە بە ناوی (Sense UI).
  • شاشەیەکی نایاب بە ڕوونی QHD لەگەڵ بوونی پارێزەرێک دژی خۆڵ و تۆز بە ناوی (Corning Gorilla Glass 3).
  • گەشەدانێکی تەواو بە کامێرای پشتەوەی مۆبایلەکە لەچاو مۆبایلەکانی پێشووی کۆمپانیاکە ، کامێراکە لە ڕیزی پێشەوەی ڕیزبەندی باشترین کامێراکان دێت بۆ ئەمساڵ بە هاوشانی لەگەڵ کامێرای گالاکسی ئێس ٧ بەپێی پێگەی DxOMark،هەروەها بوونی کامێرایەکی نایاب لە ڕووی پێشەوە بە ڕوونی ٥ مێگاپیکسڵ ، کە پشتگیری لە هەستەوەری (OIS) دەکات ، ئەمەش توانایەکی نایابی داوە بە کامێراکە و بەپێی بەشێکی پێگەکانیش تەنانەت کامێرای پێشەوەی ئەم مۆبایلە بە باشترین کامێرای پێشەوە دادەنرێت لەسەر ئاستی مۆبایلەکانی ئێستا.
  • بوونی دوو بڵندگۆی دەنگی لە تەکنەلۆژیای Hi-Fi و بە ڕوونی ٢٤-بت ، ئەمەش باشی و پێشکەوتوویی دوو بڵندگۆکە دەگەیەنێت،تایبەتمەندیەکی تر کە نایابە لەم مۆبایلەدا ، توانای کارپێکردنی دوو بیستۆکی گوێیە لە هەمان کاتدا.

خاڵە لاوازەکان:

  • مۆبایلەکە کێشێکی زۆری هەیە و قوڕسە، ئەمەش تا ڕادەیەک دەبێتە هۆی بێزاربوونی بەکارهێنەر.
  • HTC دابەشکردنی بڵندگۆکانی بەشێوەیەکی خراپ ئەنجامداوە ، بەشێوەیەک کە دەرچوونی دەنگ لە مۆبایلەکە بە شێوەیەکی یەکسان نییە .
  • بەشێک لە بەکارهێنەرانی مۆبایلەکە ، ناڕازین لە ڕووکاری پێشەوەی مۆبایلەکە و بەلای ئەوانەوە ڕووکاری مۆبایلەکانی پێشوو جوانترە لەچاو ئەم مۆبایلە.
  • پشتگیری نەکردن لە بارگاوی کردنەوەی بێ تەل ، وە نەبوونی تایبەتمەندی دژە ئاو لە مۆبایلەکە.
  • LG G5

LG-G5

کۆمپانیای LG بەشێوەیەکی نایابەوە و دوای چاوەڕوانیەکی زۆر و لە مانگی چواری ئەمساڵدا، مۆبایلێکی پێشکەوتووی نایابی ڕاگەیاند.مۆبایلێک کە خەڵکانێکی کەم پێشبینی ئەو تایبەتمەندیە بەرزەیان دەکرد ، مۆبایلێک کە شایەنی کڕین و تێڕوانینە.مۆبایلی LG G5 ، چەندەها خاڵی جیاکەرەوەی بەهێزی هەیە کە جیای دەکاتەوە لەگەڵ مۆبایلەکانی تر ، ئەویش توانای دەرهێنان و گۆڕینی پارچەکانی مۆبایلەکەیە بەشێوەیەکی ئاسان لەڕێگای دەرهێنانی بەشی خوارەوەی مۆبایلەکە و دانانی پارچەی نوێ بۆ پێدانی تایبەتمەندی زیاتر بە مۆبایلەکە،وەک گۆڕینی باتری مۆبایلەکە بەشێوەیەکی ئاسان ، ئەمەش تایبەتمەندیەکی ترە بۆ مۆبایلەکە.

تایبەتمەندییەکان:

  • شاشە:٥.٣ ئینچ بە ڕوونی ٢٥٦٠ بە ١٤٤٠ و لە جۆری IPS LCD
  • کێش:١٥٩ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦.٠.١
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 820
  • ڕام:٤ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:٣٢ گێگابایت
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات تا ٢٥٦ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە : ١٦ مێگاپیکسڵ
  • کامێرای پێشەوە : ٨ مێگاپیکسڵ
  • توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 2K
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٢٨٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا (گەیشتنی باتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٨٣ تەنها لە ماوەی ٣٠ خولەک!)

