10
بابەتی گرینگ 15, ئاب 2016

وەشانی تاقیکاری چوارەم بۆ پلەیستەیشن ٤ بڵاودەکرێتەوە

Ps4

وا بڕیارە لە بەیانیەوە وەشانی تاقیکاری چوارەم بۆ ئامێری یاری ڤیدیۆیی پلەیستەیشن ٤ بگات بەو بەکارهێنەرانەی کە ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەدەست گەیشتنی ئەو وەشانە تاقیکارییە. لەو وەشانەدا چەند گۆڕانکارییەک ئەنجامدراون، لەوانە باشترکردنی بەشی Library لە سیستمی ئامێرەکە و زیادکردنی چەند بەشێک بۆی، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت چاککاری زیاتر بکرێت لە بەشەکانی بڵاوکردنەوە (Share) و لیستی خێرا (Quick Menu) بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ بەکارهێنەر.

یەکێکی تر لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی ئەو وەشانە، زیادکردنی بوخچە (Folder) ـە بۆ بەشی سەرەتای سیستمەکە، لە ڕێگای بوخچەوە دەتوانیت ئەو یارییانەی کە ئارەزوویان دەکەیت بیانخەیتە نێو یەک بوخچەوە ئەمەش ئاسانکاری زیاترت بۆ دەکات و یارمەتیت دەدات لە دۆزینەوەیان بەشێوەیەکی زۆر ئاسان و خێرا. لە بەشی (Library) دا، دوگمەی (Purchased Content) زیادکراوە و هەموو ئەو یارییانەی تێدا کۆکراوەتەوە کە تۆ لە هەژمارەکەتدا کڕیوتە، هەروەها لە بەشی سەرەکی Library ـیشدا تەنها ئەو یارییانەت پێ پیشان دەدات کە دوایین جار داتبەزاندوون، یەکێکی تر لە زیادکراوەکان، دوگمەی Sort ـە کە لەڕێگایەوە دەتوانیت بە ڕیزکراوی سەیری ئەو یارییانەت بکەیت کە کڕیوتن ئەمەش بەپێی کات یاخود نرخ.

13879472_1105519072851534_9025496564921432476_n

13912832_1105518269518281_8130377781977944351_n

جگە لەمانەش، بە گشتی ڕووکاری سیستمەکە دەستکاری کراوە و جوانتر و سادەتر کراوە. ئەم وەشانە تاقیکارییە لە بەیانییەوە دەگات بەو کەسانەی کە ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ وەشانە تاقیکارییەکە (کرتە بکە بۆ خۆتۆمارکردن بۆ بەدەستگەیشتنی ئەم وەشانە تاقیکارییە) بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت کە مەرج نییە لە کاتی خۆتۆمارکردندا وەشانەکەت ڕاستەوخۆ پێبگات، چونکە پێگەیشتنی ئەم وەشانە تاقیکارییە هەڕەمەکییە و کۆمپانیا خۆی ئەو کەسانە دیاری دەکات کە وەشانەکەیان پێدەگات، بۆ ئەو کەسانەیشی کە وەشانە تاقیکارییەکەیان پێ ناگات، ئەوا دەبێ چاوەڕوان بن تا لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا وەشانەکەیان پێ دەگات.

سەرچاوە: تێک کڕەنچ

تاگەکان هەواڵ
بۆچونی تۆ