بابەتی گرینگ 30, تشرینی دووه‌م 2016

ئەمڕۆ گالاکسی ئێس ٨ نمایشدەکرێت، زانیاری تەواو، دزەپێکراوەکان و تایبەتمەندیەکانی مۆبایلەکە

زنجیرەی مۆبایلی گالاکسی S7 لە جیهاندا بە فرۆشتنەکانی بازاڕی مۆبایلە هۆشمەندەکانی ڕاماڵی..
باسی گالاکسی نوێ دەکرێت، بە فەرمی لەلایەن سامسۆنگەوە ڕاگەیاندراوە کە گالاکسی ئێس ٨ لە بەرواری ٢٩ی ۳ لە کۆنگرەی Unpacked 2017  نمایشدەکرێت کە دەکاتە ئەمڕۆ. وەکو دەزانین لەو ماوەیەی سامسۆنگ ناوی گالاکسی ئێس ٨ی ڕاگەیاند، دونیایەک لە زانیاری و دزەپێکراو بڵاوکرانەوە، گەشتە ئەو ئاستەش کە هەموو پێگە و کەسەکان لەسەر دیزاینی مۆبایلەکە ڕێککەوتن و وێنەکانیان بڵاودەکردەوە، تەواوی باسەکان بخوێنەرەوە.

کاتی دەرچوونی گالاکسی ئێس ٨

سامسۆنگ لە بەرواری ۲٦/۲/۲۰۱۷ و لە کۆنگرەی Mobile World Congrees دا ئەوەی ئاشکرا کرد کە مۆبایلە نوێیەکەی لە بەرواری ۲۹ی ۳ـدا نمایش دەکات لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە کە دەکاتە ئەمڕۆ. لەدوای ڕاگەیاندن، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کاتی فرۆشتنی مۆبایلەکە لە سەرەتاکانی مانگی چوار بێت.

نرخی گالاکسی ئێس ٨

دەربارەی نرخی Galaxy S8، پێدەچێت سامسۆنگ نرخی مۆبایلەکە زۆر بەرز نەکاتەوە، بە شێوەیەک کە هەمان نرخی نەوەکانی پێش خۆی هەبێت یاخوود بە بڕێکی کەم زیاتر بێت. کە نرخەکەی کەمتر دەبێت لە ٨۰۰$، یاخوود زیاتر بێت بەهۆی جۆری فراوانی بیرگەکانەوە.

کامێرای گالاکسی ئێس ٨

لە گڕ و تینیەکانی کۆمپانیاکاندا کامێرا تایبەتمەندیەکی گرنگە بۆ ڕکابەری کردن، ئێستا دەتوانین بڵێین زۆربەی کۆمپانیاکان لە ئەمڕۆدا کامێرایەکی خراپیان لە مۆبایلەکانیاندا نیە، کۆمپانیای سامسۆنگیش لە کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی جیهانە و مۆبایلەکانی خاوەن یەکێک لە پێشکەوتووترین مۆبایلەکانە لە بواری کامێرادا، هەمیشە لە ڕکابەری بووە و لە بواری کامێرای مۆبایلەکان لە پێشکەوتندا بووە. چاوەڕێی پێشکەوتوترین کامێرای سامسۆنگ دەکرێت بۆ یەکەمجار لە مۆبایلی Galaxy S8دا، لە دزەکراوەکاندا بۆ کامێرا دەوترێت مۆبایلەکە لە پشتەوه خاوەن دوو کامێرا دەبێت کە هەریەکەیان ۱۲ مێگاپێکسڵ و ۱۳ مێگاپێسڵ دەبن.
بەپێی دزەکراوەکان بێت، کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە جیاوازتر و پێشکەوتووتر دەبێت و ٨ مێگاپێکسڵ دەبێت.

دیزاینی گالاکسی ئێس ٨

لە کۆتا پێشبینی بۆ دیزاینی مۆبایلەکە، دەردەکەوێت کە دووگمەی (ماڵەوە) لە گالاکسی ئێس ٨ـدا نەماوە و ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە بە ڕێژەی %٨٤ ڕوونمایە، چاوێک لەم وێنەیە بکەن:

هەروەها جگە لە وێنە، چەندین ڤیدیۆی مۆبایلەکە بڵاوکراونەتەوە، کە ڕاستی دیزاینی گالاکسی ئێس ٨ دەردەخەن و هاودیزاینە لەگەڵ وێنەکەی سەرەوە.

