ڕێنمایی 18, كانونی یه‌كه‌م 2016

چۆن بەشێوەیەکی دروست پاتری مۆبایلەکەت شەحن دەکەیتەوە؟ بوەستە و چیتر لە سفر تا ١٠٠ پڕی مەکەوە + ڕێنمایی زیاتر

پاترییەکان یەکێکن لە بابەتە هەرە بەربڵاوەکانی ناو جیهانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و بەردەوام لەخەمی پاتریدایت هەتاوەکو ئەو کاتەی مۆبایل یان تابلێت یان لاپتۆپەکەت بەیەکجاری کۆچی دوایی دەکات. لەکاتێکدا کە ئێمە لەدەرەوەین و لەوە دەترسین کە پاتری مۆبایلەکەمان شەحن و بارگەی تێدانەمێنێت و بێ شەحن بمێنینەوە، ئەوا لەبەرامبەر ئەوەدا کەسمان گوێ بەوەنادەین کە تەمەنی پاتری کەم دەبێتەوە یان نا و ئایا پاتری ئامێرەکە دوای ٢ و بۆ ٣ ساڵ چی لێ بەسەردێت. ئەوەی بەلای زۆربەمان گرنگە ئەوەیە کە لەکاتی بەکارهێنانی، ئامێرەکە کاربکات و لە ئیش نەوەستین. کەواتە لەگەڵم بە بۆئەوەی لەمەودوا ئاگاداری پاتری مۆبایل و لاپتۆپەکەت بیت و نەهێڵێت تەندروستی تێکبچێت و لەماوەیەکی کەمدا لە ڕێژەی دیاریکراو توانستی کەمببێتەوە و خۆگرتنی کەمتر ببێتەوە لەوەی پێویستە خۆبگرێت.

بەڕێزان ئێمە لەم بابەتە چەند ڕێنماییەک بۆ ئێوە دەخەینە ڕوو کە چۆن بتوانین پاتری ئامێرەکەمان لە ئاستێکی بەرزبهێڵیینەوە و ڕێگە بگرین لەوەی لەماوەیەکی کەمدا توانستی داببەزێت و لەکاربکەوێت.

بیرمان نەچێت پاترییەکان ژیانێکی هەتاهەتاییان نییە. زۆربەی بەرهەمهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان دەڵێن کە پاتری مۆبایلەکانیان توانستی لە شوێنی خۆی دەبێت هەتا ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ خولی شەحنکردنەوە. بۆ نمونە ئەپڵ بانگەشەی ئەوە دەکات کە پاتری لاپتۆپەکانی لە ١٠٠% دەگاتە ٨٠% ئەگەر پاترییەکە لەسەرووی ١٠٠٠ خولی شەحنکردنەوە بێت واتە ١٠٠٠ جار شەحن کرابێتەوە. هەر لەبەرئەوەیە لەدوای ئەوەی توانستیان دادەبەزێت کەمتر لەسەرەتایی کارکردنیان خۆی دەگرن و کەمتر کاردەکەن.

سەرەتا بەوە دەست پێ دەکەم کە چۆن پاتری ئامێرەکەمان شەحن یان بارگاوی بکەینەوە؟ ئایا پێویستە بیگەیەنینە سەر سفر و پاشان شەحنی بکەینەوە تا ١٠٠%؟

شتێک کە خەڵکی زۆر لێی دڵنیا نییە ئەوەیە کە شتێک هەیە و دەربارەیان بیستووە پێی دەگوترێت Battery Memory Effect.

کەواتە Battery Memory Effect چییە؟

Memory Effect دەربارەی ئەو پاتریانەیە کە توانستی بیرکەوتنەوەی بارگاوی کردنەوەیان هەیە ئەگەر تۆ زۆر جار وات نەکردبێت مۆبایلەکە کوژابێتەوە و دووبارە لە سفرەوە شەحن و بارگاویت کردبێتەوە واتە ئەگەر تۆ بەردەوام مۆبایلەکە بگەیەنیە سەر سفر و پڕی بکەیتەوە تا ١٠٠ ئەوا Battery Memory Effect بەشێوەیەکی دروست ماوەی مانەوەی پاتری ناتونێت دیاری بکات و بەمەش شێوەی ئیشکردنی تێکدەچێت. کەواتە ئەگەر پاترییەک هەمیشە ٢٠% شەحن کرابێتەوە تا ٨٠% ئەوا پاتریەکە ٤٠% کەی بیردەچێت و بەمەش پاتریەکە بەرگەی زیاتر دەگرێت و خولەکانی شەحن کردنەوەی کەمتر دەبێت. لەڕاستیدا ئەمە بڕێک سەیرە بەلامەوە بەڵام تاقیکراوەتەوە و ئەنجامەکەی ڕاست دەرچووە تەنها بۆ پاترییە جۆر کۆنەکانی وەکو (NiMH and NiCd) نەوەکو ئەو پاتریانەی ئێستا لەسەر مۆبایلەکانن و ناسراون بە lithium-ion.

