بابەتی گرینگ 28, ئاب 2016

زانیاری تەواو لەسەر کۆنگرەی IFA

IFA2016-KITN

کۆنگرەی IFA یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین کۆنگرە تەکنەلۆژییەکان و ساڵانە لە شاری بەرلینـی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، IFA دووەم گەورەترین کۆنگرەی تەکنەلۆژییە دوای کۆنگرەی CES، لە کۆنگرەکەدا زۆربەی کۆمپانیا بەناوبانگەکان نوێترین بەرهەمەکانی خۆیان ڕادەیەگەیەنن.

phpqjrrxd

بۆ ئەمساڵ بڕیار وایە کۆنگرەکە لە ڕۆژی ٣١ ی ئەم مانگەوە دەستپێبکات و تا ڕۆژی حەوتی مانگی نۆ بەردەوام دەبێت، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بڕیارە هەر یەک لە کۆمپانیاکانی (سامسۆنگ، سۆنی، ئێڵ جی، هواوی، مۆتۆرۆلا، ئەیسوس، ئەیسەر) کۆنگرەی تایبەت بە خۆیان ئەنجام بدەن بۆ ڕاگەیاندنی چەند بەرهەمێک، لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر کۆنگرەی ئەو کۆمپانیایانەی کە ناومان هێناون.

  • سامسۆنگ

Samsung

لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ لەمساڵدا دوو کۆنگرەی سەرەکی ئەنجامداوە بۆ ڕاگەیاندنی بەرهەمەکانی، بەڵام بەوەش ناوەستێت، بەڵکو بۆ ئەمجارەش دەیەوێت لە کۆنگرەی سێیەمیدا کە لەمیانەی کۆنگرەکانی IFA ئەنجامی دەدات، نوێترین بەرهەمەکانی خۆی ڕابگەیەنێت! لە وێنەیەکیدا کە کۆمپانیاکە بڵاوی کردەوە، ئاماژە بەوەدەدات کە کاتژمێرێکی دەستی نوێ ڕادەگەیەندرێت، وێنەکەش بە دروشمی “دەربارەی ٣ بدوێ” بڵاوکراوەتەوە.

Samsung IFA 2016 invite-650-80

بەگوێرەی وێنەکە سامسۆنگ لە بەرواری ٣١ ی ئەم مانگە کاتژمێرە دەستییەکە ڕادەگەیەنێت و پێشبینی دەکرێت ناوبنرێت بە “Gear S3”. سەبارەت بەم کاتژمێرە دەستییە نوێیە، چەند پڕوپاگەندەیەک بڵاوبوونەتەوە و پێشبینی دەکرێت کە کاتژمێرەکە بە سیستمی تایزن کاربکات، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کە سامسۆنگ جگە لە جۆری سەرەکی، چەند جۆرێکی جیاوازی ئەم کاتژمێرە دەستییە بڵاوبکاتەوە، وەک جۆرەکانی (Gear S3 Classic، Gear S3 Explorer، Gear S3 Frontier).

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەوە بڵاوکرایەوە کە پێدەچێت سامسۆنگ جگە لە ڕاگەیاندنی ئەم کاتژمێرە دەستییە، تابلێتێکی نوێ ڕابگەیەنێت لە ڕۆژی ١ ی مانگی داهاتوو، ئەمەش بەگوێرەی چەند وێنەیەکی دزەپێکراو کە بڵاوبوونەتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە کە ناوی ئەم تابلێتە نوێیە “Galaxy Tab S3” دەبێت.

  • سۆنی

Sony

کۆمپانیای سۆنی زۆر گرنگی دەدات بە کۆنگرەکانی IFA، لە ساڵانی ڕابردووشدا کۆمەڵێک لە بەرهەمە پێشکەوتوو و گرنگەکانی لەم کۆنگرەیەدا ڕاگەیاند. بۆ ئەمساڵ، چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکە کۆمەڵێک بەرهەمی گرنگ و نوێ ڕابگەیەنێت. لە ڕۆژی ١ ی مانگی داهاتووەوە چاوەڕوان دەکرێت سۆنی بە درێژایی ڕۆژانی کۆنگرە چەند بەرهەمێک ڕابگەیەنێت. یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکان، بریتییە لە ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی نوێ. پێشبینی دەکرێت سۆنی مۆبایلێکی پێشکەوتوو ڕابگەیەنێت بە تایبەتمەندی بەرز، لەوانە پشتبەستن بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٢٠، بوونی ڕامی ٣ گێگابایت، کامێرای پشتەوە بە ڕوونی ٢١ مێگاپیکسڵ، هەروەها کامێرای پێشەوەش بە ڕوونی ١٢ مێگاپیکسڵ، هەروەها بوونی شاشەیەک بە قەبارەی ٥.١ ئینچ و بە ڕوونی ١٠٨٠ پیکسڵ. تا ئێستا بە تەواوی ناوی ئەو مۆبایلە نازانرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ناوبنرێت بە “Xperia XR”.

