ئەندرۆید 9, ئاب 2016

(وەن پڵەس ٣) یان (گالەکسى ئێس ٧) کامیان خێراتر بارگاویدەبێتەوە؟!

op3-dc-v-gs7-fc-880x495 (1)

دوێنى کۆمپانیاى (وەن پڵەس)ى چینى گرتەیەکى ڤیدیۆیی نوێی لە کەناڵى فەرمى خۆیەوە لە پێگەى یوتیوب بڵاوکردەوە کە تێیدا خێڕایی بارگاویکردنەوەى باترى لەنێوان هەردوو مۆبایلى (وەن پڵەس ٣) و (سامسۆنگ گالەکسى ئێس ٧) نیشان دەدات و ڤیدیۆیەکەیش ئەنجامێکى سەرسامکەرى دەبێت.

لە ڤیدیۆکەدا کۆمپانیاى وەن پڵەس باس لەوە دەکات کەوا تەکنەلۆژیا تایبەتیەکەى خۆى بۆ خێرایی بارگاویکردنەوەى باترى بەناوى (Dash Charge) کە لە (وەن پڵەس ٣)دا بەکارهاتووە، خێراترە لە تەکنەلۆژیاى خێرا بارگاویکردنەوەى سامسۆنگ کە لە مۆبایلى (گالەکسى ئێس ٧) بەکارهێنراوە، بێگومان هەردوو مۆبایلیش هێزى باتریەکەیان یەکسانە کە ٣٠٠٠ میلى ئەمپێرە لە کاژێرێکدا.

لەسەرەتاى ڤیدیۆکەدا کۆمپانیاى وەن پڵەس هەندێک ڕوونکردنەوە دەدات و دواتر هەردوو مۆبایلەکە بۆماوەى ٣٠ خولەک لەسەر بارگاویکردنەوە دادەنرێن و ڕوونماکەیان دادەخرێت، دواى ماوەى دیاریکراو مۆبایلى (گالەکسى ئێس ٧) ڕێژەى باتریەکەى گەیشتوەتە %٥٠ بەڵام مۆبایلى وەن پڵەس ٣ ڕێژەى باتریەکەى گەیشتوەتە %٦٤!

دواتر کۆمپانیاکە بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کەوا تەکنەلۆژیا تایبەتەکەى خۆى بەناوى (Dash Charge) هەمان تواناى هەیە تەنانەت ئەگەر ڕوونماى ئامێرەکە کاراش بێت بۆیە هەڵدەستێت بە دوبارەکردنەوەى تاقیکردنەوەکە بۆ جارى دووهەم و بەهەمان ماوە بەڵام ئەمجارە ڕوونماى ئامێرەکان کاران و دانەخراون، لە ئەنجامدا مۆبایلى گالەکسى ئێس ٧ ڕێژەى باتریەکەى دەگاتە %٢٣ کەچى مۆبایلى (وەن پڵەس ٣) گەیشتۆتە %٦٧!

کۆمپانیاى (وەن پڵەس)ى چینى سەرەڕاى ئەوەى کە لە ساڵى ٢٠١٣ دامەزراوە کەچى ڕۆژ دواى ڕۆژ گەشە دەکات و ناوبانگ پەیدا دەکات، سەرەڕاى تەمەنە کورتەکەیشى کەچى بەرهەمەکانى لاى بەکارهێنەران دڵخوازن و فرۆشێکى چاکیان هەیە و بەوە ناسراون کە تایبەتمەندى بەرزیان هەیە و نرخیشیان کەمە بەبەراورد لەگەڵ بەرهەمانى ترى کۆمپانیا بەنێوەبانگەکانى وەک ئەپڵ و سامسۆنگ…هتد.

س/ ئەى ئای تى نیوز

بۆچونی تۆ