ئەپ و نەرمەکاڵا 2, شوبات 2017

ڤایبەر تایبەتمەندی پەیامی نهێنی و پەیامی ڤیدیۆیی خێرای ڕاگەیاند

ڤایبەر بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بە مەبەستی زیاتر پاراستنی بەکارهێنەران و پارێزگاری کردن لە پەیامە تایبەتییەکانیان، ئەمجارەشیان تایبەتمەندییەکی نوێی بە ناوی (پەیامی نهێنی) ڕاگەیاند، تیایدا بەکارهێنەر دەتوانێت کاتێک بۆ ئەو پەیامە دابنێت کە دەیەوێت بینێرێت بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی، پەیامەکەش ڕاستەوخۆ دوای ئەو کاتە و بینینی لەلایەن کەسی بەرامبەرەوە، دەسڕێتەوە.

ئەم تایبەتمەندییە ڕێگات پێ دەدات کە پەیامەکەت تەنها بۆ کاتێکی زۆر کەم بۆ کەسی بەرامبەر بنێریت و دوای ئەوەی کە سەیری کرد ئەوا ڕاستەوخۆ پەیامەکە دەسڕێتەوە و توانای گەڕاندنەوەی نابێت. هەر لە پاڵ ئەمەشدا، ڤایبەر تایبەتمەندییەکی تری بە ناوی (پەیامی ڤیدیۆیی خێرا) ڕاگەیاند، تیایدا بەکارهێنەر دەتوانێت پەیامێکی ڤیدیۆیی ٣٠ چرکەیی تۆماربکات و ڕاستەوخۆ بینێرێت بۆ کەسی مەبەست.

لە ئێستادا ئەم دوو تایبەتمەندییە بەردەستە بۆ بەکارهێنەران و دەتوانن لە ڕێگای نوێکردنەوەی ئەپەکە لە کۆگاکانی گوگڵ پلەی و ئەپ ستۆر سوود لە تایبەتمەندییەکان ببینن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