جۆراوجۆر 22, ته‌مموز 2016

ئێمە کێین؟ چۆن کاردەکەین؟ سەرچاوەکانمان کوێن؟

whoweare

ئێمە کۆمەڵێک گەنجی بەهرەمەندی خۆبەخشی لێبڕاوی ئەم کوردستانەین! لێبڕاوانە و خۆبەخشانە ملمان داوەتە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵی دروست دەربارەی تەکنەلۆژیا لەکوردستان بە پشت بەستن بە ڕەوشتە بەرزەکانی ڕۆژنامەنوسی و بێ گوێدانە ئەوەی خەڵکی و ئەوانەی چاویان بە کارەکانمان هەڵنایەت کاردەکەین. ئێمە پێگەکەمان ناوی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردیە و بە ئینگلیزی Kurdish Information Technology Networkـە و کورتکراوەکەیشی کەی ئای تی ئێنە کە بریتییە لە پێگەیەک کە تەمەنی نزیکەی ٥ ساڵە و تایبەتە بە بواری تەکنەلۆژیای زانیارییەکان و ڕۆژانە بەوپەڕی تواناوە لەلایەن ئەو گەنجە خۆبەخشە لێبڕاوانە کە بە ئەزموونن لەو بوارەدا بەڕێوە دەبردرێت و ئەوان هەوڵی تەواوی خۆیان خستووەتەگەڕ تەنها بۆ ئەوەی خزمەتی وێبی کوردی بکەن و بەرەوپێشەوەی ببەن. کەی ئای تی ئێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەڕی تایبەت بە خۆی هەیە و هەر شتێک لە ماڵپەڕ بڵاوبکرێتەوە ئەوا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکاتەوە، ئەمەش بەمەبەستی هاوبەشی کردنی ئەو بابەتانە لەگەڵ زۆرترین ڕێژەی خەڵک لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش.

ئێمە چۆن کاردەکەین؟

ستراتیژی کارکردنی ئێمە بریتییە لە ئاراستەیەکی ڕاست و گەیاندنی زانیاری دروست و بەسەرچاوەوە بە میوانان و هاندەرانمان. کارکردنی ئێمە تەنها خۆی لە بابەت و هەواڵ نادۆزێتەوە بەڵکو ئێمە لە ڕابردوو و لە ئێستا و لەداهاتووش پڕۆژەمان هەبووە و دەمانبێت و جگە لەوە فەیسبووک سەرچاوەی سەرەکی بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە لەلای ئێمە بەڵکو بەستەرێکە لە نێوان ماڵپەڕەکەمان و میوانانمان بۆ ئەوەی بە ئاسانی سەردانی بکەن و ئاگاداری دوایین گۆرانکارییەکان ببن. ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنها نوسینی دوو خەت نییە و بەس، بێ گوێدانە ڕێنوس و خاڵبەندی و بەکارهێنانی کوردیەکی پاراو بەڵکو ئەوپەڕی توانامان خستووەتەگەڕ کە بتوانین بە ڕێک و پێکی و ڕێنوسێکی دروست و خاڵبەندیەکی تەواو بەکاربهێنین، ئەمە جگە لە پشت بەستنی تەواو بە فەرهەنگی ئایتی کوردی بۆ بەکارهێنانی وشە و زاراوە ئایتییە کوردییەکان لەبەرامبەر ئینگیزییەکان.