ڕوونمای گالاکسی ئێس ٨

زانیاری زیاتر هەیە.. ڕوونمای گالاکسی ئێس ٨ ئێج چەماوە دەبێت و لە گەورەترین ڕوونماکانی مۆبایل دەبێت، کە ٦.۲ ئینجە. لە گرنگترین تایبەتمەندیەکانی ڕوونما باسی ڕوونی 4k دەکرێت کە ئەمەش لە پێگەیەکی چینی بڵاوکراوەتەوە.

بۆ تەکنەلۆژیای ڕوونماکە، لەوانەیە سامسۆنگ تەکنەلۆژیایەکی تر و پێشکەوتووتر دابنێت بۆ گالاگسی ئێس ٨ کە ئەگەری هەیە تەکنەلۆژیای Oled بێت.
بەڵام لێرە جیاوازیەکی یەکجار گەورە دەوترێت ئەویش ڕوونمای گالاکسی ئێس ٨ چوارچێوەی تەواو دەبێت، واتا ڕوونمای مۆبایلەکە هەموو قەبارەی مۆبایلەکە بگرێتەوە لە ڕووی پێشەوە.
لە وێنەیەکی فەرمی کۆمپانیاکە دەرکەووتووە تەکنەلۆژیای Force Touch لە گالاکسی ئێس ٨ بخرێتە ڕوو بۆ ڕوونمای مۆبایلەکە، کە ئەویش تەکنەلۆژیایەکی هاوشێوەی 3D Tuchی مۆبایلەکانی ئایفۆنە، کە ڕێگەت پێدەدات بە کرتەی جۆراوجۆر هەڵبژاردەی خێرا و کارکردنی خێرا بۆ ئەپەکان ئەنجام بدەیت.

پڕۆسێسەر و ڕام و زانیاری زیاتر دەربارەی گالاکسی ئێس ٨

پێشبینی تایبەتمەندی ناوازە کۆتایی نایەت بۆ مۆبایلەکە، پێشبینی دەکرێت Galaxy S8 یەکەم پێشکەوتووترین مۆبایلی سامسۆنگ بێت لە ڕووی ڕەقەکاڵاوە، لەوانەیە پڕۆسێسەری مۆبایلەکە سناپدراگۆن ٨۳٥ بێت، وە هەروەکو مۆبایلەکانی پێشووتر مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری Exynosـیش دەکەوێتە بازاڕەوە، کە ئەویش جۆری Exynos 8895ـە بەڵام ئەمە تەنها دەنگ و باسە، نەوەک دزەکراو، بەڵام ئەمە لە پێگەی etnewsی کۆریای باشوور باسکراوە و بڵاوکراوەتەوە بە پێگەکان.

دەربارەی خێرایی گالاکسی ئێس ٨ چاوەڕوان دەکرێت خێراترین مۆبایلی سامسۆنگ بێت، بەهۆی خێرایی زیاتر لە ٤ گێگاهێرتز و پڕۆسێسەری Exynos 8895، ئەم خێراییە ماوەیەکی زۆرە باسی لێوە دەکرێت بەڵام تاکو مۆبایلەکە ئاشکرا نەکرێت ناتوانین بە دڵنیایی بڵێین کە گالاکسی ئێس ٨ خاوەن ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە دەبێت، چونکە ئەگەری هەیە ئەو تایبەتمەندیانەی کە باسکران پووچەڵ ببنەوە.

بە پشتبەستن بە تۆڕی چینی Weibo، کە دەڵێت مۆبایلەکە ڕادەگەیەنرێت بە بە ڕوونمای قەبارە ٥.٥ بۆ گالاکسی ئێس ٨ و بە ڕوونی 4K وە ڕوونیەکەش پشتگیری لە ئامێری ڕاستی خەیاڵی vr دەکات، لە کۆتایشدا هیوای ئەوە دەخوازرێت کە ڕامی مۆبایلەکە ٦ گێگابایت بێت.

لە دزەکراوەکاندا لە پێگە چینیەکان و Sammobile ئەوە وتراوە کە زۆرترین بیرگەی گالاکسی ئێس ٨ بە فراوانی ۲٥٦ گێگابایت دەبێت و ڕامی مۆبایلەکە ٦ گێگابایت دەبێت.

