ئەندرۆید 22, كانونی دووه‌م 2017

هەموو شتێک دەربارەی کۆنگرەی جیهانی مۆبایلی داهاتوو بزانە “MWC”.

هەوادارانی ڕاستەقینەی ئەندرۆید لە ساڵنامەکانیاندا سێ بەرواریان دەربارەی ڕووداوەکانی تەکنەلۆژیا دیاریکردووە، کە بەروارەکانی سێ ڕووداوە گرنگەکەی سی ئی ئێس و ئیفا و کۆنگرەی جیهانی مۆبایلن، بێگوومان سیستەمی ئەندرۆید بەربڵاوە و هەموو ئەو کۆمپانیا و کۆنگرانە بەرهەمێکی ئەندرۆیدیان بە دڵنیاییەوە هەیە، جا چ مۆبایل بێت یاخوود ئامێری تر بێت.
ڕووداو و پڕۆژەکانی تەکنەلۆژیا لە جیهان کۆتایی نایەن، ئەوەتا دوای پێشانگا گرنگەکەی تەکنەلۆژیا کە سی ئی ئێس بوو، کۆنگرەی کۆمپانیاکان لە گەورەترین ڕووداوی جیهانی مۆبایلە زیرەکەکان دەبەسترێت کە ئەویش کۆنگرەی جیهانی مۆبایلە، کە تەواوی هەوڵ و بەدواداچوونەکانی نووسەر بەدوای خۆی ڕادەکێشێت تاکو زانیاریەکان پێش ڕاگەیاندن و دوای ڕاگەیاندنی مۆبایلەکان نمایش بکات.

کۆنگرەی جیهانی مۆبایل گرنگترین کۆنگرەی نمایشکردنی مۆبایلە نوێیەکانە و سیستەمی ئەندرۆید لەم کۆنگرەیەدا پشکی شێری بەرکەوتووە، هەوادارانی سیستەمی ئەندرۆید بە تامەزرۆییەوه دەڕواننە ئەم ڕووداوە تاکو بزانن کۆمپانیای دڵخوازی خۆیان چ بەرهەمێکی پێشکەوتوویان بڵاوکردووەتەوە. کۆنگرەی جیهانی مۆبایل بەهێزترین ڕکابەری کۆمپانیاکان دەگرێتەوە لە بواری مۆبایلدا، زۆرترین کۆمپانیاکان باشترین مۆبایل پێشاندەدەن، لەم بابەتەدا زۆرترین زانیاری، تەواوی باسەکان بخوێنەرەوە دەربارەی ئەم ڕووداوە گرنگەی جیهانی تەکنەلۆژیا.

کۆنگرەی جیهانی مۆبایل چیە؟ لە کوێ بەڕێوە دەچێت؟

کۆمپانیاکان هەمیشە دووبارە له کۆتاییەکانی مانی ۲ی هەموو ساڵێک دەردەکەونەوە، کۆنگرەی جیهانی مۆبایل هەمیشە لە کۆتاییەکانی مانگی ۲ بۆ سەرەتاکانی مانگی ۳ بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵیش لە بەرواری ۲/۲۷ بۆ بەرواری ۳/۲ لە شاری بارسێلۆنا – ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت و کۆمپانیاکان دەردەکەون، پێش چەند ڕۆژێک لە بەستنی کۆنگرەکان دەروازەی کۆنگرەکان دەکرێنەوە.

کۆمپانیای ئێڵجی: مۆبایلێکی تری “جی”

کۆمپانیای ئێڵ جی بە فەرمی وادەی ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکەی ئاشکرا کردووە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وێنەیەک و ئاماژەدان بە چەند دروشمێک، هەروەکو لە وێنەکەیدا دەردەکەوێت دروشمی زۆرتر ببینە، زۆرتر کارپێبکە هەیە. مۆبایلەکە لە ڕێگای ئەنجامدانی کۆنگرەیەکەوە ڕادەگەیەنرێت کە بڕیارە ٢٦ی مانگی داهاتوو له کۆنگرەی جیهانی مۆبایل ئەنجامی بدات،

ئێڵجی خاوەن پێگەیەکی گرنگە لە کۆنگرەکاندا، بەهۆی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی کە خاوەن تایبەتمەندیەکی باشن، بە پشتبەستن بە کۆنگرەی ساڵی ڕابردووی ئێڵجی چاوەڕوان دەکرێت نەوەیەکی نوێ لە زنجیرەی “جی” ڕابگەیەنێت، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ئەو مۆبایلەی کە ئێڵجی ڕایدەگەیەنێت ناوی LG G6 بێت و خاوەن تایبەتمەندییەکی بەرز بێت، پێشبینیش دەکرێت کە ببێتە یەکەمین مۆبایل کە شاشەیەک بە ڕوونی کواد ئێچدی لەخۆبگرێت بە پانتاییەکی فراوان لە جۆری ۱٦.۹ و بە وردی پێکسڵی ۳۲۰۰×۱٨۰۰، ئەوەش نزیکەی چوار جار ڕوونترە لە جۆری HD+. زیاتر دەربارەی ئەم مۆبایلە بخوێنەرەوە کرتە بکە.