خاڵە بەهێزەکان:

  • بوونی دوو کامێرای نایاب لە پشتەوە ، یەکێکیان بە ڕوونی ١٦ مێگاپیکسڵ و ئەوەی تریان بە ڕوونی ٨ مێگاپیکسڵ.
  • توانایەکی نایاب و بەهێز لە سیستەمی کارپێکردن.
  • توانای گۆڕینی باتری لەڕێگای دەرهێنانی پارچەی خوارەوەی مۆبایلەکە،لەگەڵ توانای دانانی پارچەی تر بۆ مۆبایلەکە کە LG ناوی ناون بە (LG G5 Friends) ، زۆربەی ئەو پارچانەش بریتین لە پارچەی پێشکەوتوو بۆ کامێرای پشتەوە کە توانای زیاتر و پێشکەوتووتریان پێدەدات ، هەروەها پارچەی بڵندگۆی دەنگی لەلایەن کۆمپانیای B&O لەگەڵ پشتگیری لە تەکنەلۆژیای Hi-Fi و ڕوونی ٢٤-بت.
  • شاشەیەک بە ڕوونی QHD و بوونی پارێزەری شاشەکە بەناوی (Corning Gorilla Glass 4) . 
  • بوونی پەنجەمۆر لە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە ، کە بەپێی بۆچوونی بەکارهێنەران باشترین شوێنە بۆ ئەو تایبەتمەندییە.
  • پشتگیری کردن لە گوێزەرەوەی USB-Type C.

خاڵە لاوازەکان:

  • نەبوونی پارچەی بەهێز بۆ ڕووکار و دەرەوەی لەشی مۆبایلەکە ، ئەمەش بەهۆی دیزاینێکی خراپی مۆبایلەکە تەنها بۆ مەبەستی دەرهێنانی پارچەکان،ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی چوونەژوورەوەی ئاو بۆ مۆبایلەکە بە شێوەیەکی ئاسان.
  • مۆبایلەکە بە تەواوی لە کانزا دروست نەکراوە ، بەڵکو چەند بەشێکی مۆبایلەکە لە کانزا دروست کراون ، ئەمەش لە توندی و پتەوی مۆبایلەکە کەم دەکاتەوە.
  • ئەو پارچانەی کە دەتوانرێت بۆ مۆبایلەکە زیادبکرێن کاریگەریەکی زۆریان بەسەر مۆبایلەکە نییە ، بۆ نموونە زیادکردنی چەند پارچەیەک بۆ کامێرا نابێتە هۆی زیادبوونی ڕوونی و توانای کامێراکە ، بەڵکو تەنها چەند بژاردەیەکی زیاتر دەدات بە بەکارهێنەر بۆ وێنەگرتن.
  • OnePlus 3

OnePlus-3

بەبێ هیچ گومانێک ، ئەمە یەکێکە لە باشترین ئەو مۆبایلە نوێ و پێشکەوتووانەی کە تایبەتمەندیەکی بەرز و نرخێکی گونجاو ی هەیە!کۆمپانیای وەن پڵەسی چینی لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا یەکێک لە باشترین مۆبایلەکانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە ، مۆبایلەکە تایبەتمەندی یەکجار بەرزی هەیە و لەشێکی کانزایی هەیە ، مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری نایابی کۆمپانیای کوالکۆم (Snapdragon 820) کاردەکات کە توانایەکی زۆر بەرزی هەیە بـۆ بەجێهێنانی کارەکانی سیستەم ، هەروەها ڕامێکی پێشکەوتووی هەیە کە ٦ گێگابایتە،جگە لەمەش بارگاوی کردنەوەیەکی خێرای هەیە ، لەوە زیاتر چی؟مۆبایلێک شایەنی هەمووشتێکە!

تایبەتمەندییەکان:

  • شاشە:٥.٥ ئینچ بە ڕوونی ١٩٢٠ بە ١٠٨٠ و لە جۆری نایابی Optic AMOLED
  • کێش:١٥٨ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦.٠.١
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 820
  • ڕام:٦ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:٦٤ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە : ١٦ مێگاپیکسڵ لەگەڵ چەند تایبەتمەندیەکی پێشکەوتوو بۆ کامێراکە
  • کامێرای پێشەوە : ٨ مێگاپیکسڵ
  • توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 2K
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٣٠٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا (گەیشتنی باتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٦٠ تەنها لە ماوەی ٣٠ خولەک!)

