10
پڕۆژە و چالاکییەکان 10, تشرینی یه‌كه‌م 2016

پڕۆژەی وەرگێرانی پڕۆگرامۆکەی وێبی Question2Answer تەواوبوو.

question2answer

پڕۆژەی وەرگێرانی پڕۆگرامۆکەی وێبی ناسراو بە Question2Answer و بەکوردیەکەی بەواتای پرسیارووەڵام لەگەڵ پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن پێشکەش بە ئێوە دەکەین.

ئەم پڕۆگرامۆکە هاوشێوەی ئەو پڕۆگرامۆکە سەرچاوەکراوانەیە کە بۆ سەکۆی گفتوگۆکردن بەکاردێن بەڵام کاری پڕۆگرامۆکەی پرسیار و وەڵام هەر لەناوەکەیەوە دیارە بۆ ئەوە گەشەی پێدراوە کە تایبەتە بە پرسیار و وەڵام.  بەکورتی تایبەتمەندییەکانی ئەمانەی خوارەوەن:

  • بوونی بزوێنەرێکی گەڕانی تێکهەڵکێشکراوی خێرا.
  • بوونی هاوپۆل کە تا چوار ئاست بەرەوخوار دەتوانیت هاوپۆل دابنێیت.
  • دەنگدان و سەرەنج نوسین و بەدواداچوون و پرسیاری داخراو.
  • بوونی ئاڕ ئێس ئێس و ئاگاهی ناردن بە ئیمەیڵ و ڕووپەڕی کەسی سەربەخۆ.
  • بوونی بەڕێوەبەرایەتیەکی پێشکەوتوو.
  • ئاسانی دروستکردنی ڕووکار بۆی.
  • پشتگیری کردن لە زمانە ڕاست بۆ چەپەکان بۆ نمونە کوردی.
  • چەندین ڕووکار بەخۆڕایی بەردەستن لەسەر ئینتەرنێت بۆی.

ئەم جۆرە سەکۆیە بۆچی بۆ ماڵپەڕەکەت پێویستە؟ ئەگەر دەتەوێت ڕێژەیەکی زۆر لە بەکارهێنەر بۆلای خۆت ڕابکێشتی ئەوا سەکۆیەکی پرسیار و وەڵام بکەوە و لەسەری چالاک بکە  و وەڵامی پرسیارەکانی میوانان بدەوە و بەدڵنیاییەوە لە بزوێنەرەکانی گەڕانی وەکو گووگڵ ئیندێکسێکی زۆرت دەبێت و سەرەنجی زۆری خەڵک بەلای خۆت ڕادەکێشت. ئێمەش وەکو کورد پێویستە پرسیار و وەڵاممان لەگشت بوارەکان هەبێت تا بەهۆیەوە ژێرخانێکی ئەلیکترۆنی گەورە بۆ خۆمان دروست بکەین.

لە ئێستادا ئەم پرۆگرامۆکەیە بەشی سەرەکی لەلایەن ستافی کەی ئای تی ئێنەوە کراوەتە کوردی و لەسەر Github و لەسەر ماڵپەری لەسەرەکی پڕۆگرامۆکەی پرسیار و وەڵام www.question2answer.org دەست دەکەوێت و ئێوەی خۆشەویست دەتوانن سودی لێوەربگرن و بەمزووانەش دەست دەکرێت بە وەرگێرانی بەشی بەڕێوەبەرایەتییەکەی و بەهیوای ئەوەی بتوانین لە زووترین کات تەواوی بکەین. هەر لەگەڵ تەواوبوونی لەسەر Github دای دەنێنین و ئاگادارتان دەکەینەوە. بێگومان لەماوەی داهاتوو فێرکاری چۆنیەتی دامەزراندنی پەڕگەی زمانی کوردی و پڕۆگرامۆکەکە بە بابەتی جیاجیا بۆ ئێوە ڕووندەکەینەوە.

بۆچونی تۆ