کۆمپانیای سامسۆنگ: گالاکسی ئێس ٨

سامسۆنگ هەمیشە بەرهەمە تایبەتمەند بەرزەکانی لەم کۆنگرەیەدا نمایشدەکات. سامسۆنگ ئەمساڵ چەند مۆبایلێکی نوێی زنجیرەی A ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا بەرهەمی سامسۆنگ بۆ ئەمساڵ تەواو نەبووە، ئەوەتا گرنگترین بەرهەمی خۆی لە مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنێت کە بەرهەمی گالاکسی S8ـە. چاوەڕوان ئەکرێت کاتژمێر ۷ی ئێوارە و لە بەرواری ۲٦/۲/۲۰۱۷ سامسۆنگ مۆبایلە نوێیەکەی نمایش دەکات. چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کاتی فرۆشتنیشی لە سەرەتاکانی مانگی چوار بێت.

پێشبینی ئەکرێت سامسۆنگ باشترین بەرهەمی مۆبایلی خۆی له مێژووی خۆیدا نمایش بکات، لە ڕابردوو زانیمان ئابوری سامسۆنگ لە دابەزین بوو، بەهۆی ئەو زیانانەی کە لەلایەن مۆبایلی نۆت ۷ـەوە بەری کەوت، بەمەش لەوانەیە سامسۆنگ بیەوێت قەرەبووی هەوادارانی بکات بە بەرهەمە باشەکەی. ئەو باسانەی بۆ مۆبایلی سامسۆنگ گالاکسی ئێس ٨ دەکرێت لە تایبەتمەندی بەرزتر و داهێنانی بەرزتر لە جاران خۆی دەبینێتەوە.

دەربارەی نرخی گالاکسی ئێس ٨ پێدەچێت سامسۆنگ نرخی مۆبایلەکە زۆر بەرز نەکاتەوە، بە شێوەیەک کە هەمان نرخی نەوەکانی پێش خۆی هەبێت یاخوود بە بڕێکی کەم زیاتر بێت. کە نرخەکەی کەمتر دەبێت لە ٨۰۰$، یاخوود زیاتر بێت بەهۆی جۆری فراوانی بیرگەکانەوە.

بۆ ڕوونمای Galaxy S8 Edge چەماوە دەبێت و لە گەورەترین ڕوونماکانی مۆبایل دەبێت، کە ٦.۲ ئینجە. لە گرنگترین تایبەتمەندیەکانی ڕوونما باسی ڕوونی 4k دەکرێت بۆ مۆبایلەکە. زانیاری زیاتر بخوێنەوە کرتە بکە.

کۆمپانیای سۆنی: مۆبایلێکی تری زنجیرەی ئێکس

کاتی کۆنگرەی سۆنی ۲۷ی مانگی داهاتوو دەبێت دوای کۆنگرەکەی مۆتۆرۆلا و سامسۆنگ و ئێڵجی کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممە. دەروازەکانی پێشوازی کۆنگرە لە کاتژمێر ٨:۱٥ دەکرێنەوە و کۆنگرەکەش دوای پازدە خولەک لە پێشوازی کردن دەستپێدەکات… سۆنی هەمیشە سوپرازی هەیە، مۆبایلەکانی سۆنی لەم کۆنگرەیەدا تایبەتمەندیان بەرزە و ئەمساڵیش مۆبایلی نوێ ڕادەگەیەنێت. ساڵی ڕابردوو سۆنی سێ مۆبایلی جیاوازی ڕاگەیاند کە تا ڕادەیەک جێی دڵخوازی خەڵکبوون، ئەمساڵیش ئەوەی کە دەربارەی ئەو مۆبایلەی سۆنی دەوترێت خاوەن تایبەتمەندیەکی باشە. ئەو مۆبایلەی سۆنی کە باس دەکرێت تایبەتمەندیەکانی دزەپێکراوە، هەندێک لە تایبەتمەندیەکانی کە لە وێنەیەکدا ئاماژەی پێکراوە بریتی دەبن لە ڕامێکی ٤ گێگابایت، ڕوونمایەکی ۱۰٨۰×۱۹۲۰ پێکسڵ و پڕۆسێسەری مێدیاتێک هیلیۆ P20.

