بیروڕا 12, كانونی دووه‌م 2017

ئەرک و کاری نوسەریی، نوسین وەکو نوسەرێکی سەرکەوتوو

نوسەر چییە؟ نوسراوەکانی ڕۆژنامەکان، هەواڵەکان، ڕاپۆرت و دەیانی تر لە جیهان کەسێکی تایبەت بەو بوارە دەینوسێت و پێی دەوترێت نوسەر. بێگومان نوسەریی یەکێکە لە کارەکانی ژیان و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کارێکی گرنگ و سەرکەوتووە، به مەرجی ڕەچاوکردنی ڕەوشت و بەهاکانی. نوسەر بڕوای بەو شتە هەیە کە دەینوسێت، وە کە هەوڵی بۆ دەدات بێگومان هەست بە بەرپرسیاریەتی کارەکەی دەکات، له پێشیشیاندا بەرپرسیاری ڕەچاوکردنی پایەکانی نوسەریی.

نوسەر ئەوە نیە بابەتێک یان پێگەکەی پڕ بکات له وشەی تەکنەلۆژی، بەڵکو تەنها ۱ کار دەکات ئەویش ئەو شتەی کە مەبەستیەتی بیکات بە شێوەیەکی ڕەوان و سادە دەریببڕێت و بتوانێت بە وشە مۆدێرنەکان بابەتەکەی سەرنجڕاکێش دەربخات.

بێگومان بڕوا بوون بەو کارەی کە دەیکەیت و پێوەی ماندوو دەبیت له ئاستێکی بەرز خۆی دەبینێتەوە. وە ماندووبوون لەم کارە واتە نوسەریی دەستەواژەیەکی باو و بەربڵاوە، چونکە نوسەری ڕاستەقینە ناهێڵێت هیچ زانیاریەکی بە گوومانەوە بنوسێت، بەڵکو جاری وا هەیە چەند ماوەیەکی زۆر دوادەکەوێت لەنوسینێکی چونکە وێڵ دەبێت بەدوای تەنها یەک وشە و زانیاری نوسراوەکەی.

لە کوردستاندا، نوسراوێکی ڕێکی وەها نیە دابەش ببێت بەسەر پێگەکان بۆ ڕێکخستنی ئەو کارە. بە داخێکی زۆر وا دەڵێم، بەو داخەی کە زیان بە تەکنەلوژیای زانیاری دەکەوێت، وە ئەزموونی کوردستانیش هەر لە شوێنی خۆی دەوەستێت کە ئێستا لە کوردستان نوسەرانی تەکنەلۆژیایی زۆربەی پێگەکان دوور لە هەموو بەندەکان، دەستووری نوسەریان پێشێلکردووە و بەزەییان بە هیچ لایەنێکی نوسەریدا نایەوە. ئێوە بڵێن چۆن؟

یەک لەو بەها سەرەکیەی کە نوسەر دەبێت چاوی لەسەر بێت زانیاریەکانیەتی! ئەو زانیاریەی کە دەدرێت چۆن دەدرێت و چۆن دەردەبڕدرێت؟ ئەو تێبینییەی کە من کردوومە وەکو ئارەزوومەندێک و خوێنەرێک شتانێکی سەیر لە بابەتەکان دەبینم، ئەوەی تێبینیم کردووە لە زۆربەی پێگەکان تەنها خۆ دەرخستنە وەکو نوسەر، نەوەک نوسەری ڕاستەقینە. پێشلێکردنی مافی نوسەری کێشەیەکی بەربڵاوە، ئەوەش بردنی هەموو ماندووبوونی کەسانی ترە و بێ ناوهێنانی شوێنی دیاریکراو یان کەسی دیاریکراو، بێگومان ئەمە لە هیچ ڕوویەکەوە لەگەڵ ڕەوشتەکانی نوسەریی یەک ناگرنەوە!

بەڵام سوپاس بۆ خودا کە کەسانێک هەن بتوانن ئەم بۆشاییە لە کوردستان بە شارەزاییەکەیان و کردارە پڕۆفیشناڵەکانیان پڕ بکەنەوە. من ئەوەندەی کە تێبینیم کردووە و خوێندوومەتەوە تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی کە ناسراوە بە کەی ئای تی ئێن تەواوی ئامانجی نوسەرێتی پێکاوە له پێگەکەیدا، ئەمەش بەو تێبینی و خوێندنەوانەی کە کردوومە بۆ ئەو کارانەی کە تۆڕەکە دەیکات کەوا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە شانیان داوەتە بەر خزمەتکردنی بوارەکە و زمانی کوردی.

با زۆر لەسەر ئەم خاڵە نەڕۆین، وەرن با لە چەند خاڵی داهاتوودا کە لە خوارەوەن، هەوڵێک بدەین نوسەرانی کوردستان بتوانن سوودی لێ وەربگرن.

باسی کار و بنەمای نوسەرییمان کرد، بەڵام باسی ئەو کارەمان نەکرد کە نوسەر دەبێت بیکات.