خاڵە بەهێزەکان:

  • کوالێتی ، دیزاین ، پتەوی و ڕووکاری مۆبایلەکە بە شێوەیەکی نایاب دروستکراوە
  • باشترین خاڵی مۆبایلەکە نرخەکەیەتی کە نرخێکی زۆر گونجاو و هەرزانتری هەیە لەچاو مۆبایلەکانی تر ، تەنانەت تایبەتمەندییەکانی دەگمەنن و لە زۆر مۆبایلی تر پێشکەوتووترن!
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرای ناسراو بە (Dash Charge) لە مۆبایلەکە ، توانای بەکارهێنانی مۆبایلەکە بۆ ماوەی ڕۆژێکی تەواو تەنها بە بارگاوی کردنەوەی بۆ ماوەی نیو کاژێر!
  • ڕامێکی نایاب کە ٦ گێگابایتە ، پڕۆسێسەرێکی بەتوانا و بەهێز.
  • شاشەیەک بە تەکنەلۆژیایەکی نایاب کە (Optic AMOLED) ـە .

خاڵە لاوازەکان:

  • لەگەڵ ئەوەی مۆبایلەکە ڕامێکی فراوانی هەیە کە ٦ گێگابایتە ، بەڵام مۆبایلەکە ئەم فراوانییە زۆرە بەشێوەیەکی باش لە سیستەمەکەدا بەکارناهێنێت و قەبارەیەکی کەمتر بەکاردێنێت ، بەڵام کۆمپانیاکە بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی داوە.
  • کۆمپانیای وەن پڵەس مۆبایلەکە تەنها لە ٣٠ وڵات دەفرۆشێت ، ڕێگا نادات مۆبایلەکە لەڕێگای ماڵپەڕی کۆمپانیاکەوە بگەیەندرێت بە چەند وڵاتێکی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
  • کۆمپانیاکە بە گشتی خێرا نییە لە وەشاندنی نوێکاری و چاککاریەکان بۆ سیستمی مۆبایلەکە.
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی ناکات.
  • Galaxy S7 و Galaxy S7 Edge

GalaxyS7-S7-Edge

دوای ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ چەند مۆبایلێکی پێشکەوتووی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕاگەیاند ، ئەمجارە و لەمساڵدا بەردەوامی بە زنجیرەی مۆبایلە پێشکەوتووەکانی دا ، لەنێویشیاندا و مانگی سێی ئەمساڵ کۆمپانیاکە دوو مۆبایلی پێشکەوتووی بە ناوەکانی (Galaxy S7) و (S7 Edge) ڕاگەیاند بە چەند تایبەتمەندییەکی باشتر و چاککاری زیاتر.بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی پێگە تەکنەلۆژیەکان،لەمساڵدا و تا ئێستا ئەو دوو مۆبایلە زۆرترین ڕێژەی فرۆشییان هەبووە لەسەر ئاستی مۆبایلە هۆشمەندەکان.

تایبەتمەندییەکانی Galaxy S7:

  • شاشە:٥.١ ئینچ بە ڕوونی ٢٥٦٠ بە ١٤٤٠ و لە جۆری نایابی Super AMOLED
  • کێش:١٥٢ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 820 و Exynos 8890 Octa
  • ڕام:٤ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:٣٢ گێگابایت و ٦٤ گێگابایت
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات تا ٢٥٦ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە : ١٢ مێگاپیکسڵ لەگەڵ چەند تایبەتمەندیەکی پێشکەوتوو بۆ کامێراکە
  • کامێرای پێشەوە : ٥ مێگاپیکسڵ
  • توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 2K
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٣٠٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا (گەیشتنی باتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٦٠ تەنها لە ماوەی ٣٠ خولەک!)

لە بەرامبەردا ، مۆبایلی Galaxy S7 Edge هەمان تایبەتمەندییەکانی سەرەوەی هەیە بەڵام بە کەمێک گۆڕانکاری ، قەبارەی شاشەکەی ٥.٥ ئینچە ، کێشێکی زیاتری هەیە کە ١٥٧ گرامە ، هەروەها فراوانی باتریەکەی ٣٦٠٠ میلی ئەمپێرە لە کاژێرێکدا.

