بابەتی گرینگ
16, ئاب 2016
سامسۆنگ کاتژمێرێکی دەستی نوێ ڕادەگەیەنێت

کۆمپانیای سامسۆنگ لە ڕێگای جریوەیەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەوەی ئاشکرا کرد کە کاتژمێرێکی دەستی نوێ لە ٣١ ی ئەم مانگەدا ڕادەگەیەنێت، ئەوەش لە میانەی ئەنجامدانی کۆنگرەی IFA لە وڵاتی ئەڵمانیا. کۆمپانیای سامسۆنگ ساڵی پار و لە مانگی ئەیلولدا کاتژمێرێکی دەستی بە ناوی Gear S2 ڕاگەیاند بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی گرنگ و شێوە و دیزاینێکی ناوازەوە.
هەروەکو کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، ڕۆژی ٣١ ـی ئەم مانگە کاتژمێرێکی دەستی نوێ ڕادەگەیەندرێت، لە وێنەکەشەوە دەردەکەوێت کە ناوی ئەو کاتژمێرە دەستییە نوێیە Gear S3 دەبێت. پێشبینی دەکرێت ئەم کاتژمێرە دەستییە چەند تایبەتمەندییەکی زیاتری هەبێت لە چاو کاتژمێرە دەستییەکانی ڕابردوو، وەک چاککاری لە بواری ڕەقەکاڵا و جوانتر کردنی شێوەی کاتژمێرەکە.

چاوەڕوان دەکرێت کۆنگرەکە کاتژمێر ٨ ی شەو بە کاتی هەولێر ئەنجام بدرێت، بە هەمان شێوەی کۆنگرەکانی ڕابردوو، ئەم کۆنگرەیەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای پێگەی سامسۆنگ و کەناڵەکەیەوە دەگوازرێتەوە، ئێوەش دەتوانن لە کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکەدا لە تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردییەوە زانیاری لەسەر کاتژمێرە دەستییەکە بزانن.
ئەنەس هاوار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.