10
ئەندرۆید 16, ته‌مموز 2016

File Expert یەکێک لە نایابترین ئەپڵیکەیشنەکانی ئەندرۆید بۆ بەڕێوەبردنی فایلەکانی ناو ئامێرەکان دابگرە

File Expert

هەموو بەکارهێنەرێک لە بەکارهێنەرانی سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید ڕۆژانە پێویستی بە ئامرازێک هەیە بۆ ئەوەی بە ڕێگایەکی ئاسان بتوانێت زانیاریەکانی ناو ئامێرەکەی بدۆزێتەوە و مامەڵەیان لەگەڵ بکات بە گواستنەوە یان  لەبەرگرتنەوە یان سڕینەوە و هەموو ئەو کردارانەی ڕۆژانە پێویستمان دەبێت. بۆیە ئێمەش بە پێویستمان زانی کە یەکێک لە نایابترین نەرمەکاڵا لەناو نەرمەکاڵاکانی ئەو بوارە بە ئێوەی بەڕێز ئاشنا بکەین ئەویش نەرمەکاڵای File Expertــی سیستەمی وەگەڕگەری ئەندرۆیدە.

File Expert2File Expert بە چەندین تایبەتمەندیی ناوازە جیا دەکرێتەوە، لەو تایبەتمەندیانە:

  • دەتوانیت کار لەسەر هەریەک لە بیرگەکانی ناوخۆیی ئامێرەکە و بیرگەی دەرەکی و خزمەتگوزاریە هەوریەکانیش  بکەیت بە شێوازێکی زۆر ئاسان و زانیاریەکان لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ پێ بکەیت.
  • دەتوانیت زانیاریەکانی ناو ئامێرەکەت بە شێوازێک کە خۆت بتەوێت و هەڵیدەبژێریت ڕیزیان بکات بۆت.
  • بە ئاسانی گەڕان بکە لەناو زانیاریەکان و تەنها بە نووسینی ناوی ئەو بابەتەی دەتەوێت خۆی گەڕان دەکات و بۆتی دەدۆزێتەوە.
  • هەر پەڕگەیەک (فایلێک)  یان بوخچەیەک (فۆڵدەرێک) کە هەیە لەناو بیرگەی مۆبایلەکەت ڕاستەوخۆ قەبارەکەی و چەند پەڕگەی لەخۆ گرتووە لەناو خۆیدا  بۆت دیاری دەکات و ئەمەش کارئاسانیەکی باشە!
  • یەکێکی تر لە گرنگترین تایبەتمەندیەکانی بریتیە لە سڕینەوەی زانیاریەکان بە شێوەیەکی یەکجاری و دواتر توانای گەڕاندنەوەی نەبێت لە ڕێگای کۆمپیوتەرەوە.
  • لە ڕێگای ئەم نەرمەکاڵایەوە دەتوانیت فایلەکانت بپەستێویت یاخود فایلە پەستێوراوەکان بکەیتەوە بە شێوازێکی ئاسایی و کاریان لەسەر بکەیت.
  • دەتوانیت ڕەنگی فۆڵدەرەکان بگۆڕیت بۆ هەر ڕەنگێک خۆت پەسەندی دەکەیت.
  • دەتوانیت بە ئاسانی نەرمەکاڵاکانی ناو ئامێرەکەت لە ڕێگای File Expert ـــەوە پاشەکەوت بکەیت بە زانیاریەکانی ناو ئەپەکانەوە.
  • دەتوانیت بە ئاسانی ئەو ئەپانەی لەسەر ئامێرەکەت دامەزرێنراوە بیانسڕیتەوە.
  • بە ئاسانی فایلەکانی ئۆفیس بگۆڕە بۆ PDF.
  • ئەمانە و چەندین تایبەتمەندی تریش…

کەواتە ئەپێک هەڵگری ئەو هەموو تایبەتمەندییە بێت شایەنی ئەوەیە هەریەک لە بەکارهێنەرانی ئەندرۆید سوودی لێ ببینن! و ئێوەش دەتوانن بە پەنجە نان بەم وێنەی خوارەوە ئەپی File Expert دابگرن يان كلیك بكە بۆ داگرتن

Android

بۆچونی تۆ