ژیری دەستکرد AI
13, تشرینی دووەم 2026
گووگڵ مۆدێلی Gemini 4 Hydrogenـی ڕاگەیاند: خێراتر، سووکتر، و بەهێزتر لە مۆدێلە گەورەکان!

کۆمپانیای گووگڵ مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکردی بە ناوی Gemini 4 Hydrogen ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی ئەزموونێکی زۆر خێرا و سووکە بۆ بەکارهێنەران. ئەم مۆدێلە نوێیە لە ئەپی Gemini بەردەستە، ئەمەش تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە گووگڵ مۆدێلە زەبەلاح و هەرە بەهێزەکەی خۆی بە ناوی Carbon لەم هەفتەیەدا بەردەست کرد کە تەنها بۆ بەکارهێنەرانی ئەڵتڕا بەردەستە.
کۆتاییهێنان بە ناوی Flash و ستراتیژییەتی نوێ:
لەم هەنگاوە نوێیەدا، گووگڵ بەتەواوی دەستبەرداری ناوی “Flash” بووە کە پێشتر بۆ مۆدێلە خێراکانی بەکاریدەهێنا (دوایین وەشانیان Gemini 3.8 Flash بوو کە لە ٢ی ئەیلولدا بڵاوکرایەوە). لەمەودوا کۆمپانیاکە سەرنج دەخاتە سەر زنجیرە ناوە نوێیەکانی کە بریتین لە مۆدێلی خێرای (Hydrogen) و مۆدێلە گەورەترەکانی (Argon و Carbon).
گووگڵ ئاماژە بەوە دەکات کە Hydrogen زیرەکییەکی پێشکەوتوو دەخاتە بەردەست هەمووان، بەتایبەتی لە خێرایی و کارامەییدا بۆ کاری پڕۆگرامسازی ڕۆژانە و ئەو ئەرکانەی کە پێویستە ژیریی دەستکرد هەنگاو بە هەنگاو لەبری بەکارهێنەر جێبەجێیان بکات.
پێش مۆدێلە گەورەکان دەکەوێت
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، بەپێی داتا فەرمییەکانی گووگڵ، مۆدێلی Hydrogen توانیویەتی لە پێوەری (Artificial Analysis) بۆ زیرەکی، پێش مۆدێلە گەورەکەی Argon بکەوێت! مۆدێلە نوێیەکە ئەنجامی ٥١ی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە ٥٠ بۆ Argon لە ئاستی بیرکردنەوەی بنەڕەتیدا (Default Reasoning)، و تەنانەت لە بەرزترین ئاستی بیرکردنەوەدا ئەنجامەکەی دەگاتە ٥٤. هەروەها زۆرجار کارەکان زۆر خێراتر لە مۆدێلە ڕکابەرەکانی هاوپۆلی خۆی تەواو دەکات.

چۆن ئەم مۆدێلە بەکاربهێنین؟
بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی، دەتوانن مۆدێلی Hydrogen لەناو لیستی هەڵبژاردنی مۆدێلەکانی ئەپڵیکەیشنی Gemini بدۆزنەوە، کە لەژێر وەسفی “هاوکاری ڕۆژانە” Everyday help دانراوە. واتە ئەم بژاردەیە بەتایبەتی دیزاین کراوە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارە باوەکانت بداتەوە و کارە ئاساییەکانت بە خێراییەکی زۆر بۆ ڕایی بکات، لە کاتێکدا دەتوانیت مۆدێلە گەورەکان بۆ کارە زۆر ئاڵۆز و قورسەکان دیاری بکەیت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!