خاڵە بەهێزەکانیان:

  • توانایەکی نایاب و بەرزیان هەیە لەڕووی خێرایی جێبەجێکردنی کارەکانی سیستەم وەک (کردنەوە و داخستنی بەرنامەکان ، کارپێکردنی یاری و هتد…).
  • بوونی پەنجەمۆرێکی زۆر خێرا لە مۆبایلەکاندا (لەئێستادا خێراترینە)
  • کامێرایەکی نایابیان هەیە (بەپێی زۆربەی پێگەکان لە ئێستادا باشترین کامێرایە)
  • لەشێکی بەهێز و پتەو و دژە ئاو ، هەروەها بوونی دیزاین و ڕووکارێکی سەرنجڕاکێش بە بوونی دوو چینی شووشەیی بەهێز.
  • شاشەیەک بە ڕوونی QHD و لە تەکنەلۆژیای Super AMOLED ، ئەمە یەکێکە لە نایابترین و پێشکەوتووترین شاشەکانی مۆبایل و جوانیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە.
  • پشتگیری کردن لە تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا لەڕێگای تەلدار و بێ تەل.

خاڵە لاوازەکانیان:

  • بەپێی ڕای زۆربەی شارەزایان، نەبوونی پشتگیریکردنی مۆبایلەکان بۆ گوێزەرەوەی USB-Type C یەکێکە لە لاوازترین خاڵەکانی ئەو دوو مۆبایلە،بەڵام کاریگەریەکی وا گەورەی بەسەر دوو مۆبایلەکە نییە.
  • بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرنامەی جێگیرکراو لەسەر مۆبایلەکە کە توانای سڕینەوەیان نییە ، ئەمەش بەڕای بەکاربەران شتێکی زیادەیە و پێویست نییە.
  • ئاسانی کەوتنەخوارەوەی مۆبایلەکان لە دەست ئەمەش بەهۆی نەرمی و لووسی بەشی دەرەوە.
  • Huawei P9 Plus

HuaweiP9Plus

کۆمپانیای هواوی چینی ئەمساڵ توانی یەکێک لە مۆبایلە پێشکەوتووەکانی ئەندرۆید ڕابگەیەنێت ، مۆبایلێک کە تایبەتمەندیەکی بەرز لەخۆ دەگرێت.دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی لەگەڵ مۆبایلەکانی Mate 8 ، P8 و Nexus 6P بەدەستهێنا ، ئەمجارەش کۆمپانیای هواوی بە سەرکەوتنێکی گەورەترەوە گەڕایەوە و مانگی پێنجی ئەمساڵ مۆبایلێکی تری ڕاگەیاند بە ناوی Huawei P9 Plus.

تایبەتمەندییەکان:

  • شاشە:٥.٥ ئینچ بە ڕوونی ١٩٢٠ بە ١٠٨٠ و لە جۆری نایابی Super AMOLED
  • کێش:١٦٢ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦
  • پڕۆسێسەر:HiSilicon Kirin 955
  • ڕام:٤ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:٦٤ گێگابایت
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات تا ٢٥٦ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە :دوو کامێرا بە ڕوونی ١٢ مێگاپیکسڵ لەگەڵ چەند تایبەتمەندیەکی پێشکەوتوو بۆ کامێراکە
  • کامێرای پێشەوە : ٨ مێگاپیکسڵ
  • تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 1080
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٣٤٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا

خاڵە بەهێزەکان:

  • بوونی دوو کامێرا بە ڕوونی ١٢ مێگاپیکسڵ کە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای Leica ـی بەناوبانگ لە بواری هاوێنە و کامێرا دروستکراون ، مۆبایلەکە بیرۆکەیەکی نوێ لەخۆدەگرێت بۆ مۆبایلی دوو کامێرایی ، کە کامێرای یەکەم هەستەوەرێک بۆ ڕەنگە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێت ، کامێرای دووەمیشیان هەستەوەرێک بۆ ڕەنگی ڕەش و سپی لەخۆ دەگرێت،وە لە کاتی گرتنی وێنە هەردوو کامێراکە بەیەکەوە کاردەکەن بۆ دەرهێنانی جوانترین وێنە.
  • توانایەکی بەرز بۆ جێبەجێکردنی فرمانەکانی سیستەم.
  • شاشەیەک کە تایبەتمەندی تەکنەلۆژیای هەستەوەری پەنجەدانان لەخۆدەگرێت ، کە هواوی ناوە ناوە بە (Press Touch).
  • مۆبایلەکە لەشێکی پێشکەتووی هەیە و بەتەواوەتی لە ئەلەمنیۆم دروستکراوە .
  • بوونی پەنجەمۆر لە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە کە ئاسانی دەداتە بەکارهێنانی.
  • بوونی دوو بڵندگۆی دەنگی لە پێشەوە ، کە تیایدا دەنگێکی نایاب دەگوازرێتەوە.

