بیروڕا

ترەمپ گوێز لەهەنبانی خۆی دەژمێرێ!

لەڕاستیدا من ئیشم بە ترەمپ نییە بەڵام کە بێتە سەر بابەتی تەکنەلۆژی ئەوە بێگومان قسەی خۆم دەبێت و ئاشکرایشە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و لە پێشتریش بڕیارە سەیرەکانی ترەمپمان گوێ لێبوە و هەندێکیشی هەر لەگەڵ دەستپێکی کارەکانی جێبەجێ کردووە و یەکێک لەو بڕیارانەی ئێستای قەدەغەکردنی هاتنەژوورەوەی کۆچبەر و بەنابەری ٧ وڵاتە و عێراقیش یەکێکە لەوانە. شایەنی باسە هەر لەگەڵ ئەم بڕیارە ئیتر بواری تەکنەلۆژیا بەتەواوی کەوتە ژێر پرسیارەوە و چەندان بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری کۆمپانیا گەورەکان بیرورای خۆیان لە جریوەی تویتەر بە ١٤٠ پیت دەردەبڕی و دژی ئەو بڕیارەی ترەمپ وەستانەوە چونکە بیرمان نەچێت لایەکی ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا لە ئەمریکان لەلایەن کۆچبەرانەوە دامەزرێندراون و بەڕێوەدەبرێن! هاوپێچ بریتییە لە وێنە و ناوی كۆمەلێك كۆچبەر كە دامەزرێنەر و خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێكارن لە ئەمریكا هەندێكیان ماوون و هەندێكیشیان كۆچی دواییان كردووە.

ئەوەی من مەبەستمە لەم وتارەم باسی بکەم ئەوەیە کە ترەمپ یان خۆی بێ ئاگا دەکات یان لەبنچینەدا بێ ئاگایە لەوەی ئەوە هەر کۆچبەرەکانن ئەمریکایان دروست کرد و ئێستاش ئەو کۆمپانیایانەی هەموو ئەمریکا و بگرە جیهانیش شانازیان پێوە دەکەن لەلایەن کۆچبەرەکانەوە دامەزرێندراون وگەشەیان پێدراوە و گەیشتوونەتە ئەمڕۆ.

ترەمپ بیری چۆتەوە کە سێیەکی سەرۆک و بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی سیلیکۆن ڤالی* لە ئاسیا و باشووری ئاسیا و چەندان شوێنی تری درەوەی ئەو وڵاتە هاتوون.

ترەمپ ئاگای لەوە نییە ستیڤ جۆبز لە باوکێکی موسڵمانە و خەڵکی سوریاییە بە ئەسڵ و کاتی خۆی لە ئەمریکابووە و بەبێ ستیڤیش لەوەیە ئەمڕۆ نە ئایفۆن و نە ماک و نە ئایپاد و نە چەندان ئامێری ترت نەبینیایە.

هەر ئەوەش نا بەڵکو چەندین خزمەتگوزاری تری وەکو ئیبەی و تیندەر و درۆپ بۆکس و هتد لەلایەن خەڵکی بە ئەسڵ ئێرانی دامەزرێندراون و گەشەیان پێدراوە. بۆ ڕاستی ئەو بابەتە دەتوانیت گووگڵی بکەیت و بگەڕێیت.

هەروەها سێرگەی برەین کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گووگڵ لە بنچینەدا پەبانبەرێک بووە کە بە ئەسڵ خەڵکی یەکییەتی سۆڤییەتی ئەو کات بووە و ئەمە جگە لەوەی سەرۆکی ئێستای گووگڵ کە ناوی سەندار پیتشایە بە ئەسڵ خەڵکی هیندستانە و ئەویش کۆچبەرێکە. کەواتە ترەمپ پێدەچێت ئاگای لەخۆی نەبێت و بە ڕقەوە بڕیار هەڵڕێژێتە سەر کاغەز!

شتێکی تر کە بەڕاستی نابێت کەسمان لەیادمان بچێت ئەویش ساتیا نادێلای سەرۆکی ئێستای مایکرۆسۆفتە کە ئەویش بە ئەسڵ هیندییە و خەڵکی هیندستانە و بێگومان بەبێ بیرۆکە نایابەکانی ئەو ئێستا بێ بەش دەبووین لە چەندان خزمەتگوزاری کە ئێستا بوونیان هەیە بۆ نموونە ئەپە نایابەکانی مایکرۆسۆفت بۆ ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید کە ئیشەکانی ئێمەی چەند جار ئاسانتر کردووە.

بەپێی توێژینەوەیەک بێت لە ساڵی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٥ ئەوا لە ٥٢%ی کۆمپانیاکانی سیلیکۆن ڤالی لەلایەن کۆچپەرانەوە دامەزرێندراون و دۆزراونەتەوە.

لەکۆتایدا دەڵێم ئەگەر کۆچبەر نەدەبوون ئەوە ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دەرکەوتن و سەریان هەڵدا چاومان پێ نەدەکەوتن و ئەمریکاش ئەو ئەمریکایە نەدەبوو کە ئەمڕۆ ترەمپ بە ئارەزووی خۆی بڕیار لە دژی ئەو کۆچبەرانە دەردەکات کە ئەمریکایان گەیاندۆتە ئەمڕۆ!

*سیلیکۆن ڤالی: نازناوێکە بۆ ناوچەی باشووری سانفرانسیسکۆ و دەکەوێتە باکوری کالیفۆرنیا و زۆرترین کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆچیا لە ئەمریکا کەوتوونەتە ئەم ناوچەیە.

سەرچاوەی داتاکان: ماشەبڵ و ئەی جەی پڵەس و ویکیپیدیا

6 شوبات، 2017
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا وەرگێرم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
724