ئەپڵ 15, ئاب 2016

تیم کوک لە دیدارێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ دەداتەوە

Cook

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ـی ئەمریکی دیدارێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ تیم کوک ـی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ ئەنجامدا، لەو دیدارەدا ڕۆژنامەکە چەندەها پرسیاری گرنگی لەگەڵ کوک ورووژاند و لە بەرامبەریشدا کوک بە ڕاشکاوی وەڵامی پرسیارەکانی ئەو ڕۆژنامەیەی دایەوە، ئەم دیدارە بە بۆنەی تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کوک وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ لە شوێنی ستیڤ جۆبز ئەنجامدرا.

لە دیدارەکەدا کە ماوەیەکی زۆری خایاند و ژمارەی وشەکانی گەیشتە زیاتر لە ١٠ هەزار وشە، تیم کوک باسی لە چەندەها حاڵەت کرد، لەوانە چۆنیەتی کارکردنی ستیڤ جۆبز لە بەرهەمێکی بچووکەوە بۆ چەندەها بەرهەمی ناوازە و فراوان، هەروەها ئەو هەڵانەی کە تیم کوک لە ژیانیدا ئەنجامی داوە و چەند باسێکی تر.

  • ڕێژەی فرۆشی ئامێرەکانی ئایفۆن

تیم کوک لە وتارەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە %٧٥ ـی فرۆشییەکانی ئەپڵ لە ڕێگای ئایفۆنەوەن، ئەوەشی ڕاگەیاند کە بازاڕەکانی فرۆشتنی مۆبایلە هۆشمەندەکان باشترینن، باوەڕیشی وایە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات مۆبایلی هۆشمەند لە دەستی هەموو کەسێکی سەر زەویدا دەبێت، هەروەها لەگەڵ بەرەو پێشچوونی ئامێرە هۆشمەندەکان، کوک پێشبینی دەکات کە “ئایفۆن گرنگترین ڕۆڵی هەبێت لە ژیاندا”.

  • ڕەزامەندی وەبەرهێن و بازرگانەکان

تیم کوک ڕایگەیاند کە بێزار نییە لەو وەبەرهێن و بازرگانانەی کە دەڵێن ڕۆژانی سەرکەوتنی گەورەی ئایفۆن کۆتایی پێهاتووە، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ئەوانە هێشتا گومانیان لە توانا و کارامەییەکانی کۆمپانیاکە هەیە.

کوک ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەپڵ پێشوازی لە هەموو وەبەرهێنێک دەکات، بەڵام زیاتر سەرنج دەداتە سەر ئەو وەبەرهێنانەی کە دوور و فراوانتر دەڕوانن.

  • جێگرتنەوەی ستیڤ جۆبز

کاتێک تیم کوک پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵی وەرگرت، لە سەرەتادا و بەر لەوە پێشبینی دەکرد کە ئەو وەکو جێگری ستیڤ جۆبز بمێنێت، هەرگیز باوەڕی نەدەکرد کە ستیڤ جۆبز ڕۆیشتووە، هەمیشە دەیگوت کە ڕۆژێک جۆبز دەگەڕێتەوە!

  • ناکۆکی نێوان ئەپڵ و دەزگای FBI

کاتێک دەزگای FBI داوای لە ئەپڵ کرد کە قفڵی ئایفۆنی کەسێک بکاتەوە کە بەرپرسە لە ڕووداوێکی شاری سان بێرناردینۆ، بەڵام ئەپڵ لە بەرامبەردا بەهەموو شێوەیەک ئەو داوایەی FBI ڕەتکردەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەپڵ دەیتوانی قفڵەکە بکاتەوە، بەڵام ئەم کەیسە بۆ ئەپڵ حاڵەتێکی ئەخلاقی بوو، بۆیە نەیدەویست قفڵەکە بکاتەوە.

کوک لە دیدارەکەدا باسی لەوە کرد کە ئەو داوایەی FBI پێچەوانەی ڕێوشوێنی ئەمنی و ئەخلاقی ئەپڵ بوو، هەروەها گوتی ئەپڵ نایەوێت زانیاری بەکارهێنەر بدرکێنێت، گرنگترین پێداویستیش لای ئەپڵ باری ئەمنی و تایبەتمەندێتی بەکارھێنەرە.

  • هەڵەکانی تیم کوک

کوک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە دروستکردن و دانانی نەخشەکانی ئەپڵ (Apple Maps) یەکێک بوو لە گەورەترین هەڵەکانی.

  • بەرەو پێشچوونی جیهانی ئامێرە هۆشمەندەکان

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەکە کە دەپرسێت ئایا ئەپڵ چۆن دەتوانێت سەرکەوتن بەسەر گوگڵ و ئەمەزۆن و فەیسبووک تۆماربکات، تیم کوک گووتی: “١- ئێمە هێشتا دواکەوتوو نین ٢- ئێمە (سیری) ـمان هەیە”.

کوک ئەوەشی ڕاگەیاند کە خزمەتگوزاری سیری ساڵی ٢٠١١ ڕاگەیاندرا، ئێستاش لە بەرەو پێشچووندایە و هۆشمەندتر بووە.

سەرچاوە: ئەی ئای تی نیوز

بۆچونی تۆ