ئەمە پەیامێک دەبێت بۆ ئەو پێگانەی کە ئەرکی نوسەرییان لە کوردستان قورسترکردووه، بەڵکو هیوایەک هەبێت بۆ ئەوانەی کە مافەکانی نوسەر لە کوردستان قۆرخ دەکەن. هەر وەکو دیاریەکیش بۆیان لە ڕێگەی ئەم تۆڕەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بە ڕەوشت و بنەمای کاری نوسەری زانیاریەکانیان بڵاوبکەنەوە.

باشە نوسەر دەبێت چۆن بێت؟

بێگومان دەبێت قسە و گوفتاری نوسەر دوور بێت لە قسەی نێو بازاڕ و خەڵکانی ئاسایی. چونکە تۆ دەبێت ئەو زانیاریەی کە هەتە، بتوانیت بە شێوەیەکی باش دەریببڕیت و هەم ببێت بە سەرچاوەیەکی ڕێک و پێک بۆ خەڵکی و هەمیش ژێرخانێک بۆ زمانەکەت. وشەیەکی تەکنەلۆژی زانستی وەربگێڕە سەر وشەی کوردی یان سود لە سەرچاوە کوردییە باوەڕپێکراوەکان وەرگرە، ئەمە ئەگەر مەبەستتە و دەتەوێت کوردستان ژێرخانی وشە و ڕستەی تایبەتی هەبێت.

شتێکی گرنگ کە تا ئێستا زۆربەی پێگەکان نازانن مامەڵەی لەگەڵ بکەن خاڵبەندیە. چونکە بێگوومان نازانن ئەو ڕێساکانی خاڵەکانی نوسین چۆنن و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. یاسا و ڕێسای فەرمی بۆ نوسینی وشەکان لە کوردستاندا هەیە، ئەو خاڵە باوانەتان بە پێی هەڵە و تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی خۆم بۆتان ڕووندەکەمەوە کە لە نێو بابەتەکاندا باون هەڵەیەکی زۆریان تێدا دەکرێت، کە ئەو خاڵانە لە چ کاتێک بەکاردەهێنرێن و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

خاڵ ( . ): دەستەواژەیەکی گرنگە بۆ مانای ڕستە، چونکە کۆتایی و دەستپێکی مانا دیاری دەکات، خاڵ لە هەموو شوێنێکی نوسیندا بە کاردێت کە کۆتایی هەموو مانایەک و ڕستەیەک بێت، جگە له دوای دەستەواژەی سەرسوڕمان یاخوود پرسیار. چەند نموونەیەک:

  • یاهوو ماڵئاوایی کرد.
  • کۆمپیوتەرێکی نوێ ڕاگەیاندرا.

نموونەی هەڵەی نوسینی خاڵ:

  • کێ کۆمپیوتەرێکی نوێی ڕاگەیاند؟.

جووت خاڵ ( : ): لە هەر شوێنێک بەکاردێت کە بتەوێت گوزارشتی وشەیەکی پەیوەندیدار بکەیت کە پەیوەندیدارە بە ڕستەیەکەوە، هەروەها بەکاردێت بۆ گێڕانەوەی وتە و دانانی لە پێش وتەی دەرەکی، نمونە:

  • سەردار وتی: دوێنێ لە پێشانگای CES بووم.

بۆر یاخوود فاریزە ( ، ): مانای پشووە لە ڕستەدا، کاتێک تۆ چەند ڕستەیەک دەنوسیت کە دوور و درێژن، ئەوا بۆ جوانکردن و باشتر خوێندنەوە پێویستە تۆ ئەم دەستەواژەیە بەکاربهێنیت، نمونە:

  • زمانی php زمانێکی ئاڵۆزە، بۆ داڕشتنی سیستەم بەکاردێت.

خاڵ بۆر ( ؛ ): بۆ پشوویەکی درێژترە و پێناسی ناوێکە بە کورتی، نموونە:

هاوڕێکانت؛ هەمیشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەردەکەون.

هەرگیز ڕستەکانت تێکەڵ مەکە، بە دانانی بۆشایی (سپەیس) لە پێشی هەر خاڵێک و دەستەواژەیەک، نموونەی هەڵە:

  • دوێنێ مۆبایلێکی نوێ لە کاتی تاقیکردنەوەدا ، تەقیەوە .

نموونەی ڕاست و دروست:

  • دوێنێ مۆبایلێکی نوێ لە کاتی تاقیکردنەوەدا، تەقیەوە.

ئەمانە ڕوونکردنەوەیەکی سادە بوو و ڕوونکردنەوەی ئەو هەڵە باوانەی خاڵبەندی بوو لە زۆربەی پێگەکانی کوردستان. بە هیوام هەموو ئەو کەسانە بیبینن کە تا ئێستاش وەکو نوسەرێکی ڕاستەقینە کاریان نەکردووە، یاخوود ماندووبوونە لە چاولێکەری و بەرانبەرکێ لەگەڵ پێگەی بەرامبەری.

تاگەکان بیروڕا نوسەر
بۆچونی تۆ