لێرولەوێ و جاروبار هەندێک خەڵک سەرەنج بۆ ئێمە دەنوسن گوایە ئێمە هەواڵ بدزین چونکە ئەوان پێیان وایە نابێت لە ماڵپەڕە بیانییەکان هەواڵ بێنین بەڵکو دەبێت لە گیرفانی خۆمان شت دەربێنین و هەواڵ بنوسین! خوێنەران دەپرسین ئەی ئەگەر ئێمە وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا پشت بەسەرچاوەیەکی دەرەکی نەبەستین پشت بە چی ببەستین؟! بۆیە لێرەوە بەو کەسانە دەڵێین کە قسەی بەرز و نزم و لەخۆوە دەکەن کە بە جگە لە ئێرەیی هیچی تری نازانین دەڵێین ئێمە بەشانازییەوە پشت بە ماڵپەڕە جیهانییەکان دەبەستین لەبواری تەکنەلۆژیادا و ستافە کارامە و لێهاتووەکەمان بەپێی توانا وەرگێران دەکەن و هەواڵەکان دەگوازنەوە. سوپاس بۆ خوا ئەوەندەش کارامە و بە ئەزموونین کە خاوەن بابەت و زانیاری خۆمان بین و بەگوێرەی توانا بابەتی زانیاری لەسەر بابەتە جیاجیاکانی بواری تەکنەلۆژیا بنوسین.

سەرچاوەکانمان کوێن؟

بێگومان ئێمە ڕەشاوێژی ناکەوینە ناو بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵی بێ بنەما بەڵکو بۆ بابەت و زانیارییەکانمان پشت بە دەیان ماڵپەڕی جیهانی بەزمانی ئینگلیزی و عەرەبی دەبەستین و لەوێوە هەواڵ و زانیارییەکان وەردەگرین و دوای وەرگێران و داڕشتنەوەیەکی جوان و ڕێک بۆ ئێوەی بە ئەمەکی بڵاودەکەینەوە! بەم بۆنەیەوە بەباشمان زانی لێرە ناوی هەندێکیان لەسەرچاوە بێنینن کە پێک دێن لە ماڵپەڕی ئینگلیزی و عەرەبی کە ئەوانیش (Engadget و The Verge و Mashable و TechCrunch و Cnet و 9To5Mac و iClarified و aitnews و tech-wd و Extremtech و ardroid و android Authority و BGR و Android Community و Unlimited-tech و PocketNow و PC World و PcMag و Howtogeek و MacWorld و Zdnet و Apple Insider و TechInsider و چەندان و چەندان سەرچاوەی تر…) کە ئێمە ڕۆژانە چاودێری دەکەین و گرنگترین و باشترین هەواڵ و زانیارییەکان دەگوازیینەوە. ئەمە جگە لەوەی ئێمە بەدواداچوون بۆ زۆربەی ئەو هەواڵ و زانیارییانە دەکەین پێش گواستنەوەیان و بەمەش توشی ئاستەنگی زۆر دەبینەوە لەم نێوەندەدا.

هەر لێرەوە دەمانەوێت بڵێین کە ئەم نوسینەی سەرەوە گوازراشت نییە ڕق درووستکردن لەگەڵ هیچ کەس و گروپێکدا و پەیوەندیشمان بە هیچ کەس و لایەنێکەوە نییە تا دژایەتی کەس بکەین. ئێمە خزمەتی خۆمان دەکەین بەپێی توانا، ڕەخنەش دەخەینە سەرچاومان و مەبەستمان ئەوەنیە کە گوێ لە ڕەخنەی کەس ناگرین بەڵام هەمووشتێک لەشوێنی خۆی و بزانرێت بۆ ڕەخنە دەگیرێت و لەسەر چی.

ئەمەی سەرەوە وەکو بەرچاوڕوونیەک بۆ گشت ئەو کەسانەی پرسیاریان هەبوو و یان دەبێت و یان توانج و پلاریان هاویشتووە لە کاروچالاکییەکانمان. بەهیوای ئەوەی جێگای خۆی بگرێت و ئەوانیش لە ئەسڵی بابەتەکان بگەن و جارێکی تر پێش توانج و سەرەنج نوسین دووجار بیربکەنەوە.

وەکو یەکەم تۆڕی تەکنەلۆژی لەناوچەکە بەردەوامین لەژێر دروشمی وردترین و نوێترین و خێراترین!

دەستەی بۆردی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕ

بۆچونی تۆ