لەڕاستیدا پاتری جۆری lithium-ion  (Li-ion) ئازار بەدەست Memory Effect ناچەژێت و بەڵکەو بەپێچەوانەوەی پاتریە مۆدێل کۆنەکان بکە مامەڵەی لەگەڵ بکە و  ئاساییە زۆر شەحن بکرێت بەڵام نەوەکو لە سبەیەوە تا ئێوارە لەسەر شەحن بێت  و وە زۆریش لێی مەگەڕێ بگاتە سەر سفر باشتر وایە لەسەرووی ٢٠% بێت و بیدەیتەوە لە شەحن.

پاتری بارگاوی و شەحن مەکەوە لە سفرەوە بۆ ١٠٠%

یاسای پاتری جۆری lithium-ion  ئەوەیە زۆربەی کات لەسەروی ٥٠% یان زیاتر بیهێڵیتەوە. کاتێک کە دێتە ژێر ٥٠% ئەوە هەوڵبدە کەمێک بەرزی بکەوە بۆ سەروی ئەو ڕێژەیە. بیرت بێت هەمیشە و هەمیشە هەوڵمەدە پاتری شەحن بکەیتەوە تا ١٠٠% . لەڕاستیدا ئاساییە ئەم کارە بکەیت و ئازار بە مۆبایلەکەت ناگەیەنێت بەڵام کەس زۆری لێ نەکردوویت هەموو چەند کاتژمێرێک بارگاوی و شەحنی تەواوی پاتری بکەیتەوە چونکە ئەمە کاریگەری لەسەر تەمەنی پاتری دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان.

کەواتە باشترین مەودا کە پاتری جۆری lithium-ion تێیدا شەحن بکرێتەوە بریتییە لە ٤٠% بۆ ٨٠% و هەوڵمەدە پاتری ئامێرەکەت باتایبەت هی مۆبایلەکەت بچێتە ژێر ٢٠%.

 

چ کاتێک پێویستە پاتری بەتەواوی شەحن و بارگاوی بکەمەوە؟

شارەزایان پێشنیاردەکەن کە تۆ مانگی جارێک لە سفرەوە بۆ ١٠٠% پاتری مۆبایلەکەت شەحن بکەیتەوە کە ئەمەش بەخولێکی تەواوی شەحن هەژماردەکرێت. ئەم کردارە پاتریەکە دووبارە ڕێکدەخاتەوە و ئەم کردارەش بە ڕیستارتکردنەوەی کۆمپیوتەر چوێندراوە یان وەکو ئەوەی کاتێک مرۆڤێک زۆر ماندووە و ئیتر پشوێک وەردەگرێت و شەحن دەبێتەوە. بۆ زانیاریتان هەمان کار بەسەر پاتری لاپتۆپدا جێ بەجێ دەبێت.

ئایا گونجاوە لە شەودا پاتری شەحن و بارگاوی بکەمەوە؟

زۆربەی مۆبایلە زیرەکەکان بای ئەوەندە زیرەکن کە بارگاوی و شەحنبوونەوە بوەستێنن کاتێک پڕدەبن. کەواتە مەترسییەکی ئەوتۆ لە ئارادانییە کە بێت و مۆبایلەکەت لەشەو تا بەیانی لەسەر شەحن بەجێ بهێڵێت. بەڵام هەندێک لەشارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کەڤەری مۆبایلەکە لە مۆبایلەکە بکەنەوە کە کاتێک لە شەو تا بەیانی لەسەر شەحنی دادەنێن چونکە کەڤەر لەوەیە ببێتە هۆی گەرمبوونی تەلەفۆنەکە و مەترسی گرگرتن و ئەو شتانەی لێ دەکرێت.

ئایا پێویستە خێراشەحنکەرەوەکان Fast Charger بەکاربهێنم؟

زۆربەی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان تایبەتمەندییەکیان هەیە کە ڕێگە بە خێرا بارگاویکردنەوەی مۆبایلەکە دەدات. تەنانەت سامسۆنگ بە تەکنەلۆژیاکەی خۆی دەڵێت Ultra-Fast Charging واتە زۆر بەخێرایی بارگاوی دەکاتەوە. مۆتورۆلا Droid Turboی هەیە و بەڵێنی ٨ کاتژمێر بەتەنها ١٥ خولەک بارگاوی کردنەوە دەدات. هەروەها Rapid Chargerی ئێچ تی سی هەر یەک لە مۆبایلەکانی وەکو ئێم ٨ و ئی ٨ و دیزایەر ئای بە ٤٠% خێراتر بارگاوی دەکاتەوە.

