ئەندرۆید 13, تشرینی یه‌كه‌م 2016

پوختەیەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەندرۆید نوگەت

nougatspecs

ئەندرۆید 7 یەکێکە لە وەشانەکانی سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید. ئەم سیستەمە لەلابەن گووگڵەوە گەشەی پێدەدرێت و لەلایەن چەندین کۆمپانیای بەناوبانگی جیهانییەوە بەکاردەهێنرێت وەک کۆمپانیاکانی هواوەی و ئێچ تی سی و سامسۆنگ و ئێڵ جی و می و ئۆپۆ و چەندانی تر. جێگای ئاماژەیە، لەماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای گووگڵ وەشانی ئەندرۆید ٦ مارشماڵۆوی ڕاگەیاند کە چەند گۆڕانکارییەکی تێدا کرابوو و لە ئێستادا لەسەر زۆربەی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان جێگیرکراوە و بەکاردەهێندرێت. لە ئێستاشدا ئەندرۆید ٧ـی بڵاوکردووەتەوە کە بەشێوازێکی زۆر نایاب گەشەی پێدراوە و وا وردە وردە کۆمپانیاکانیش خۆیان ئامادە دەکەن تا ئەم وەشانە بۆ مۆبایلەکانی خۆیان بوەشێنن. هەر لەبەرئەوە بە پێویستمان زانی کە لەم بابەتەدا بەپوختی تایبەتمەندییەکانی ئەندرۆید ٧ بۆ ئێوەی خوێنەر ڕوون بکەینەوە و بەم وەشانە نوێیەی سیستەمەکەتان ئاشنا بکەین.

نوێکارییەکان

سەرەتا لە تەختە کلیلەوە دەست پێدەکەین:

  • زیاتر لە ١٥٠٠ ئیمۆجی (خەندەکان) لەسەر تەختە کلیلەکە هەیە و 75 دانەیان نوێیە.
  • دەتوانیت چەند زمانێک لە یەک کاتدا لەسەر تەختە کلیلەکە بەکاربهێنیت

ڕوونکردنەوە: هەموومان لە مۆبایلە هۆشمەندەکاندا تەختەکلیلمان بەکارهێناوە، وە هەروەها ئیمۆجیشمان بە کارهێناوە بۆیە لەم وەشانە نوێیەی ئەندرۆیددا ٧٥ ئیمۆجی زیادکراوە و کۆی ئیمۆجییەکانیش دەگاتە ١٥٠٠ ئیمۆجی لەسەر تەختەکلیلی ئەندرۆید ٧ دا. سەبارەت بە بەکارهێنانی چەند زمانێک لەیەک کاتدا، کۆمپانیای گووگڵ لەم وەشانەدا نوێکارییەکی کردووە، ئەویش ئەوەیە کە لە یەک کاتدا دەتوانیت دوو زمان یان زیاتر لەسەر تەختە کلیلەکەت بێت.

  • کردنەوەی دوو پەنجەرە لە یەک کاتدا
  • دەتوانیت دوو پرۆگرام لە یەک کاتدا بەکار بهێنیت

ڕوونکردنەوە: ئەم تایبەتمەندییە شاشەی مۆبایلەکەت دەکات بە دوو بەشەوە، لەو دوو بەشەدا دەتوانیت دوو ئەپ بەکاربهێنیت. واتە لە هەر پەنجەرەیەک یان بەشێک دەتوانیت ئەپێک بەکاربهێنیت. وە دەتوانین بڵێین کارپێکردنی دوو پرۆگرامە لە یەک کاتدا.

  • تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ پاراستنی پاتری مۆبایلەکە.
  • کاتێک کە کار بە مۆبایلەکە ناکەیت پاترییەکەت بپارێزە.

ڕوونکردنەوە: تایبەتمەندییەکی نوێی ئەم وەشانە بریتییە لە Doze on the Go کە هاوکاریت دەکات لە پاراستنی پاتری مۆبایلەکەت لەو کاتەی کە خۆت چالاکی دەکەیت یان مۆبایلەکەت لە ئیش دا نییە.

  • تایبەتمەندی (Stay in the moment) کە بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە دەتوانیت بە ئاسانی سوود لەبەشی ڕێکخستنەکان ببینیت.
  • هەروەها بەهۆی تایبەتمەندی Stay in the moment دەتوانیت ڕاستەوخۆ وەڵامی نامە و ئەو پەیامانە بدەیتەوە کە بەدەستت دەگات لەلایەن هەر تۆڕێکی پەیوەندی یان هەر تۆڕێکی کۆمەڵاییەتییەوە.

ڕوونکردنەوە: لەڕێگەی ئەم تایبەتمەندییەوە دەتوانیت بە ئاسانی سوود لە ئاگاهییەکان مۆبایلەکەت ببینیت لە بەشی سەرەوەی مۆبایلەکەت، وە دەتوانیت وەڵامی ئەو پەیامانە بدەیتەوە کە پێت دەگات لە هەر تۆڕێکی پەیوەندی یان کۆمەڵایەتی بێت بەبێ کردنەوەی ئەپی مەبەست.

پاراستن

  •  لە ڕووی پارێزگارییەوە سەلامەتە، وە دەتوانێت پارێزگاری لە داتاکانت بکات.

ڕوونکردنەوە: لە کاتی داگرتنی وەشانێکی نوێ پێویست ناکات ڕابوەستیت تاوەکو وەشانەکە دادەبەزێتە ناو مۆبایلەکەت، بەڵکو ئەو بە شێوەیەکی نادیار وەشانەکە دادەگریت، بەڵام لە بەشی ئاگادارکردنەوەکان ئاگادارت دەکاتەوە کە ئەو وەشانە دادەبەزێتە ناو مۆبایلەکەتەوە.

ئەمە پوختەیەک بوو لە هەندێک لە نوێکارییەکانی ئەم وەشانە و بۆ تەواوی نوێکارییەکان سەردانی ئەم بابەتەمان بکەن بەم لینکە.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەندۆید ٧ دەتوانن سەیری ئەم گرتە ڤیدیۆیە بکەن.

[su_youtube url=”https://www.youtube.com/watch?v=YHQEyGucmDE” width=”460″ height=”300″]

بۆچونی تۆ