ئەندرۆید 16, ته‌مموز 2016

یەکەم مۆبایل ڕادەگەیەندرێت کە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 821 کاردەکات

KITN-IMAGE

دوای ئەوەی کۆمپانیای (Qualcomm) پێشکەوتووترین پڕۆسێسەری بە ناوی Snapdragon 821 ڕاگەیاند، ئیدی لەمەودوا چاوەڕوان دەکرێت کە مۆبایلە پێشکەوتووەکان بەدوای بەکارهێنانی ئەو پڕۆسێسەرە بکەون.لە یەکەمین هەنگاویشدا، کۆمپانیای Asus جۆرێکی نوێی لە مۆبایلی ZenFone 3 Deluxe ڕاگەیاند کە بەو پڕۆسێسەرە کاردەکات. لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیاکە ئەم مۆبایلەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ڕاگەیاند، ئەمجارە بڕیاری داوە کە جۆرێکی نوێ لەم مۆبایلە بڵاوبکاتەوە بە مەبەستی کارکردن بە نوێترین پڕۆسێسەر کە Snapdragon 821 ـە، کەواتە ئەمە دەبێتە یەکەمین مۆبایل کە بەم پڕۆسێسەرە نوێیە کاربکات. لە ماوەی پێشوودا زۆرێک لە مۆبایلە پێشکەوتووەکانی وەک Galaxy S7 ،Xiaomi Mi5 و HTC 10 پڕۆسێسەری Snapdragon 820 ـیان بەکارهێنا کە ئەمەشیان بەهەمان شێوە پڕۆسێسەرێکی زۆر بەتوانا بوو، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا کۆمپانیای کوالکۆم پڕۆسێسەرێکی نوێی ڕاگەیاند بەناوی Snapdragon 821 کە ئەمەیان بەڕێژەی %١٠ لە پڕۆسێسەری Snapdragon 820 خێراتر و باشترە لەڕووی توانای جێبەجێکردنەوە. شایەنی باسە ئەم مۆبایلە بە پڕۆسێسەرێکی گرافیکی ناسراو بە Adreno 530 کاردەکات، لەگەڵ بوونی ڕامێکی فراوانی نایاب کە ٦ گێگابایتە لە جۆری DDR4، لەگەڵ بوونی بیرگەی ناوەکی کە بەرزدەبێتەوە تا ٢٥٦ گێگابایت. کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ئەم مۆبایلە لە دوو جۆر پێکدێت، جۆرێکیان کە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 821 کاردەکات و ئەوی تریان بە پڕۆسێسەری Snapdragon 820 کاردەکات، لەڕووی فراوانی ڕام و بیرگەی ناوەکیشەوە دوو جۆری هەیە، یەکێکیان ڕامەکەی ٦ گێگایە و بیرگەی ناوەکییەکەی ٦٤ گێگابایتە، ئەمەی تریشیان ڕامەکەی ٤ گێگایە و بیرگەی ناوەکییەکەی ٣٢ گێگابایتە.

تایبەتمەندییەکانی تری ئەم مۆبایلەش بریتین لە بوونی شاشەیەک بە قەبارەی ٥.٧ ئینچ بە ڕوونی ١٠٨٠ پیکسڵ کە بە پارێزەری Gorilla Glass 4 داپۆشراوە. هەروەها لەگەڵ بوونی کامێرایەکی پێشکەوتوو بە ڕوونی ٢٣ مێگاپیکسڵ و بوونی چەند تەکنەلۆژیایەکی بەهێز لە کامێراکە، هەروەها تایبەتمەندی پەنجەمۆریش لە مۆبایلەکەدا بەردەستە. فراوانی باتریەکەی ٣٠٠٠ میلی ئەمپێرە لە کاژێرێکدا، هەروەها پشتگیری لە تەکنەلۆژیای بارگاوی کردنەوەی خێرا دەکات و بەپێی وتەی کۆمپانیاکەش تەنها بە بارگاوی کردنەوەی مۆبایلەکە بۆ ماوەی ٣٩ خولەک ئەوا تەمەنی باتری مۆبایلەکە دەگاتە ڕێژەی %٦٠.

ئەم مۆبایلەش نرخەکەی لە ٥٠٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات بۆ ئەو جۆرەی کە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 820 کاردەکات و ڕامەکەی ٤ گێگابایتە، هەروەها نرخی ٧٨٠ دۆلاریش بۆ ئەو جۆرەی کە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 821 کاردەکات، بەڵام ئەمەیان مانگی داهاتوو سەرەتا لە تایوان و هۆنگ کۆنگ بڵاودەبێتەوە و دواتریش لە مانگەکانی داهاتوودا دەگات بە وڵاتانی دیکە.

ئینفۆگرافیکێک دەربارەی مۆبایلەکە
ئینفۆگرافیکێک دەربارەی مۆبایلەکە

سەرچاوە: TNW

تاگەکان مۆبایل هۆشمەند
بۆچونی تۆ