پاتری گالاکسی ئێس ٨

ئەوەی بینیمان لە ڕابردوودا شکستی سامسۆنگ بوو لە مۆبایلەکانی نۆت ۷ بەهۆی پاتریەکانیەوە، چونکە مۆبایلەکانی دەتەقاندەوە و دوای ئەوەی کە سامسۆنگ نەیتوانی چارەسەری کێشەکە بکات، ناچار بە کشانەوەی مۆبایلەکان و وازهێنان کۆتایی پێهێنا.

پێویستە سامسۆنگ پاتریەکی بەهێز و سەلامەت فەراهەم بکات بۆ مۆبایلەکانی، چونکە ڕوونی 4k پێویستی بە پاتریەکی بەهێزە و وە لە پاشان سەلامەت، تاکو دووبارە توشی داڕمانێکی ئابووری تر نەبێت بەهۆی مۆبایلەکانیەوە. له ڕابردوودا ئەوەمان زانی کە سامسۆنگ داوای پێشکەش بە کۆمپانیای ئێڵجی کرد، بۆ یارمەتیدانی تاکو پاتری بۆ مۆبایلەکانی دروست بکات. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پاتری مۆبایلەکانی گالاکسی ئێس ٨ لەلایەن کۆمپانیای LGـەوە بێت، یاخوود سۆنی. بەهیواین سامسۆنگ ئەمجارە بتوانێت بەرهەمێکی باش و بێکێشە پێشکەشی هەوادارانی بکات.

تایبەتمەندی خوێنەرەوەی چاو (Iris Scanner) لە گالاکسی ئێس ٨

بۆ یەکەمین جار لە مۆبایلەکاندا سامسۆنگ توانی تەکنەلۆژیایەکی تایبەت بۆ مۆبایلەکانی دابنێت ئەویش تایبەتمەندی خوێنەرەوەی چاو بوو لە مۆبایلەکانی نۆت ۷، دووبارە و بێگوومان دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەین کە مۆبایلەکانی گالاکسی ئێس ٨ و مۆبایلەکانی تری داهاتووی سامسۆنگ دووبارە خاوەن ئەم تایبەتمەندیە بێت.

گالاکسی ئێس ٨، ماڵئاوا دووگمەی Home لەسەر بەشی خوارەوە، بە خێربێیت دووگمەی Home بۆ سەر ڕوونمای مۆبایلەکە!

چەند مانگێگ لەمەوبەر باسی ئەم تایبەتمەندیە کرا، سامسۆنگ بۆ چەندەها ساڵە دووگمەی ماڵەوە لەسەر بەشی خوارەوە بەرجەستە کردووە، بەڵام پێگەی Weibo چینی دەڵێت دووگمەی (ماڵەوە)ی گالاکسی ئێس ٨ دەگۆڕدرێت و خاوەن جووڵەی تایبەتی دەبێت بۆ کردنەوە و بەڕێوەبەرایەتی ئەپەکان، کە ئەویش دووگمەی لەمسیە لەسەر ڕوونمای مۆبایلەکە.

کەی ئای تی ئێن: پێشتر ئەپڵ ئەم وتەیەی وتبوو: ماڵئاوا دووگمەی Home لە خوارەوەی مۆبایلەکە لە ئایفۆن ۷ دا، بەڵام وادیارە سامسۆنگ جیاوازتر پەیڕەوی دەکات..

تۆ چاوەڕێی چی دەکەیت؟ ئایا سامسۆنگ دەتوانێت ئەم تایبەتمەندیە ناوازانە بۆ مۆبایلەکانی فەراهەم بکات؟ سەرنجی خۆت پێشکەش بکە.

کەی ئای تی ئێن: ئایا سامسۆنگ ئەم هەموو تایبەتمەندیانە لە یەک مۆبایل کۆ دەکاتەوە؟ بە بڕوای ئێمە لەوانەیە نەخێر، چونک سیاسەتی هەر کۆمپانیایەکە کە تایبەتمەندی ناوازەکانیان بەرهەم بە بەرهەم بخەنە ڕوو، با چاوەڕوان بین!

وەکو ئەرکی هەمیشەیی کەی ئای تی ئێن، نوێترین زانیاری و باسەکان دەربارەی مۆبایلەکەتان پێ ڕادەگەیەنین و لە کۆنگرەی Unpacked 2017ـدا دەمانبیننەوە.

تاگەکان Galaxy S8 rumors
بۆچونی تۆ