ئەندرۆید 20, ئه‌یلول 2016

شاومی مۆبایلێک بە ڕامی ٨ گێگابایت ڕادەگەیەنێت!

xiaomi-mi-note-2-image-758x474

لە ماوەی پێشوودا یەکێک لە بەکارهێنەرانی پێگەی ویبۆی چینی لە بڵاوکراوەیەکدا ئەوەی ڕاگەیاند کە ١٤ ی ئەم مانگە کۆمپانیای شاومی چینی مۆبایلێکی نوێی نایاب ڕادەگەیەنێت لە ژێر ناوی “Mi Note 2” بە چەندەها تایبەتمەندی بەرز، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆمپانیاکە هیچ کۆنگرەیەکی لەو ڕۆژە گرێ نەدا و هیچ مۆبایلێکی نوێی ڕانەگەیاند.

gsmarena_002

لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو مۆبایلە نوێیە کراوە و گوایە مۆبایلەکە بە پێشکەوتووترین پڕۆسێسەر کە سناپدراگۆن ٨٢١ ـە کاردەکات و شاشەیەکی چەماوەیی دەبێت بە قەبارەی ٥.٧ ئینچ و بە ڕوونی 2K، هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە کە کامێراکەی ١٣ مێگاپیکسڵ دەبێت و نرخەکەشی نزیکەی ٥٠٠ دۆلار دەبێت.

دوای ئەم پڕوپاگەندانە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنەیەکی کاتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە دزەی پێکرا و لە وێنەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم مۆبایلە نوێیە ڕۆژی ٢٤ ی ئەم مانگە ڕادەگەیەنرێت. پێگەی GSMArena بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و پێشبینی دەکات کە ئەم مۆبایلە نوێیە بە هاوبەشی لەگەڵ مۆبایلێکی تری نوێ بە ناوی Mi 5S و لە ڕۆژی ٢٧ ی ئەم مانگەدا ڕابگەیەنرێت.

gsmarena_001

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Mi Note 2، لە نوێترین پڕوپاگەندەدا چەند وێنەیەکی بەشی “دەربارە” ی مۆبایلەکە دزەی پێکراوە و تیایدا بەشێکی تایبەتمەندییەکانی دەردەکەوێت، ئەوەی جێگای سەرنجە وەکو لە وێنەکەدا دەردەکەوێت ڕامی ئەم مۆبایلە ٨ گێگابایتە! هەروەها بە وەشانی ئەندرۆید نوگەت (٧) کاردەکات و بیرگەی ناوەکیەکەشی ٢٥٦ گێگابایت دەبێت!

gsmarena_002

لەگەڵ ئەوەی ئەم تایبەتمەندییانە فەرمی نین و تەنها دزەپێکراون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکە تایبەتمەندی زۆر بەرز لەخۆبگرێت و لە بەرامبەریشدا نرخێکی گونجاوی هەبێت. مۆبایلی دووەمیشیان کە چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن کۆمپانیای شاومییەوە ڕابگەیەنرێت بریتییە لە Mi 5S و ئەم مۆبایلەش پێشبینی دەکرێت ڕامەکەی ٦ گێگابایت بێت و بە هەمان شێوەی مۆبایلەکەی تریان تایبەتمەندی بەرز لەخۆبگرێت.

سەرچاوە: جی ئێس ئێم ئەرینا

بۆچونی تۆ