کۆمپانیای شاومی: مۆبایلێکی نوێی ئاستبەرزی می

جگە لەو کۆمپانیایانەی کە باسکران، شاومیش بەژدار دەبێت، زانیاری زۆر نیە بەڵام پێگە و باسەکان دەڵێن کە شاومی مۆبایلی می ٦ نمایش دەکات. لەوانەشە وا نەبێت، شاومی ساڵی پار مۆبایلی ئی ٥ی نمایشکرد، بە دڵنیاییەوە چاوەڕێی جۆرێکی مۆبایلی نوێی FlagShip له شاومی دەکرێت، ئەو مۆبایلەش می ٦ دەبێت.

کۆمپانیای هواوی: مۆبایلی نوێی پی ۱۰

ساڵی ڕابردوو هواوی لە پێشانگای سی ئی ئێسدا مۆبایلی هواوی مەیت ٨ی ڕاگەیاند، وە مۆبایلی مەیت ۹ش هێنده نیە ڕاگەیاندراوە.. کەواتە ئەمە مانای ئەوەیە هواوی پێویستە لەم کۆنگرە مۆبایلێکی تری ئاستبەرز لە زنجیرەیەکی تر ڕابەگەیەنێت، هەروەکو لە بابەتی پێشووماندا ئاماژەمان پێیداوە، زنجیرەی پی مۆبایلە ئاستبەرزەکانی هواوی دەگرێتەوە، ڕۆڵی هواویش لەم کۆنگرەیەدا گرنگە، ساڵی پاریش هواوی لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل مۆنیلی پی ۹ی ڕاگەیاند، بۆیە ئەم هۆکارانەوە دڵنیایی دەدات بە هەواداران کە هواوی مۆبایلی پی ۱۰ ڕادەگەیەنێت.

کۆمپانیاکانی مۆبایل زۆرن، هەموو کۆمپانیا ناودارەکانی جیهان لە مۆبایلدا بەژداری دەکەن، جگە لەو کۆمپانیایانەی کە ناوبران، هێشتا کۆمپانیاکانی تریش ماوە، ئەوەتا لە خوارەوەش کۆمەڵە زانیاری و کۆمپانیایەکی تر هەیە!

کۆمپانیای نۆکیا: هیوایەکی تر، یاخوود نا؟

نۆکیای بریندار ئەمساڵ گەڕایەوە، دەیەوێت بەرهەمەکانی نمایشبکات، لە ڕابردوودا مۆبایلی نۆکیا ٦ی نمایشکردووە کە تا ڕادەیەک وای لە هەوادارانی کردووە بڕوا بکەن کە نۆکیا گەڕاوەتەوە. جگە لەوە مۆبایلەکەی سەرکەوتنێکی باشی تۆمار کردووە.

بەرهەمی نوێی نۆکیا کە ماوەیەکی زۆرە باسی لێوە دەکرێت مۆبایلی D1Cیە، هەواداران ئێستا وا بڕوایان هێناوە کۆمپانیاکەیان گەڕاوەتەوە و بەرهەمی باشی ئەبێت. بەڵام ئەوەی باسکراوە تایبەتمەندیەکانی مۆبایلەکە هێندە بەرز نین، باشە نۆکیا بە نیازی چی بێت، هیوادارین جێی بڕوای هەوادارانی بێت.

کۆمپانیای ئێچ تی سی: مۆبایلێکی ئاستبەرزی نوێ

لە بابەتی پێشووماندا ئەوەمان باسکرد کە ئێچ تی سی بەرهەمێکی ئاستبەرزی ئەبێت، هەروەکو ساڵی پار لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا.. ئێچ تی سی ۱۱ یاخوود نا؟ زۆرێک دەربارەی ئێچ تی سی نوێ دزەی پێکرا، زانیاری زۆرتر بخوێنەرەوە کرتە بکە.

لینۆڤۆ مۆتۆ: مۆبایلی مۆتۆ جی ٥ پڵەس

پێشتر وا پێشبینی کرابوو که ئەم مۆبایلە لە پێشانگای سی ئی ئێسدا نمایشدەکرێت، بەڵام پێچەوانە. دووبارە باسی ئەم مۆبایلە هاتووەتەوە کاوە و چەند وێنەیەکی دزە پێکراوه:

هێشتا کۆمپانیاکانی تریش ماون، وەکو ئەسوس و زێد تی ئی، بەڵام زانیاریەکی ئەوتۆ نیە لەسەر ئەو کۆمپانیانە، بێگوومان دوای چاوەڕوانیەکی کەم هەموو بەرهەمەکان دەبینین.

تاگەکان ئەندرۆید MWC 2017
بۆچونی تۆ