دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیای گووگڵ هەردوو مۆدێلی Gemini 4 Carbon و Gemini 4 Hydrogenـی بڵاوکردەوە، بە فەرمی مۆدێلێکی نوێی دیکەی بە ناوی Gemini 4 Neon ڕاگەیاند و بۆ بەشداربووانی باکێجەکانی (AI Pro و AI Ultra) بەردەستی کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی گووگڵ، ئامانج لە دروستکردنی Neon پێشکەشکردنی “ئاستێکی پێشکەوتووی بیرکردنەوەیە بۆ کارە ئاڵۆز و بەردەوامەکان، بە خێراییەکی زیاتر و تێچوویەکی کەمتر.
هێزی مۆدێلە گەورەکان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر
ئەوەی Gemini 4 Neon زۆر جیاواز دەکات ئەوەیە کە لە بوارەکانی پڕۆگرامسازی (Coding)، بیرکردنەوەی قووڵ (Reasoning) و جێبەجێکردنی کارەکان وەک بریکار (Agentic tasks)، توانایەکی هاوتای مۆدێلە زەبەلاحەکەی Carbonـی هەیە و تەنانەت لە هەندێک لایەندا پێشی دەکەوێتەوە؛ بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە هەموو ئەمانە بە خێرایی مۆدێلەکانی Flash و بە تێچوویەکی کەمتر ئەنجام دەدات.
گۆڕانکاری لە خێزانی مۆدێلەکانی Gemini 4 دا
بە هاتنی Neon، گووگڵ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە ڕیزبەندی مۆدێلەکانی ناو ئەپڵیکەیشنی Gemini دا کردووە:
-
مۆدێلی نوێی Neon بە تەواوی جێگەی مۆدێلی Argon دەگرێتەوە.
-
کۆمپانیاکە بە فەرمی کۆتایی بە بوونی مۆدێلی کۆنی Gemini 3.1 Pro دەهێنێت.
-
مۆدێلی 3.5 Flash-Lite لە لیستی هەڵبژاردنی مۆدێلەکاندا بۆ بەکارهێنەرانی پارەدار گۆڕدراوە بۆ بژاردەی Auto (خۆکار).
بەم شێوەیە، لیستی هەڵبژاردنی مۆدێلەکان لەناو ئەپڵیکەیشنی Gemini بەم جۆرە ڕێکخراوەتەوە:
-
Auto (خۆکار): بەپێی پێویستی کار و پرسیارەکەت خۆی دەگونجێنێت.
-
Everyday help (هاوکاری ڕۆژانە): مۆدێلی 4 Hydrogen.
-
Deeper analysis (شیکاری قووڵتر): مۆدێلی 4 Neon.
-
Code & complex work (پڕۆگرامسازی و کاری ئاڵۆز): مۆدێلی 4 Carbon.
لە بەکارهێنانی ڕۆژانەدا چی دەگۆڕێت؟
گووگڵ ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنەران لەناو ئەپڵیکەیشنی Gemini هەست بە بازدانێکی گەورە دەکەن لە کوالێتی نووسین و کارە زانیارییەکاندا. مۆدێلی Neon وەڵامەکانی بە شێوازێکی زۆر ڕوون، ڕێکخراو، سروشتی و ڕاستەوخۆ دەنووسێت. لەوەش گرنگتر، وردبینییەکی زۆر زیاتری هەیە لە خوێندنەوە و تێگەیشتن لەو فایلانەی بۆی باردەکەیت وەک فایلەکانی ئیکسێڵ (Spreadsheets)، فایلەکانی PDF و وێنەکان، و دەتوانێت ماددە چڕ و ئاڵۆزەکان بگۆڕێت بۆ ڕاپۆرت و پوختەی زۆر بەسوود.