خاڵە لاوازەکان:

  • لەگەڵ ئەوەی ڕوونی شاشەکەی Full HD ـیە ، بەڵام بەڕای بەکارهێنەران گەر بێتو ڕوونیەکەی بەرزتر بوایە ئەوا باشتر دەبوو وەک بەکارهێنانی ڕوونی QHD کە لە ئێستادا باوە و لە زۆربەی مۆبایلە پێشکەوتووەکاندا بەکاردێت.
  • بەشێک لە بەکارهێنەران کێشەیان لە لەشی مۆبایلەکەدا هەیە و دەڵێن گرتنی مۆبایلەکە بێزارت دەکات ئەمەش بەهۆی دیزاین و ئەو ئەلەمنیۆمەی کە تیایدا بەکارهاتووە.
  • Sony Xperia X Performance

XperiaXPerformance

دوای ئەوەی کۆمپانیای سۆنی ساڵی پار چەند مۆبایلێکی نایابی ڕاگەیاند ، ئەمساڵیش بەردەوام بوو لە وەشاندنی مۆبایلێکی نایاب بە ناوی (Xperia X Performance) ، هەروەکو مۆبایلەکانی پێشووی کۆمپانیای سۆنی ، بەهێزترین خاڵی ئەم مۆبایلە نوێیەش کامێراکەیەتی ، جگە لە کامێراکەش ، تایبەتمەندی بەرزیشی هەیە و شتێکی وای کەمتر نییە لە مۆبایلەکانی هاوشێوەی.

تایبەتمەندییەکان:

  • شاشە:٥ ئینچ بە ڕوونی ١٩٢٠ بە ١٠٨٠ و لە جۆری IPS LCD
  • کێش:١٦٤.٤ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦.٠.١
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 820
  • ڕام:٣ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:٣٢ گێگابایت
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات تا ٢٥٦ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە :٢٣ مێگاپیکسڵ
  • کامێرای پێشەوە : ١٣ مێگاپیکسڵ
  • تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 1080
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٢٧٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا (گەیشتنی باتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٦٠ تەنها لە ماوەی ٣٠ خولەک)

خاڵە بەهێزەکان:

  • بێگومان بەهێزترین خاڵی مۆبایلەکە کامێراکەیەتی ، سۆنی لەم مۆبایلەدا گەشەیەکی زۆری بە کامێراکە داوە لەوانە زیادکردنی چەند تەکنەلۆژیایەکی نوێ بۆ کامێراکەی کە وای لێدەکات زیاتر پێشکەوتوو بێت ، تەنها کامێرای پشتەوەی نا ، بەڵکو کامێرای پێشەوەیشی نایابە و ڕوونیەکەی ١٣ مێگاپیکسڵە ، چاوەڕوان دەکرێت لەم بوارەشدا ڕکابەری توند لەگەڵ کامێرای پێشەوەی مۆبایلی HTC 10 بکات.
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر لە پشتەوەی مۆبایلەکە کە ئەمەش شوێنێکی گونجاوە.
  • پشتگیری کردن لە تایبەتمەندی IP68 بۆ پاراستنی مۆبایلەکە لە دژی ئاو.
  • بوونی دوو بڵندگۆی دەنگی لە پێشەوەی مۆبایلەکە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای Hi-Res Audio.

