ئەپ و نەرمەکاڵا 10, كانونی یه‌كه‌م 2016

Gooligan بناسە، ئەو ڤایرۆسەی کە تووشی زیاتر لە یەک ملیۆن مۆبایلی ئەندرۆید بوو!

gooligan

لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە هاککەر و شارەزایانی بواری دەرخستنی ئەمنی هەڵسان بە هێرشکردنە سەر بەکارهێنەرانی ئەو مۆبایلانەی کە بە سیستەمی ئەندرۆید کار دەکەن، لە ئەنجامیشدا گرووپەکە توانیان ڕێچکەی چوونە ژوورەوە بشکێنن و بچنە نێو بوخچە و داتاکانی زیاتر لە یەک ملیۆن مۆبایل، ئەو ڕێچکەیەش بە “Gooligan” ناونرا.

لە نێو ئەو ملیۆن مۆبایلەش کە تووشی ڕووبەرووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بوون، زیاتر لە ١٣ هەزاریان بە تەواوی سەرجەم بوخچە و زانیارییەکانیان ئاشکرا بوو و کەوتە ژێر دەستی ئەو کۆمەڵە هاککەرە، دوای ئەوەش، گوگڵ بە خێرایی دەستی کرد بە هەوڵدان بۆ داخستنی سەرجەم ڕێگاکانی گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە بە مۆبایلەکان، لە هەوڵەکەشیدا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو.

لە کاتێکدا ئەگەر ئەم ڤایرۆسە بتوانێت بگات بە ڕێچکەکانی چوونەژووەرەوەی مۆبایلەکە، ئەوا دەتوانێت پێناسەکانی (authentication tokens) بۆ خۆی ببات، ئەمە جگە لەوەی کە دەتوانێت بگات بە بەشی Gmail و زانیاری و هەژمارەکانی مۆبایلەکە. لەم بارەیەوە، یەکێک لە لێکۆڵەرانی کۆمپانیای (Check Point) لە لێدوانێکدا ئەوەی ڕاگەیاند کە ئامانجی ئەم ڤایرۆسە بردن و ئاشکرا کردنی زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەران نییە، بەڵکو تەنها دەیەوێت چەند ئەپێک دابەزێنێتە سەر مۆبایلەکە بۆ پیشاندانی ڕێکلام، لە بەرامبەردا تیمەکە بڕێک پارە وەردەگرن کە دەگاتە نزیکەی ٣٢٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی.

-چۆن مۆبایلەکە تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبێت؟

بۆ تووشبوونی هەر مۆبایلێک کە بە سیستەمی ئەندرۆید کاربکات، ئەوا تیمی هاککەران چەندەها ڕێگا تاقیدەکەنەوە، سەرەکیترین ڕێگاش بریتییە لە دابەزاندنی ئەپێک، جا دەکرێت ئەپەکە لە ڕێگای کۆگای گوگڵ پلەی-ەوە تەشەنە بکات و بڵاو ببێتەوە، بەهۆی ئەمەشەوە زۆرێک لە بەکارهێنەران بەو تەڵەیەوە دەکەون، هەروەها دەکرێت ئەپەکە لە ڕێگای لینکێکەوە دابەزێت.

-چۆنیەتی کارکردنی ڤایرۆسەکە

دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە دەگات بە مۆبایلەکە، دەست دەکرێت بە کۆکردنەوەی زانیارییە کەسییەکان و دابەزاندنی چەند ئامرازێک بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ ئەوەی مۆبایلەکە چەند کەلێنێکی کراوەی هەبێت و بگات بە دەسەڵاتێکی فراوانتر  (Root)، دوای ئەوانەش، ڤایرۆسەکە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی داتاکانی مۆبایلەکە بکات و بگات بە زانیارییەکان، لە هەمووشی گرنگتر بۆ ڤایرۆسەکە گەیشتنە بە ئیمەیڵی مۆبایلەکە.

بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە کە هەژماری ئیمەیڵەکەت تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبووە، سەردانی ئەم بەستەرە بکە بۆ پشکنینی ئیمەیڵەکەت.

– ئەو ئەپانە چین کە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون؟

هەروەکو ئاماژەمان پێدا، گرنگترین ڕێگا بۆ گەیشتنی ئەم ڤایرۆسە بە مۆبایلەکان بریتییە لە دابەزاندنی ئەپەکان. هەر لە ماوەی ئەم پڕۆسەیەدا، چەندەها ئەپ تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون، بەمەش، هەر بەکارهێنەرێک ئەو ئەپانەی دابەزاندبووایە ئەوا مۆبایلەکەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبوو.

لەبەر ئەمەش، گوگڵ چەندەها ئەپی سڕییەوە و چاودێرییەکی توندتری داناوە لەسەر سێرڤەری ئەپەکان. زۆربەی ئەو ئەپانەی کە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون، بریتی بوون لە ئەپی نافەرمی کە لە دەرەوەی کۆگاکەوە دابەزێنراون لەلایەن بەکارهێنەرەوە، یاخود ئەو ئەپانەی کە یارمەتی خێراکردنی مۆبایل و هێڵی ئینتەرنێت دەدەن.

گرنگترین ئەو ئەپانەی کە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون بریتیین لە: (Talking Tom 3 ،Perfect Cleaner، WiFi Enhancer Html5 Games، memory booster، Clear، Battery Monitor، Memory Booster، Wifi Master).

ئامۆژگاری سەرجەم بەکارهێنەران دەکەین کە بە هەموو شێوەیەک دووربکەونەوە لەو ئەپانەی کە لە کۆگای گوگڵ پلەی نین و لە بەستەرە دەرەکییەکان دادەبەزێنرێن، ئەو ئەپانەی کە بانگەشە بۆ هاککردنی هێڵی ئینتەرنێت دەکەن، بەشێک لەو ئەپانەی کە یارمەتی خێراکردنی مۆبایل دەدەن، تەنها ئەو ئەپانە دابەزێنن کە لە ناوچەی ئەمریکی گوگڵ پلەی هەن، چونکە ئەوان زیاتر پارێزراوترن.

سەرچاوە: عالم التقنیە

بۆچونی تۆ