مۆبایل و تابلێت
11, كانونی دووهم 2017
هەوادارانی ئەندرۆید کاتی ئەوەیە دانی پێدابنێن کە دەرچەی بیستۆک بە یەکجاری ماڵئاوایی دەکات

بێگومان هەموومان دەزانین ئەپڵ لە ئایفۆن ٧ دا شوێنی بیستۆکی نەهێشت و لەجێگەی ئەوە دەبێت لە شوێنی شەحنکردنەوە تۆ بیستۆک بەکاربهێنیت واتە ئەگەر ویستت مۆبایلەکەت شەحن بکەیتەوە و گوێ لە دەنگ بگریت دەبێت ئەداپتەرێکی دوو سەری بەکاربێنیت. ئەوەتا دوابەدوای ئایفۆن ٧ کۆمپانیاکانی تریش بەخۆیان کەوتن و دەستیان کرد بەلابردنی دەرچەی بیستۆک و نمونەی ئەوەش مۆبایلی HTC Boltـە.
شایەنی باسە، لەدوایین دەنگۆک و زانیارییە دزەپێکراوەکان دەردەکەوێت کە ئێچ تی سی بەنیازە ئەم پێنج شەممەیە مۆبایلێکی نوێ ڕابگەیەنێت و ئەویش وەکو ئێچ تی سی بۆڵت شوێنی دەرچەی بیستۆکی نەبێت. هەر لە میانەی هەواڵە دزەپێکراوەکان دەردەکەوێت کە ئێچ تی سی بەنیازە پاشەکشە بکات لە بەکارهێنانی لاشەی ئەلەمنیۆم و شوشە بەکاربهێنێت و بەچەند ڕەنگی تازە و کەشخە مۆبایلە تازەکەی نمایش بکات.

شایەنی باشە ئەم مۆبایلە لەوەیە ناوبنرێت بە HTC11 لەوەیە ناوبنرێت بە HTC Ocean یان هەر ناوێکی تر کە چاوەڕوان نەکراوبێت. ئەو تایبەتمەندیانەشی کە دزەیان پێکراوە لەسەر ئەم مۆبایلە ئەوەیە کە ڕوونماکەی ٥.٧ ئینج دەبێت و سناپدراگۆنی ٨٢١ لەسەر دەبێـت و ڕامی ٤ و بیرگەی ٦٤ دەبێت.

کەواتە وا وردە وردە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری مۆبایلە ئەندرۆیدەکان هەنگاودەنێن بەرەو لابردنی دەرچەی بیستۆک و بەکارهێنانی دەرچەی شەحنکردنەوەی UCB Type C لەجێگەی ئەوە.
بۆچوونت چییە لەسەر ئەم هەنگاوەی HTC؟ پێت وایە سەرکەوتووبێت؟
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!