ئامێرە هەمەجۆرەکان 2, شوبات 2017

سامسۆنگ مۆبایلی گالاکسی ئێس هەشت لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا ڕاناگەیەنێت!

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نزیکتر دەبینەوە لە چالاکی و کۆنگرەی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهان لە میانەی پێشانگای کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (MWC 17)، ئەویش بۆ نمایشکردنی نوێترین و پێشکەوتووترین ئامێرەکانیان و ڕاکێشانی سەرنجی ئامادەبووانی پێشانگایەکە. دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا کۆمپانیای سامسۆنگ بەشداربوونی خۆی لە پێشانگاکە دووپات کردەوە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وێنەیەک کە ئاماژە بە تابلێتێکی نوێ دەدات، بڕیاریشە سامسۆنگ کۆنگرەکە لە ٢٦ ی ئەم مانگەدا ساز بکات.

بەڵام ئەمەیان بۆ زۆربەمان چاوەڕوانکراو نەبوو، چونکە ساڵانی ڕابردوو کۆمپانیاکە لەم پێشانگایەدا نوێترین و پێشکەوتووترین مۆبایلی خۆی ڕادەگەیاند، هەروەکو ساڵی پار کە لە پێشانگاکەدا پێشکەوتووترین مۆبایلی خۆی بە ناوی (گالاکسی ئێس حەوت) ڕاگەیاند. بەڵام بۆ ئەمجارەیان، سامسۆنگ دەیەوێت لە پێشانگاکەدا تەنها تابلێتێک ڕابگەیەنێت و مۆبایلە نوێیەکەی بخاتە کاتێکی درەنگترەوە، ئەمەش بۆ تەرخانکردنی کاتێکی زیاتر و بوونی دەرفەتێکی تر بۆ زیاتر پەرەسەندن بە مۆبایلەکە.

بەپێی هەواڵی پێگەی (Korea Herald)، مۆبایلی نوێی سامسۆنگ کە (گالاکسی ئێس هەشت)ـە لە کۆتایی مانگی سێی ئەمساڵدا ڕادەگەیەنرێت، بەڵام سامسۆنگ دەیەوێت لە کۆنگرەکەی خۆیدا لە پێشانگای کۆنگرەی جیهانی مۆبایل، لە ڕێگای نیشاندانی کورتە ڤیدیۆیەکی بانگەشەیی زیاتر سەرنجی ئامادەبووان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئاماژە بە چەند شتێکی بچووکی ئێس هەشت بدات.

گالاکسی ئێس هەشت، ئەو مۆبایلە نوێیەی سامسۆنگە کە چاوەڕێی تایبەتمەندی هەرە بەرز و پێشکەوتووی لێدەکرێت و پێشبینی دەکرێت کە سامسۆنگ لەو مۆبایلەدا شۆڕشێکی نوێ بەرپا بکات، ئەویش بە گۆڕینی شێوەی تەواوی مۆبایلەکە و لادانی دوگمەی سەرەتای مۆبایلەکە، هەروەها جێگرتنەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر شاشەی مۆبایلەکەدا.

سەرچاوە :
تاگەکان MWC MWC 2017 سامسۆنگ
بۆچونی تۆ