خاڵە لاوازەکان:

  • شاشەیەکی بچووک و ڕوونیەکی کەم!
  • ڕامەکەی ٣ گێگابایتە ، کەم نییە ، بەڵام لەچاو مۆبایلە پێشکەوتووەکانی ئێستا کە بەلایەنی کەمەوە ڕامەکەیان لە ٤ گێگابایت کەمتر نییە ، ئەوا ڕامەکەی بە خاڵێکی لاواز دادەندرێت!
  • پشتگیری نەکردن لە گوێزەرەوەی USB-Type C.
  • Xiaomi Mi 5

XiaomiMi5

کۆمپانیای شیاومی چینی دوای ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و توانی چەند مۆبایلێکی پێشکەوتوو ڕابگەیەنێت ، ئەمجارەش و لە مانگی چواری ئەمساڵدا نوێترین و پێشکەوتووترین مۆبایلی خۆی لە ژێر ناوی Xiaomi Mi 5 ڕاگەیاند . ئەم مۆبایلە تایبەتمەندییەکی بەرزی هەیە و دەتوانێت ڕکابەری لەگەڵ مۆبایلە پێشکەوتووەکانی تریش بکات،خاڵێکی سەرنجڕاکێشی مۆبایلەکە نرخەکەیەتی کە نرخێکی زۆر گونجاوی هەیە لەچاو تایبەتمەندیە بەرزەکانی.

تایبەتمەندییەکان:

  • شاشە:٥.١٥ ئینچ بە ڕوونی ١٩٢٠ بە ١٠٨٠ و لە جۆری IPS LCD
  • کێش:١٢٩ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 820
  • ڕام:٤ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:جۆری ئاسایی:٣٢ گێگابایت و ٦٤ گێگابایت ، جۆری تایبەت:١٢٨ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە :١٦ مێگاپیکسڵ
  • کامێرای پێشەوە : ٤ مێگاپیکسڵ
  • توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 2K
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٣٠٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا (گەیشتنی باتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٨٣ تەنها لە ماوەی ٣٠ خولەک!)

خاڵە بەهێزەکان:

  • نوێترین و پێشکەوتووترین تایبەتمەندییەکان لەخۆدەگرێت لەزۆربەی لایەنەکان (پڕۆسێسەر ، کامێرا،ڕام،باتری..)
  • لەشێکی کانزایی تەواو لەگەڵ بوونی چینێکی سیرامیکی لە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە ، مۆبایلەکەش دیزاینێکی نایاب لەخۆدەگرێت.
  • توانایەکی بەرز بۆ بەجێهێنانی فرمانەکان.
  • پشتگیریکردنی کامێرای پشتەوە لەڕێگای بیناییەکی جێگیری چوار لایی بە ناوی (4Axis OIS) ئەمەش یەکەمینجارە لەسەر ئاستی کامێرای مۆبایلەکان.

خاڵە لاوازەکان:

  • لەم دواییەدا چەند ڕاپۆرتێک باسیان لەوە کرد کە کێشەیەک لە کاتی وەڵامدانەوەی شاشە هەیە بۆ هەستەوەری پەنجەدانان.
  • ڕووکارەکانی MIUI کە مۆبایلەکە لەڕێگایەوە کاردەکات ، کە جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ ڕووکارەکانی شاشەی ئەندرۆید ، بەشێک لە بەکارهێنەران کێشەیەکی زۆریان لەگەڵ بەدی کردووە.
  • لەشی دەرەوە و ناوەوەی مۆبایلەکە لە کانزایەکی “نەرم” دروستکراوە ، ئەمەش وا لە مۆبایلەکە دەکات شکانی ئاسان بێت و توانای خۆڕاگرتنی بۆ پەنجەدانانی بەهێز و زۆر نییە.
  • ZTE Axon 7

ZTE-Axon-7

کۆمپانیای ZTE کە کۆمپانیایەکی چینییە ، لەگەڵ ئەوەی کەمێک دواکەوت لە ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکەی ، بەڵام لە کۆتاییدا و دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ، مۆبایلێکی زۆر نایاب و پێشکەوتووی ڕاگەیاند.مۆبایلێک نموونەی کەمە لە هەموو لایەکەوە ! پڕۆسێسەرێکی بەهێز ، دیزاینێکی سەرنجڕاکێش ، ڕامێکی نایاب ، باتریەکی فراوان ، کامێرایەکی پێشکەوتوو!ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین و پێشکەوتووترین مۆبایلەکانی جیهان تا ئێستا کە تایبەتمەندی نایاب لەخۆدەگرێت بەرامبەر نرخێکی گونجاو.