FB_IMG_1470651312456

هەروەها جگە لە ڕاگەیاندنی مۆبایل، چاوەڕوان دەکرێت سۆنی جۆرێکی نوێی ئامێری Playstation VR و تەلەفزیۆنێکی نوێ ڕابگەیەنێت، بەڵام لە هەموویان گرنگتر، بریتییە لە ڕاگەیاندنی جۆرێکی نوێ لە ئامێری پلەیستەیشن، پێشبینیش دەکرێت کە سۆنی دوو جۆری نوێ بە ناوی PS4 Slim و PS4 Neo ڕابگەیەنێت بە نرخ و تایبەتمەندی جیاواز.

  • ئێڵ جی

LG

کۆمپانیای ئێڵ جی هاوشێوەی کۆمپانیاکانی تر، بۆ ئەم کۆنگرەیەش بەرهەمی گرنگ و پێشکەوتووی لایە بۆ ڕاگەیاندنیان. گرنگترینیان بریتییە لە ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی نوێ. لەبەر ئەوەی پێشتر کۆمپانیاکە ئەوەی ڕاگەیاند کە مۆبایلی پێشکەوتووی LG V20 لە کۆنگرەی IFA ڕاناگەیەندرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە بری ئەمە ئێڵ جی مۆبایلێکی تر ڕابگەیەنێت بە ناوی ” G Flex 3″. پێشبینی دەکرێت ئەم مۆبایلە تایبەتمەندی بەرز لەخۆبگرێت، وەک بوونی شاشەیەک بە قەبارەی ٥.٥ ئینچ و بە ڕوونی ٢٥٦٠ بە ١٤٤٠ پیکسڵ، کارکردن بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٢٠، بوونی ڕامی ٤ گێگابایت، هەروەها کامێرایەک بە ڕوونی ١٦ مێگاپیکسڵ.

  • هواوی

Huawei

کۆمپانیای هواوی لە کۆنگرەی ئەمجارەیدا دەیەوێت مۆبایلێکی پێشکەوتوو ڕابگەیەنێت. ڕۆژی ٢٢ ی ئەم مانگە، کۆمپانیاکە وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاماژە دەدات بە ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی نوێ و بە هەبوونی شاشەیەکی دوو لای چەماوەیی. پێگەی ویبۆی چینی چەند زانیارییەکی سەبارەت بەم مۆبایلە نوێیە بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەش، پێشبینی دەکرێت ئەم مۆبایلە ناوبنرێت بە “Huawei Mate 9”، هەروەها شاشەیەک بە قەبارەی ٥.٩ ئینچ لەخۆدەگرێت! جگە لەمانەش چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکە دوو کامێرای پێشکەوتوو لەخۆبگرێت.

  • مۆتۆرۆلا

Motorola

مۆتۆرۆلا کە سەر بە کۆمپانیای لینۆڤۆیە، لە کۆنگرەی ئەمجارەشدا چەند بەرهەمێکی نوێ ڕادەگەیەنێت. لە ماوەی ڕابردوودا مۆتۆرۆلا ڤیدیۆیەکی نوێی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆنگرەکەی. پێشبینی دەکرێت مۆتۆرۆلا تابلێتێکی و تەختەکلیلێکی نوێ ڕابگەیەنێت.

جگە لەمانەش، چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێرێکی دەستی نوێ لە جۆری Moto 360 ڕابگەیەندرێت بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی کە لە ڤیدیۆکەی سەرەوەدا دەردەکەون.

  • ئەیسوس

Aus

کۆمپانیای ئەیسوس هاوشێوەی کۆمپانیاکانی تر، کۆنگرەیەکی تایبەت ئەنجامدەدات ئەویش بۆ ڕاگەیاندنی چەند بەرهەمێک. چاوەڕوان دەکرێت ئەیسوس لە کۆنگرەکەیدا کاتژمێرێکی دەستی نوێ ڕابگەیەنێت بە ناوی “ZenWatch 3”. هەروەها دەنگۆ هەیە کە جگە لە ڕاگەیاندنی کاتژمێری دەستی، ئەیسوس لە کۆنگرەکەیدا مۆبایلێکی نوێ ڕابگەیەنێت، بەڵام تا ئێستا زانیاری تەواو نییە لەسەر مۆبایلەکە.

  • ئەیسەر

Acer

بڕیارە کۆمپانیای ئەیسەر ڕۆژی ٣١ ـی ئەم مانگە کۆنگرەیەک ئەنجام بدات، ئەویش بۆ ڕاگەیاندنی لاپتۆپێکی نوێ. چاوەڕوان دەکرێت ئەم لاپتۆپە زۆر تەنک بێت، لە وێنەیەکیشدا کە کۆمپانیاکە بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بە لاپتۆپەکە کراوە لەگەڵ هێمایەک بۆ ژمارە یەک، ئەمەش دەبێتە نیشانەیەک بۆ ئەستووری لاپتۆپەکە کە تەنها یەک ئینچ دەبێت!

Acer IFA 2016 press invite-650-80

سەرچاوە: تێک ڕادار

|سەرنج| تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی هەوڵ دەدات بە گوێرەی توانا ڕووماڵی تایبەتی کۆنگرەی کۆمپانیاکان بکات و خوێنەر ئاگادار بکات لە سەرجەم هەواڵ و چالاکی کۆنگرەکان، لەگەڵمان بن بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە کاتی ئەنجامدانی کۆنگرە!

بۆچونی تۆ