ئای ئۆ ئێس
5, ئهیلول 2016
چەند پێگەیەک بانگەشە بۆ جەیلبرێکی ساختە دەکەن!

دوای ئەوەی بەرواری ٢٤ی ٧ ـی ئەمساڵ گرووپی پانگوی چینی جەیلبرێکی بۆ نوێترین وەشانەکانی ئای ئۆ ئێس بڵاوکردەوە کە بریتبون لە (٩.٢ تا ٩.٣.٣)، بەمەش ڕێژەیەکی زۆری بەکارهێنەران ڕوویان کردە جەیلبرێک و هەڵسان بە دانانی جەیلبرێک بۆ ئامێرەکانیان. دوای ڕاگەیاندنی جەیلبرێک لە لایەن ئەم گرووپەوە، کۆمپانیای ئەپڵ ڕاستەوخۆ دوای چەند ڕۆژێک وەشانێکی نوێی ئای ئۆ ئێسی بڵاوکردەوە، ئەمەش بۆ پێدانی سەلامەتی و دووربوون لە جەیلبرێک.
بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، کۆمپانیاکە ڕێگای دەدا کە ئەوانەی وەشانی ٩.٣.٤ ـیان لەسەر ئامێرەکانیان جێگیر کردووە (نەدەتوانرا جەیلبرێک بۆ ئەم وەشانە دابنرێت)، بیگەڕێننەوە بۆ وەشانی ٩.٣.٣ کە ئەم وەشانە دەتوانرێ جەیلبرێکی لەسەر دابنرێت. بەڵام لە ئێستادا ئەم ڕێگایە داخراوە و بەکارهێنەر ناتوانێت وەشانەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی جەیلبرێک بۆ ئامێرەکەی دابنێت. بێگومان لەگەڵ داخرانی ئەم ڕێگایەش، چەندەها پێگە دروستکران و بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوان دەتوانن جەیلبرێک بۆ هەر وەشانێک بێت دابنێن، گەرچی لەسەر دوایین وەشانیش بێت کە (٩.٣.٥) ـە.

ئەم پێگەیە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە دەتوانێت نەرمەکاڵای جەیلبرێک کردن بفرۆشێت و لەڕێگای ئەم نەرمەکاڵایەوە دەتوانیت هەموو وەشانێکی ئای ئۆ ئێس جەیلبرێک بکەیت، ئەویش لەڕێگای پێدانی بڕێک پارە، دوو جۆریان هەیە بۆ نەرمەکاڵاکە، جۆری یەکەمیان بە بڕی ٤٢ دۆلار ـە و گەرەنتی باشی و سەرکەوتوویی نەرمەکاڵاکەت پێ دەدات، جۆری دووەمیشیان بە بڕی ٣٣ دۆلارە، بەڵام ئەمەیان هیچ گەرەنتیەکی لەگەڵ نییە.
|ئاگاداری| خەڵکێکی زۆر دوای ئەم بانگەشەیە کەوتوون، بەتایبەت بەشێکی دوکاندارەکان، دەیانەوێت بەم شێوەیە بەکارهێنەر هەڵبخەڵەتێنن! بۆیە ئێمە وەکو تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی ڕێنماییتان دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک نزیک نەبنەوە لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە نەرمەکاڵایانە، بە پێچەوانەوە زیان بە ئامێرەکانیان دەگات.
ئەنەس هاوار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.