تایبەتمەندییەکان:

  • شاشە:٥.٥ ئینچ بە ڕوونی ٢٥٦٠ بە ١٤٤٠ و لە جۆری AMOLED
  • کێش:١٨٥ گرام
  • وەشانی ئەندرۆید ٦.٠.١
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 820
  • ڕام:٦ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی:٦٤ گێگابایت
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات تا ٢٥٦ گێگابایت
  • کامێرای پشتەوە :٢٠ مێگاپیکسڵ
  • کامێرای پێشەوە : ٨ مێگاپیکسڵ
  • توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 2K
  • بوونی تایبەتمەندی پەنجەمۆر
  • فراوانی باتری: ٣١٤٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
  • بوونی تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرا (گەیشتنی باتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٨٣ تەنها لە ماوەی ٣٠ خولەک!)

خاڵە بەهێزەکان:

  • پێشکەوتووترین تایبەتمەندییەکانی ئێستای سەردەمی مۆبایل لەم مۆبایلەدا بوونی هەیە ، وەک پڕۆسێسەری نایابی سناپدراگۆن ٨٢٠ و ڕامی ٦ گێگابایت و ڕوونی شاشەی QHD و کامێرای ٢٠ مێگاپیکسڵ!
  • بوونی دوو بڵندگۆی دەنگی لە پێشەوە بەتەکنەلۆژیای Dolby و بە ڕوونی ٣٢-بت.
  • شاشەیەکی هەستەوەر بۆ پەنجەدانان ، لەگەڵ لەشێکی کانزایی لە ئەلەمنیۆم.
  • پشتگیری لە ئامێری سەیرکەری ڤیدیۆیی DayDream دەکات کە لەلایەن کۆمپانیای گوگڵ دروستکراوە.

خاڵە لاوازەکان:

  • کامێرای پێشەوەی کێشە بۆ بڵندگۆی پێشەوە دروست دەکات و بەمەش لە توانای کامێراکە و دەنگەکە کەم دەکاتەوە.
  • کێشێکی زۆری هەیە کە ١٨٥ گرامە ، ئەمەش بێزاری بە بەکارهێنەر دەبەخشێت.

  • کۆتایی و ڕاپرسی:

ئەمە ناوی ئەو مۆبایلانە بوو کە لە ٦ مانگی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون ، گەر ناوی مۆبایلێکی ترت نەبینی کە پێشکەوتوو بێت ، ئەوا بزانە کە لەوانەیە مۆبایلەکە ساڵی پار ڕاگەیەندرابێت ، ئێمە تەنها باسی ئەو مۆبایلانەمان کردووە کە ئەمساڵ و تا ئێستا ڕاگەیەندراون.بێگومان دەبێ ئەوەش بزانین ، کە هێشتا چەند مانگێک ماوە و چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلی پێشکەوتوو لە چەند مانگی داهاتوودا ڕابگەیەندرێت وەک نۆوت ٧ و ئایفۆن ٧ و مۆبایلی کۆمپانیای گوگڵ ، بۆیە سەرنجی ئەوە بدەن کە ئەمانە تاکو ئێستان و نازاندرێت ئایا لە داهاتوودا چ مۆبایلێکی دیکە دەبێت.

لەم بابەتەدا کە ئاماژەمان بە هەشت پێشکەوتووترین مۆبایلی ئەمساڵدا تاکو ئێستا کە بە سیستەمی ئەندرۆید کاردەکەن،بۆ هەر مۆبایلێک تایبەتمەندی،خاڵە بەهێزەکان و خاڵە لاوازەکانمان باس کردووە.ئێستا بڕیار لەدەستی ئێوەیە ، فەرموون بە چاوێکی تەکنەلۆژییەوە بڕوانن و بڕیار بدەن ، ئایا کامیان شایەنی کڕینن؟کامیان پێشکەوتووترینیانە لەنێو ئەم هەشت مۆبایلەدا؟کامیان لە ئاست داخوازی و داواکارییەکانی بەکارهێنەرن؟

ئێمە ڕاپرسییەکمان دروست کردووە و دەمانەوێت ئێوە بڕیار بدەن ، بەڕای ئێوە ، کام مۆبایلی ئەندرۆید باشترینە کە لەم ساڵدا ڕاگەیەندرابێت؟دەتوانن لەڕێگای ئەم بەستەرەوە دەنگ بدەن (کلیک بکە).

سەرچاوەکان:

  • Ardroid
  • Tech Radar
  • Android Authority
بۆچونی تۆ