ئەم جۆرە تەلەفۆنانە کۆدێکی تایبەتیان هەیە کە لە چیپێک دانراوە و ناسراوە بە PMIC کە لەگەڵ ئەدابتەری بارگاوی کردنەوە پەیوەندی دەگرێت و داوای وەرگرتنی وزە دەکات بە ڤۆڵتیەیەکی بەرزتر.

ئایفۆن ٦ی ئەپڵ ئەم تایبەتمەندییەی نییە بەڵام PIMC کەی بای ئەوە زیرەکە کە کاتێک بارگاویکەرەوەیەکی توانست بەرزتر بەکاردێنیت بیناسێتەوە بۆ نمونە کاتێک ئەدابتەری بارگاویکەرەوەی ئایپاد بۆ ئایفۆن بەکاردێنیت ئەوا ئەم چیپە ئەم ئەدابتەرە توانست بەرزە دەناسێتەوە و بەخێراتر شەحن و بارگاوی دەکاتەوە و بەمەش بەخێراتر شەحن دەبێتەوە و وەک لەوەی کە ئەدابتەری ئاسایی بۆ بەکاردێنیت. بەڵام ئەوەندەی شارەزایان ئاماژەیان پێی کردووە بەکارهێنانی شەحنکەرەوەی ئایپاد دەبێتە هۆی گەرمبوونی ئەم جۆرە پاتریانە و بەمەش لەوەیە مەرترسی ڕووداوی لێ بکەوێتەوە. هەرلەبەرئەوە، هەرگیز مۆبایلەکەت لە ئۆتۆمبێلێکی گەرم بەجێ مەهێڵە و یان لە نزیک فڕنی و یان هەر شوێنێکی تری هاوشێوە. چونکە ئەم گەرمبوونە کاریگەری لەسەر ماوەی تەمەنی پاترییەکە دەکات. هەروەها بە پێچەوانەشەوە هەرگیز لە کەشوهەوایەکی زۆر سارد بەجێی مەهێڵە وەكو ناو فریزەر یان لەناو بەفر.

ئەگەر بۆتکرا ئەوا خێرابارگاویکردنەوە لەسەر مۆبایلە ئەندرۆیدەکەت بکوژێنەوە بۆ ئەوەی لە مەترسی دووربیت.

ئایا دەتوانم هەر جۆرە شەحنکەرەوەیەک بێت بەکاریبهێنم؟

هەتا بۆت دەکرێت ئەو شەحنکرەوەیە (شاحینەیە) بەکاربهێنە کە لەگەڵ مۆبایلەکەدایە چونکە ئەوە تۆ لێی دڵنیایت و لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنەرەوە بەرهەم هاتووە و کەمترین کێشەی دەبێت. یان ئەگەر شەحنکەرەوەیەکی دەرەکی بەکاردەهێنیت ئەوە دڵنیایی بکەوە کە ئەم بەرهەمە لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنەری مۆبایلەکەت دانی پێدانراوە یان مارکەیەکی دیاری ناو بوارەکەیە. جا ئیتر وریابە جێگرەوەی هەرزان لەبازارەکانی وەکو ئەمازۆن و ئیبەی و بازاڕە ناوخۆییەکان دەست دەکەون بەڵام زۆربەی کات کاریگەری خەراپ لەسەر مۆبایلەکەت بەجێ دەهێڵن و چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە وگڕگرتن لەماوەی ڕابردوو بەهۆی شەحنکەرەوەی خەراپ و بێ کەڵک تۆمارکراون.

دوا ڕێنمایی گرنگ بۆ ئێوەی بەڕێز…

هەرگیز پاتری جۆری lithium-ion کە زۆربەی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ ئەم جۆرە پاتریە بەکاردێنن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ڕێژەی سفر مەهێڵەوە بەڵکو هەوڵبدە لەدەوروبەری ٤٠-٥٠% بەجێی بهێڵە چونکە هەر مانگەی لەوەیە ١٠ بۆ ١٥%ی پاتریەکە داببەزێت کاتێک بەکارناهێندرێن بۆ ماوەیەکی درێژ. ئەگەر تۆ وا بکەیت پاتریەک شەحنەکەی داببەزێت بۆ سفر و بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگوێی بخەی و شەحنی نەکەیتەوە ئەوا ئەم پاتریە بە مردوو هەژمار دەکرێت و لەوەیە شەحن وەرنەگرێتەوە. ئەمە هەرچەندە کەمترین کات هەیە مۆبایلەکانمان بۆماوەیەکی درێژ بەبێ بەکارهێنان لە شوێنێک بەجێبهێڵین بەڵام لەوەیە لاپتۆپەکانمان یان پاوەربانک و هاوشێوەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ بەکارنەهێنین. بۆیە باشتر وایە بەلانی کەمەوە کە بەجێت هێشتن شەحنەکەیان لەسەروی ٥٠% بێت تاوەکو بە پارێزراوی بمێننەوە.

سەرچاوە PcAdvisor

بۆچونی تۆ