بابەتی گرینگ
13, تەممووز 2016
چۆن پشکنین بۆ تەندروستی پاتری لاپتۆپەکەت دەکەیت؟ چەند جار شەحن کراوە؟
بێگومان پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە تێپەڕبوونی کات توانستیان دادەبەزێت و هەندێکیان لەبەرئەوەی بەباشی بارگاوی و شەحن کراونەتەوە لەکاتی بەکارهێنانیان باشتر خۆدەگرن و بۆ ماوەیەکی درێژتر دەمێینەوە و هەندێکیشی لەبەر مامەڵەی نەشیاو و نەگونجاو تەمەنیان کەمتر و کەمتر خۆ دەگرن. ئەگەر پاتری ئامێرەکەت جا چ لاپتۆپە یان مۆبایل تەمەنی لە ١٥ خولەک کەمتربووەتەوە ئەوا بێگومان پێویستی بە گۆرین هەیە و پێویستە پاتریەکەی بگۆریت. بۆ ئەم مەبەستە لەخوارەوە لەرێگەی سیستەمی ویندۆز خۆیەوە لە ڕێگەی CMD واتە Command Promptـەوە پشکنین بۆ تەندروستی پاتری لاپتۆپ دەکەین و هەروەها پشکنین بۆ ژمارەی خولەکانی شەحنکردنەوەی پاتریەکە دەکەین لە ماوەی ڕاپردوودا و لەگەڵ چەندین شتی تر کە لەو ڕاپۆرتە دەنوسرێت کە CMD بە ئێمەی دەدات لەڕێگەی ڕاپۆرتێکی تەواو و پڕ لەزانیاری لەسەر پاتری لاپتۆپەکەمان.
تێبینی: هەنگاوەکان بۆ ویندۆز ٧ جیاوازە لە ویندۆز ٨ و ١٠.
لەناو لیستی بەرنامەکان یان لەڕێگەی RUN بەرنامەی CMD واتە Command Prompt بە Run as Administrator بکەوە و ئەم کۆدەی خوارەوە بنوسە و Enter بکە لەسەر کیبۆرد:
powercfg/energy
دوای ئەوە کەمێک چاوەڕێ بکە تا ڕاپۆرتی پشکنینی پاتریەکە ئامادە دەکات و پێت دەڵێت ڕاپۆرتەکەی لەکوێ پاشەکەوتکردووە و ڕاپۆرتەکەش بە فایلی HTMLـە و بەزۆریش لەفۆڵدەری C:\Windows\System32 و بەناوی energy-report.html پاشەکەوت دەکرێـت و تۆش بە یەکێک لە وێبگەرەکان بیکەوە وەکو ئەم وێنەی خوارەوە:
ئەگەر سەرەنجی وێنەکەی سەرەوە بدەن جۆری پاتریەکەی و زنجیرە ژمارە و توانستی دیزاینکراو و دوایین جاری بارگاوی بوون و هەموو ئەمانە لە ڕاپۆرتەکە هەیە و بۆ هەندێک جۆری پاتریش ژمارەی خولەکانی بارگاوی کردنەوەش دەنوسێت کە چەند جار لە سفرەوە تا سەد شەحن کراوە.
بەهەمان شێوەی ویندۆز ٧ لە لیستی بەرنامەکان CMD واتە Command Prompt بە Run as Administrator بکەوە و ئەم کۆدەی خوارەوە بنوسە و Enter بکە:
powercfg/batteryreport
دوای ئەوەی Enterـت کرد، کەمێک بوەستە و دەبینیت ڕاپۆرتێک بە فایلی HTML لە فۆڵدەری C:\Windows\System32 بەناوی energy-report.html پاشەکەوت دەکات و تەواوی زانیاری لەسەر پاتری لاپتۆپەکەت تێدایە هەر لە خولەکانی شەحن کردنەوە تا ئەو کات و بەروارانەی کە لاپتۆپەکەت شەحن کردووەتەوە. بەکورتی ڕاپۆرتێکی تەواوت لەسەر پاتری لاپتۆپەکەت دەداتێ.

ڕێنماییەکی گچکۆکە: ئەگەر هەرکاتێک ویستت بۆ ماوەیەکی درێژ لاپتۆپەکەت بەکارنەهێنیت بەهەرمەبەستێک بێت ئەوا پێویستە پێش هەڵگرتنی پاتری لاپتۆپەکەت دەربکەیت ئەمجار هەڵی بگریت و بەم شێوەیە پارێزگاری لە پاتریەکە دەکەیت و لە فەوتان دەیپارێزیت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!